دوای ته‌قینه‌وه‌كانی داعش له شاری كرمان له ناوه‌ندی وڵاتی ئێران نزیكه‌ی 15 ڕۆژ پێش ئێسته، زۆرتر و زیاتر له جاران ده‌ركه‌وت كه سیستم و بینای زانیاری و ته‌ناهیی ئێران و كۆماری ئیسلامی درزی تێكه‌وتووه، ئه‌مه یه‌كه‌مین جار نییه و دوایه‌مین جاریش نابێت، چونكه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا زنجیره‌یه‌ك هێرش و پلانی یه‌ك له دوای یه‌ك هه‌م له ڕێی هێزه سه‌له‌فییه‌كانه‌وه (كه هێرشیان كرده سه‌ر په‌رله‌مانی ئێران له ناوه‌ڕاستی شاری تاران له 2018) و هه‌م له ڕێی ڕیكخراوی مۆساده‌وه كه زانستمه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران و وێستگه‌كانی ئه‌تۆمیی ئێرانی به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌كرده ئامانج، ڕوویان داوه.
توانای ئێران له نمایشی سه‌ره‌ڕۆییانه‌ی سه‌ربازیی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی، به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و فۆبیا و تۆقینه‌ی كه به‌هۆی قه‌ڵشتبردنی پێكهاته‌ی ته‌ناهی و زانیارییه‌وه كه‌وتووه‌ته ناو ڕیزه‌كانییه‌وه، به‌ڵام بێگومان بابه‌ته‌كه ته‌نیا به‌مه كورت ناكرێته‌وه. ئه‌گه‌ر بڵێین ئێران له‌م سه‌ره‌ڕۆییانه‌ی كه له ده‌ریای سووره‌وه تا ئۆكراینا و سووریا و عێراق و به‌تایبه‌تیش هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه، ته‌نیایه و به ده‌ستێك چه‌پڵه لێ ده‌دات، هه‌مدیس نه‌مانتوانیوه كۆی بابه‌ته‌كه و دیمه‌نه‌كه ببینین.
بێگومان ده‌ستشلكردنی ئه‌مه‌ریكا له په‌ره‌پێدانی هه‌ژموونی و هه‌یمه‌نه‌ی خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، له كۆتاییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی تره‌مپ و قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی بایدندا، به‌شێك له‌و هۆكاره لۆجیستیكی و ستراتیجییه گشتییه‌یه كه ئێرانی كردووه به سه‌گی زیانه‌هار و ده‌ست لێبه‌ردراو، به‌ڵام ئه‌مه سه‌رێكی هاوكێشه‌كه‌یه، سه‌ری تری هاوكێشه‌كه ئه‌و ڕۆڵ و پێگه‌یه‌یه كه ڕووسیا بۆ كۆماری ئیسلامی(تا كه‌ی و چ كاتێك ئه‌وه باسێكی تره) دامه‌زراندووه، له هه‌مبه‌ر ئه‌مه‌شدا كۆماری ئیسلامی له كۆمه‌ڵێك ماف و سنووری ئاویی خۆی له ده‌ریای خه‌زه‌ر كشاوه‌ته‌وه، ئه‌م پشتگیری و پشتیوانییه له‌لایه‌ن چینیشه‌وه هه‌یه و ڕێككه‌وتنێكی درێژماوه‌ی گوماناویی 30 ساڵه كه ورده‌كارییه‌كانی پاش چه‌ند ساڵ تا ئێسته‌ش، ئاشكرا نه‌كراوه و هیچ چاو‌دێر و ڕۆژنامه‌نووسێك له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ئێران، نازانێ چۆن ڕێككه‌وتنێك له نێوان شاندی ئێرانی و چینی‌دا كراوه، ئه‌م گومانه به‌هێز ده‌كه‌ن كه كۆماری ئیسلامیی به پشتێكی پڕ و قایمه‌وه ئه‌م سنوورانه ده‌به‌زێنێت.
به‌ڵام ئایا ڕووسیا و چین وه‌ك دوو زلهێز ئاماده‌ن هه‌ر تێچوویه‌ك بده‌ن بۆ پاراستنی ڕژێمێكی سیاسی و ئایدۆلۆجیك كه له نوێترین گرته‌ی ڤیدیۆییدا، ڕێبه‌ره‌كه‌ی واته عه‌لی خامنه‌یی ده‌ڵێت، خودا قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردووم و قسه‌كانی خۆی له زاری منه‌وه به نه‌رم و نیانی و گه‌رمییه‌وه ده‌ربڕیوه كاتێك له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی سوپادا دانیشتنم بووه! ئایا ئه‌م دوو زلهێزه تا كوێ هاوكار و پشتگیریی هێزێك ده‌بن كه ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی خه‌ڵتانی خوێن و تاوان و فرمێسك كردووه؟ ئایا به‌ڕاستی بێده‌نگیی وڵاتانی زلهێز و هاوپه‌یمانان، یان با بڵێین نه‌رمینواندن و نه‌بوونی په‌رچه‌كردارێكی شیاو و شایسته، بێده‌نگی و نه‌رمی و نیانیی پێش تۆفانه گه‌وره‌كه نییه؟.
شتێك كه گومانی تێدا ناكرێت ئه‌وه‌یه، ئه‌م هێرش و سه‌ره‌ڕۆییانه‌ی ئێران ته‌نیا پێوه‌ست نییه به هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش حاشا ناكرێت كه هه‌ولێر و كوردستان وه‌ك گوناهپه‌سێری خۆی ده‌بینێت و هه‌ركه‌سێك له هه‌ر كوێوه و به هه‌ر ئایدۆلۆجیایه‌كدا نه‌قیزه‌یه‌ك به كۆمار و سێبه‌ره‌كانیدا بكات، ئه‌و ده‌ڵی ئیسرائیلی دووه‌م واته هه‌رێمی كوردستان! ئه‌م فۆبیا و وه‌سواسییه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ هه‌ولێر، هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ئیسرائیل و بوون و نه‌بوونیه‌وه له‌و جیۆگرافیایه‌دا نییه، به‌ڵكو ئه‌و ڕژێمه له‌گه‌ڵ كرۆكی كوردبوون و داهاتوویه‌ك كێشه‌ی هه‌یه كه هیچ كات نه‌توانێت ڕووبه‌ڕووی لێكه‌وته‌كانی ببێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانكارییه‌كه كه قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و شوناسێكی سیاسیی ئازاد بدات به كورد.
ئه‌م فۆبیایه مێژوویه‌كی هه‌یه و تا سه‌رده‌می سه‌فه‌وی و شه‌ڕی چاڵدێران، ده‌گه‌ڕێته‌وه دواوه و له پاش سه‌فه‌وییه‌وه تا سه‌رده‌می كۆمار، له ژێر ناوی چه‌مكی جۆراوجۆر تیۆریزه كراوه، بێماناترین و هاوكات ترسناكترین چه‌مكێك كه بۆ دۆزی كورد له‌لایه‌ن سوپای پاسداران و ئایدۆلۆجیای خومه‌ینییه‌وه دروست كرا "ئیسرائیلی دووه‌م" بوو، بابه‌تێك كه تا ئێسته‌ش بچووكترین به‌ڵگه بۆ سه‌لماندنی نه‌خراوه‌ته ڕوو. هاوكات ئه‌م چه‌مكه لێكدراوه، هه‌ڵگری ناكۆكی و دژوازییه‌كیشه كه هیچ كات وه‌ڵام نادرێته‌وه، نه له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه و نه له‌لایه‌ن مه‌نزوومه‌ی كولتووری و ڕۆشنبیریی هاوده‌نگی كۆماره‌وه.
ئه‌وان ناتوانن وه‌ڵامی ئه‌مه بده‌نه‌وه كه ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ شه‌ریعه‌تی مووسا و ئاینی جوو پێكهاتووه، خۆ كوردستان له چه‌قی ڕووداوه‌كانی مێژووی ئیسلام بووه و زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریشی مسوڵمانانن و هه‌ر ئه‌وانیش بوون قودسی ژێر ده‌ستی خاچپه‌رستانیان ئازاد كرد، له پاش خه‌لیفه‌ی دووه‌م عومه‌ری كوڕی خیتاب، ته‌نیا سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی ئه‌و كاریزمایه‌ی جه‌نگاوه‌ری و ڕزگاریخوازیی ئیسلامی هه‌بوو، ده‌ی كه‌واته هه‌موو ئه‌مانه چۆن به‌سه‌ر چه‌مكی لێكدراوی ئیسرائیلی دووه‌م له‌لایه‌ن كۆماره‌وه ساغ ده‌كرێته‌وه؟ دیاره بابه‌ته‌كه ته‌نیا ئاژاوه‌گێڕی و فیتنه‌یه و هیچیتر.
بۆیه هه‌ر دوا به‌دوای هێرشه‌كه‌ی داعشی خۆراسان بۆ كرمان و له ئه‌ستۆگرتنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته له سه‌ردانیدا بۆ كرمان، ده‌سخۆشی له قاسم سلێمانی و هاوڕێكانی كرد كه نه‌یانهێشتووه ئیسرائیلی دووه‌م له ناوچه‌كه‌دا دروست بێت! دیاره مه‌به‌ستی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له ساڵی 2017دا بوو، واته بۆ ئه‌وان گرنگ نییه ئه‌رزی واقیعی ڕووداوه‌كان چییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه جێبه‌جێكردن و پێڕه‌وكردنی ئه‌جێندانه‌ی یه‌ك كه‌س به ناوی خامنه‌ییه، كه وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی سوپا ددانی پێدا ناوه، هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر به فه‌رمانی خامنه‌یی خۆی بووه؟
كۆی ئه‌م ڕووداوانه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه خامنه‌یی به‌هۆی ده‌وروبه‌ره‌كانیه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و ئایدۆلۆجییه پووتێكراوه‌ی كه پێڕه‌وی لێ ده‌كات، كه‌وتووه‌ته ناو وه‌همێكی گه‌وره‌وه كه پێده‌چێت هه‌نگاو به هه‌نگاو كۆماری ئیسلامی به‌ره‌و لێواری خه‌ره‌نده كوشنده‌كه په‌لكێش بكات، له به‌رده‌م پلانه‌ی هیلالی شیعی‌دا كه ئێسته ته‌نیا خامنه‌یی و وڕێنه‌كانی گوزارشتی لێ ده‌كه‌ن، هه‌ولێر تاكه جه‌مسه‌ری نه‌به‌زیو و خۆڕاگره، ڕاستییه‌كه‌ی له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی ئێران و هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینی میدیاكانی كۆماری ئیسلامی‌دا، ڕقوكینه‌یه‌ك كه بۆ هه‌ولێر و سیاسه‌تی پارتی دیموكرات ده‌رده‌بڕێت، به هیچ هه‌ڵوێستی تر و له هیچ قۆناغێكدا به‌راورد ناكرێت.
بۆیه ئیدیۆمی ساخته و پاساوسازی ئیسرائیلی دووه‌م به پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی ساخته‌وه، جه‌مسه‌ری هه‌ر جۆره هه‌وڵ و سه‌ره‌ڕۆییه‌كی سوپای پاسداران و كۆماری ئیسلامی دیاری ده‌كات، ئه‌وه‌یش كه فه‌رمانده‌یه‌كی سوپا بۆردمانه‌كه به زاری خامنه‌ییه‌وه هه‌ڵده‌پێكێت یه‌ك واتای هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌ڵگه‌كان ده‌ریشی بخه‌ن كه ئێران هه‌ڵه‌ی كردووه، قاسم ئه‌عره‌جیش ده‌یان ڕوونكردنه‌وه‌ی دادوه‌رانه له‌سه‌ر نه‌بوونی بنكه و باره‌گای مۆساد له هه‌ولێر و به‌تایبه‌تی له ماڵی شه‌هید پێشره‌و دزه‌یی بدات به ده‌سته‌وه، ئه‌وا ئه‌وان قبووڵی ناكه‌ن، چونكه فه‌رمانه‌كه له سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه گه‌یشتووه كه پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ خودای مه‌زندا هه‌یه و خودا له زاری ئه‌وه‌وه قسه‌كانی ده‌كات!.
ئه‌م وه‌همه ترسناكه بۆ سیاسه‌ت ڕه‌نگه له ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی‌دا تا ئاستێك ڕه‌وا بوایه، وه‌ك تاكتیكی سیاسی هه‌ر وه‌ك چۆن خومه‌ینی به جاروبار به‌كاری هێنا، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه كوردیش خۆی هێز و جه‌مسه‌رێكی ناسراو و كاریگه‌ره و كۆریدۆرێكی دیپلۆماسیی به‌هێزی هه‌یه، ئه‌م تاكتیكانه له درێژه‌دا له وه‌هم ده‌رده‌چن و ده‌بن به گوله‌یه‌ك كه كۆمار به خۆیه‌وه ده‌ینێت یان تفێكی هه‌ڵداشتووه كه دواجار ده‌یكاته‌وه ناوچاوی خۆی.