بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت كورد یه‌كێك له‌و نه‌ته‌وانه بووه كه مه‌رگی به شێوازانی جۆراوجۆر ئه‌زموون كردووه، وه‌ك هه‌ندێ له شاعیره بیانییه‌كان ده‌ڵێن، كورد ئه‌و گه‌له‌یه كه هه‌موو جۆر مه‌رگێكی تاقی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ر به پێوه وه‌ستاوه و نه‌شمردووه، ڕاستییه‌كه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی مه‌رگ له ناو گه‌لی كورددا به‌ر له هه‌ر شتێك، سه‌پاندن و دابارینی مه‌رگ و كاره‌سات بووه، تاقیكردنه‌وه چه‌مكێكه كه زیاتر هه‌ڵگری بژاردهكردن و ده‌ستنیشانكردنه، به‌ڵام شیوازه‌كانی مه‌رگ بۆ سه‌ر كورد، هه‌ر هه‌مووی سه‌پێنراو بوونه هه‌ر له ڕاگواستن و ڕه‌قبوونه‌وه له ناو به‌فر و گیاندان له ناو گه‌رمادا، تا زینده‌به‌چاڵكردن و ئه‌نفال و پاكتاوكردن و كیمیایی و تا شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا.
هه‌مووی ئه‌مانه سه‌رله‌به‌ر سه‌پێنراو و جه‌برێكی ده‌ره‌كی له‌لایه‌ن ئه‌ویدیی گه‌وره و داگیركه‌ر بووه، كورد هیچ كات وه‌ك ئه‌كتێكی بژاردهكارانه و به‌پێی هه‌ڵبژاردنێكی خۆبه‌خۆ به‌ره‌و ڕووی مه‌رگ و مردن نه‌ڕۆیشتووه، چونكه گه‌لێك بووه شه‌یدای ژیان و ژین بووه، ڕاسته ئێمه زۆر مهرگهساتمان ئه‌زموون كردووه، به‌ڵام نه‌ریته‌كانی ئێمه و فولكلۆر و فه‌لسه‌فه‌ی زاره‌كیمان، هه‌مووی داكۆكیكردنه له ژیان و خۆشه‌ویستی بۆ ژیان و بوون و مانه‌وه، ته‌نانه‌ت به‌یت و فولكلۆره كوردییه‌كان له ڕه‌شترین چركه‌ساته‌كاندا، هه‌ر هیوایان به ژیان و مانه‌وه و بوون هه‌یه. ژیندۆستی گه‌وره‌ترین میكانیزمی بهپێوهمانهوهی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه له مێژوودا و له سه‌رانسه‌ری سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌تایبه‌تی.
ده‌روونناسێكی وه‌ك زیگمۆند فرۆید، ئاره‌زوو و لێخوڕهكانی ئیرۆس (ژیاندۆستیEros-) و تاناتۆس (مه‌رگدۆستیThanatos-) به دوو ئاره‌زوو و پاڵنه‌ری سه‌ره‌كیی مرۆڤ داده‌نێت، له ململانێی نێوان ئه‌م دوو ئاره‌زوو و پاڵنهرهدا، خواستی ئیرۆس له ناو گه‌لی كورددا زاڵ و زه‌قه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌كانی به هه‌ڵپه‌ڕكێ، هه‌وڵ بۆ سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی كاره‌سات، كۆڵ نه‌دان، هیوا بۆ داهاتوو، ڕۆحی خۆڕاگری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ دوژمن و... ده‌یان نیشانه‌ی تر ده‌ناسرێته‌وه، زۆر جێی ئومێده كه پاش ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌ساته وره و خواستی كورد بۆ ژیان له كزی نه‌داوه. من پێم وایه به‌شێكی زۆر له نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ئێمه به هۆی تایبه‌تمه‌ندیی زاڵ و هه‌ندێ جار به‌جێی ڕه‌شبینییه‌كی ئاوه‌زمه‌ندانه، ئه‌م خواسته‌ی ئیرۆس و ژیاندۆستییان له‌ناو كورددا زۆر كه‌م به‌دی كردووه و ده‌یبینن، له حاڵێكدا ئێمه له هه‌شتاكان و نهوهتهكانیشدا و له جه‌نگ و ناوه‌ڕاستی ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌دا، ده‌ركه‌وته‌ی هونه‌ری و ئه‌ده‌بیمان هه‌یه و داكۆكی له ژیان و مانه‌وه‌ی كورد و نه‌مریی مردووانمان ده‌كه‌ین.
ڕه‌نگه ڕوانینی ئه‌و ڕۆشنبیرانه له ئاستی تردا دروست و ڕه‌وا بێت، به‌ڵام خاڵییه له‌م ڕاستبینییه كه خواستی ئیرۆس به‌هۆی ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌ساته‌وه، وه‌ك هاوكێشه‌ی دژبه‌ره‌كان له ناو كورددا زیاتر بووه و كه‌متر نه‌بووه، ئێمه له نامه و یادگارییه به‌جێماوه‌كان له شه‌هیدانی پارچه جیاوازه‌كانی كوردستان، به‌رده‌وام نیشانه و مانای داكۆكی له به‌رده‌وامیی خه‌بات و ئومێد به نه‌مان و نوقمه‌ساربوونی سته‌مكار و داگیركه‌رمان بینیوه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ت بێگومان بوونی ئه‌م خواسته به‌رزه‌ی ئیرۆس به واتای غیاب و نه‌بوونی تاناتۆس و مهرگخوازیی نییه، خواستی ژیان له ناو كورددا به‌هێزه، به‌ڵام خواستی مه‌رگی ژیان و مه‌رگی كورد له ناو پلان و خه‌یاڵدانی داگیركه‌رانی كوردیشدا هه‌ر به‌هێزه، بۆیه ئه‌نجامی ئه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه فیچقهكردن و خرانه‌ڕووی ڕێبازی خه‌بات و به‌رده‌وامی و هیوایه.
له‌مه‌ش سه‌رووتر كورد وه‌ك وشیارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی و نه‌ته‌وه‌یی، مه‌رگه‌كانی به‌شێوه‌ی هاوبه‌ش ئه‌زموون ده‌كات، ڕه‌نگه ئێمه له كردنی كاره‌ساته‌كانمان به برین و زامێكی شوناسسازی هاوبه‌ش له سه‌رانسه‌ری كوردستانی گه‌وره‌دا كه‌مته‌رخه‌میمان كردبێت، به‌ڵام ئه‌م خواسته‌ی ژیاندۆستی و به ژیانكردنی یادگارییه‌كانی مه‌رگ و جاویدكردنی ئازار و مه‌رگه‌كان بۆ دروستكردنی قه‌واره و ژیانێكی كوردی و كوردستانی، مزگێنیده‌ری ئه‌وه‌یه كه ده‌رفه‌تمان له به‌رده‌مه و ئێسته به‌هه‌موو گوشار و هێرشه‌كانی سه‌ر باشوور، به‌هه‌موو كوشتار و له سێداره‌دانه‌كانی سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و به هه‌موو غه‌در و پڕۆژه‌ی تواندنه‌وه‌ی كورد له باكور و ڕۆژئاوا، دۆزی كورد به نیسبه‌ت پێشتره‌وه له پێگه‌یه‌كی دڵخۆشكهرانهدایه.
ڕاسته عێراق و ناپاكانی ناوخۆیی، هه‌وڵ و پلانی به‌رده‌وامیان ئه‌وه‌یه قه‌واره‌یه‌كی مێژوویی و سیاسیی شوناسمه‌ندانه له پرسگه‌لێكی وه‌ك وردهشوناس و ئیداره‌دانی پارێزگایی و لامه‌ركه‌زییه‌ته خیانهتكارهكهیان كورت بكه‌نه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو گوشار و برسیكردنهكان، ڕۆحێكی هاوبه‌شی كوردانه و وشیارییه‌كی سه‌رانسه‌ری تا ئاستێكی زۆر له ئارادا هه‌یه، ئه‌م پلانه دزێو و داگیركارانانه ده‌بینێت و ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی ته‌جه‌لی و دره‌وشانه‌وه‌ی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی كورده كه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئازار و مه‌رگه‌ساته‌كان، هه‌ر كۆڵی نه‌داوه و كۆڵیش نادات، برسیكردنی عێراقی و دروستكردنی ناڕه‌زایه‌تیی ساخته له زۆنی سه‌وز به یارمه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و زۆنه بۆ گوشار خستنه‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌م و حكوومه‌تی كوردستان، نه‌یتوانیوه ئیراده‌ی كورد بۆ باوه‌ڕ به كوردستان و كوردایه‌تی له‌ق بكات،.
بێگومان لێره و له‌وێ هه‌ندێ ده‌نگی به ناوی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ڕادیكاڵ ده‌بینرێن كه گوایه خه‌می مامۆستایان و خوێندكاران و مووچه‌ی خهڵكیانه، به ده‌مامكێكی موسه‌قه‌فانه و ڕۆشنبیرییه‌كی ساخته و ده‌ستكرده‌وه گوتاری جنێوئامێز په‌ره پێ ده‌ده‌ن و دژی كورد و كوردایه‌تی قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ر به لایك و كۆمێنته‌كان كه بۆ ئه‌م هه‌ڵوێست و قسانه دێن، ده‌بینین ئه‌م جۆره تێڕوانینانه كه له چه‌ند كه‌سی به ناو شاعیر و نووسه‌ره‌وه دێت، جگه له هه‌ڵوێستێكی ناته‌ندروست و نه‌خۆشانه و داماوانه، هیچیتر نین.
كه‌سانێك كه له دنیای وه‌همی خۆیاندا به حیساب خه‌ریكی دروستكردنی دیموكراسییه‌كی ئایدیال و وه‌همین له لاپه‌ڕه‌ی ڕهشكراوی كتێبه‌كانیان، كه‌چی نا‌وێرن به وشه‌یه‌كیش چییه گوتاری داگیركه‌ر ڕه‌خنه بكه‌ن، به‌بۆچوونی من وشیاریی ده‌سته‌جه‌معی و نه‌ته‌ویی كورد له سۆنگه‌ی ئه‌م برین و مهرگهساتانهوه، گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی باش و ده‌كرێت زیاتر ئیشی له‌سه‌ر بكرێت. مه‌رگه‌ساته‌كان ئه‌و برینه هاوبه‌شانه‌یه كه خواستی ژیان و ئومێدی ڕزگاریی له ناو نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌دا به‌هێز كردووه و به پرۆژه‌یه‌كی ڕۆشنگه‌رانه و ده‌مكوتكردنی هه‌ندێ به ناوی نووسه‌ر و ڕۆشنبیری ساخته و كۆمیدی، ده‌شێت ڕێی باش ببڕین و وشیاریی به‌رمه‌به‌ستمان بۆ ئێسته و نه‌وه‌كانی داهاتوو دروست بكه‌ین.