ئەمەریکا و عەقڵی کورتخایەن لە عێراقدا

AM:09:50:03/01/2024 ‌
ئێمە وەک کورد و تەنانەت زۆربەی گەلانی رۆژهەڵاتی /مەبەستم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە/ بەجۆرێک سەیری جیهانی رۆژئاوا و لە سەروویانەوە ئەمەریکا دەکەین، وا دەزانین بە دەرن لە هەڵەوپەڵە، هەموو سیاسەت و ستراتیجێکیان راستە و عەقڵێکی درێژخایەنی مێژوویی پاڵپشتی بڕیار و بەرنامەکانیان دەکات. تەنانەت ئەو کاتەیش بە زەقی دیارە هەڵەیان کردووە و خۆیشیان ددانی پێدا دەنێن، ئێمە هەر لە تێڕوانینی خۆمان بەرانبەر بەوان ناکەوین و پاساو لە دوای پاساو ریز دەکەین بۆ ئەوەی وا پێشانی بدەین كە ئەمەریکا شتێکی پێیە و بێ بەرنامە ئەم بڕیارەی نەداوە، پەلە مەکەن ئەوە پلانی خۆیانە، لە کۆتاییدا هەموو شتێک چاک دەکەنەوە و رووداوەکان لە قازانجی خۆیان دەشکێنەوە، بەڵام ئەم روانگەیە لەگەڵ مێژوو و واقیعی سیاسەتی ئەمەریکادا ناگونجێت، ئەوانیش وەک هەموو زلهێزەکانی تر هەڵە دەکەن، بگرە هەڵەکانیشیان زۆر زەقترن. 

لە شەست و حەفتاکانی سەدەی رابردوو، بە هەموو هێز و توانایانەوە چوونە شەڕی ڤێتنامەوە، زیاتر لە 57 هەزار سەربازیان کوژرا، کەچی  لە کۆتاییدا بە شکست ئەو وڵاتەیان بۆ نەیارەکەیان چۆڵ کرد. جێی خۆیەتی بپرسین بۆ وا بوو؟ لەبەر چەند هۆکارێک، ئەمەریکا بەهێزترین وڵاتی ئێستەی جیهانە، هەربۆیە وا هەست دەکەن بە هێزی رەق و سەخت و لۆجیکی ملهۆڕی و بێ پلان دەتوانن هەموو شتێک چارە بکەن. بەڵام ئەم هێزە ئەگەر پشت ئەستوور نەبێت بە هێزی نەرم، زۆرجار کارەکانیان شکست دێنن. 

ئەمەریکا نەهات ڤێتنام وەک خۆی بخوێنێتەوە، باری سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجیای ئەو خەڵکە وەک خۆی لێک بداتەوە، لە بری لێکدانەوەی واقیعی ئەو وڵاتە، هەروەها رەچاوکردنی هاوسەنگی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و مێژووی دوور و نزیکی، تەنیا بەپێی حەز و پێوەری خەونەکانیان سەیری دۆخەکەیان کرد. لەبری پلان و ستراتیجی کورتخایەن و درێژخایەن، تەنیا پلانی خەیاڵاوی و هێزی سەربازیان بەکارهێنا. ئەوەبوو پاش ماوەیەک بۆیان دەرکەوت ڤێتنام ناناسن، پلانەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ناگونجێت، خاوەنی روانگەیەکی درێژخایەنی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن نین. بە پێچەوانەوە ڤێتنامیان لێ بوو بە زەلکاو و بە پەلەپەل لێی دەرچوون و هەڵهاتن.

ئەمەریکایش وەک زلهێزەکانی تری جیهان، زۆرجار وانە لە مێژوو فێر نابێت و دووپاتی دەکاتەوە. لە سەرەتای ئەم هەزارەیەشدا جارێکیتر هەمان هەڵەیان دووبارە کردەوە. گوایە دەیانەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە دروست بکەن و ئەم ناوچەیە بکەن بە دیموکراسی، سەرەتا لە ئەفغانستانەوە دەستیان پێ کرد و پاشان عێراقیان داگیر کرد.

چل ساڵ پێش لەشکرکێشی و بەجێهێشتنی ڤیتنام، ئەمجارەیش بەهەمان شپرزەییەوە هاتنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کۆمەڵە بەرنامەیەکەیان دانابوو زۆربەیان لە خەون دەچوون، هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ راستی ئەم ناوچەیەدا نەبوو. "ئەفغانستان دەکەین بە مەڵبەندێکی دیموکراسی"، ئەوەی تۆزقاڵێک ئەفغانستان بناسێت، دەزانێت بە دیموکراسیکردنی ئەو وڵاتە یان مەحاڵە یان پێویستی بە دەیان و بگرە سەتان ساڵ هەیە. دیموکراسی هەر لە بنەڕەتدا دیاردە و پرۆسەیەکی درێژخایەنە و بە بڕیار دروست نابێت. ئەوە بوو ئەمەریکا پاش 20 ساڵ ئەفغانستانی نەکرد بە دیموکراسی، جارێکیتر بێ هیچ بیانوویەک و بە پەلە پەل بەجێیانهێشت و رادەستی ئەو تیرۆریستانەیان کردەوە كە سەرەتا بۆ شەڕی ئەوان هاتبوونە ناوچەکەوە.

ئەم سیاسەتە لە عێراقدا زۆر زیاتر رەنگی دایەوە، گوتیان عێراق دەکەن بە دەوڵەتێکی دیموکراسی، فیدڕاڵی، سیکۆلار، بە جۆرێک توندڕۆیی ئاینی و تیرۆر و بیری تایفی جێی تێدا نەبێتەوە، ئەم وڵاتە نموونە دەبێت بۆ ناوچەکە، پێوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ رۆژئاوادا دەبێت و بریکاری شارستانیەتی ئەوان دەبێت لە ناوچەکەدا.

ئێستە سەیرێکی عێراق بکەین تا رادەیەکی زۆر هیچ کام لەم بەرنامانەی تێدا جێبەجێ نەکرا. عێراق بووە  بە دیکتاتۆری زۆرینەی تایفی، پشتی لە بنەماکانی فیدراڵی کردووە، دەسەڵاتەکەی رۆژ دوای رۆژ ئاینیتر دەبێت، توندڕۆیی ئاینی و تیرۆریزم بناغەی دەسەڵاتەکەیەتی، لە وێرانی و دواکەوتووییدا بووە بە نموونەی ناوچەکە و بە زۆر و گوشاریش نەبێ لە بەرەی رۆژئاوادا نامێنێتەوە. ئەوە هیچ دۆخەکە سەتا سەت پێچەوانەی روانگە سەرەتاییەکەی ئەمەریکایە، بەشی زۆری ئەم دۆخەیش هەر ئەمەریکا خۆی کارئاسانی بۆ کردووە. 

هەر لە 2003 تا ئێستە ئەوەی دۆستی ئەمەریکا بووە، لەوانە: کورد، شیعەی سێکۆلار و سوننە لە عێراقدا، بەدەستی کۆشکی سپی لە گۆڕەپانەکەدا لاواز و کەم کاریگەر کراون. رێیان بۆ هێزە تیرۆریست و تایفییەکان کردووەتەوە دەسەڵات کۆنتڕۆڵ بکەن. کورد لە کەرکووک دەردەپەڕێنن و دەیدەن بە دەستی کۆمەڵە هێزێکەوە كە ئێستە درۆن دەگرنە ئەمەریکا و هێزەکانیان تەنگاو دەکەن. باشە ئەمە گەر هێمای شپرزەیی لە بڕیاردان و تێروانینی کورتخایەن و نەبوونی عەقڵی درێژخایەن نییە، ئەی چییە؟    

لەمە زیاتر لەسەر ئەمە ناڕۆم، لێرە بەدواوە بە خێرایی دەرگایەکی تر دەکەمەوە. ئێمە ئەمەریکا بەم هەموو شپرزەییەوە بە دەر لە هەڵەوپەڵە دەبینین، چی روو دەدات؟ مرۆڤی سیاسی و کۆمەڵگەکان کاتێ خوویان بەم روانگەیەوە گرت، لە روانگەی رەخنەیی بەرانبەر بە ئەمەریکا و سیاسەتەکانی دادەماڵرێن و لەمەیش خراپتر ناتوانن خۆیان بۆ دەرئەنجامە خراپەکانی سیاسەتە هەڵەکانی ئەمەریکا ئامادە بکەن و لە پڕێکدا ئەو دەرئەنجامانە بەرۆکی ئەمانیش دەگرێت و لەو کاتەدا ئیدی لەبەرئەوەی دەرفەت نەماوە، ناتوانن قەیرانەکان کۆنتڕۆڵ بکەن و بە باشی ئیدارەی بدەن، ئەمانیش وەک ئەمەریکا بگرە زیاتریش، تووشی زەرەر و زیان دەبن.

کورد نزیکی 20 ساڵە نموونەی ئەم راستییەیە. بە بەردەوام وا دەزانێت ئەمەریکا پلانێکی گەورەی پێیە یان هەڵە ناکات یان ئەگەر هەڵەش بکات لە کۆتاییدا هەموو هەڵەکانی چاک دەکاتەوە. ئەوەندە بە گەشبینییەوە سەیری رووداوەکان دەکات. دیوە مەترسیدارەکان نابینێت کە مەترسیش بەرۆکی گرت، لە دوا ساتەکاندایە، کات بۆ ئیدارەدانی قەیرانەکە نەماوە. 

لەم رۆژانەدا جارێکیتر ئەم دۆخە زۆر لە لای کورد لایەنگری بۆ پەیەدا بووە. زۆر کەس وەک 20 ساڵی رابردوو دەڵێن، میلیشیاکان سەری عێراق دەخۆن و ئەمەریکا بەرپەرچیان دەداتەوە و سەرلەنوێ کورد بەهێز دەکرێتەوە. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمەریکا نەک بۆ کورد هەروەها بۆ عێراقیش هیچ پلانێکی درێژخایەنی نییە، بە تەکتیکی رۆژانە دەژی. ئەوانەی لە ناوەندی بڕیاری کوردن، لە بری ئەوەی وەبەرهێنان لەسەر ئەم خەونە بکەن، چاکترە خۆیان بۆ گەڕێکی تری پەلهاویشتنی دەسەڵاتی ناوەندی و لە هەمانکاتدا بێدەنگی ئەمەریکا ئامادە بکەن. لە بری ئەوەی چاوەڕێ بکەن ئەمەریکا ئەم هێزانە کۆنتڕۆڵ بکات، با خۆیان بۆ ئەوە ئامادە بکەن ئەم هێزانە وەک 20 ساڵی رابردوو بە پاڵپشتی ناوچەکە بە شێوازی جۆراوجۆر دێنە سەر کورد و ئەمەریکایش دەستوەستان و بێ پلان لە سووچێکدا سەیری ئێمە دەکات.

ئەمەریکا بە گشتی و ئەمەریکای ئەم سەردەمە بە تایبەت، هی ئەوە نییە چاوەڕێی راستکردنەوەی هەڵەکانی لێ بکرێت. ئەوان خوویان بە هەڵەوە گرتووە و تامەزرۆی عەقڵی کورتخایەنن کە تەنانەت بەرژەوەندییەکانی خۆیشیان دابین ناکات، چ جای بگات بە بەرژەوەندی دۆستەکانیان، لەوانە کورد.