حكوومه‌تی به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع سوودانی له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌یه‌ك ڕێككه‌وتنی سیاسی پێك هێنرا، كه پێشانده‌ری خواستێكی ڕوونی هێزه‌كانی ناو هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تن، بۆ ڕزگاربوون له بارگرانیی ئه‌و كێشانه‌ی له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه له سه‌ده‌ی ڕابردوودا تا ئه‌مڕۆ به هه‌ڵپه‌سێراوی ماون، به‌و پێیه‌ی ئه‌م كێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه باری سه‌رشانی هاووڵاتییانی عێراق و كوردستانیان به هه‌موو چین و توێژه‌كانیانه‌وه گران كردووه، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئاشتی و گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدان له عێراق هه‌بووه و هه‌ندێكیان هه‌ڕه‌شه‌یان له بوونی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت كردووه. گشت هێزه‌كانی به‌شدار له هاوپه‌یمانی و له پێكهێنانی حكوومه‌ت، بڕیاریان دا بنه‌ماكانی به‌شداریكردن و هاوكاری بكه‌نه بنه‌مایه‌ك بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بۆ قۆناغێكی نوێ كه هه‌موو پێكهاته‌كان و نه‌ته‌وه‌كان، له ژێر چه‌تری ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا بگرێته خۆی كه ڕێز له پێكهاته‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی بگرێت.
به‌و پێیه‌ش كه گرنگترین بڕگه‌كانی ڕێككه‌وتنه سیاسییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و ده‌ستوور هه‌ڵچنراون، به‌بێ گرێ و گۆل خرانه ناو به‌رنامه‌ی حكوومه‌ته‌وه و زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقیان به‌ده‌ست هێنا، بۆیه ئه‌ركی حكوومه‌تی سوودانی ئه‌وه‌یه كه جێبه‌جێیان بكات.
به‌ڵام ده‌بینین هه‌ندێك لایه‌نی توندڕه‌و له هه‌موو قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تدا، به‌رده‌وامن له هه‌وڵی دانانی كۆسپ له‌سه‌ر ڕێی حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كان بكه‌ن و ڕێ له‌به‌ره‌وپێشچوونی بگرن، ناهێڵن ئه‌دای حكوومه‌ت دووپات بكاته سه‌ر گرنگیدان به به‌رنامه‌كانی گه‌شه‌پێدان و پێشكه‌وتن له جێی ململانێی سیاسیی بێهووده.
ئه‌و هه‌مواركردنانه‌ی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌پاندوویانی له ماده‌كانی 13 و 14ی یاسای بودجه كه تایبه‌تن به مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان له چواچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دێن. هیچ گومانیشی تێدا نییه كه گشت ئه‌و هه‌مواركردنانه‌ی بۆ ئه‌و دوو ماده‌یه كراون، بناغه‌كانی ئه‌م سیستمه فیدراڵییه ده‌كه‌نه ئامانج كه له پاش ڕووخانی ڕژێمی له‌ناوچوو له ساڵی 2003دا دانران، چوارچێوه یاساییه‌كانیان له ده‌ستووری 2005دا كه زیاتر له 80%ی خه‌ڵكی عێراق ده‌نگی پێی دا، چه‌سپێنران.
كۆی ئه‌م هه‌مواركردنانه پێشێلكاریی ده‌ستوورن، بۆ نموونه ماده‌ی 109 كه حكوومه‌تی فیدراڵی به پاراستنی سیستمی فیدراڵیی دیموكراسیی عێراق پابه‌ند ده‌كات، ماده‌ی 115 كه له كاتی ناكۆكی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ‌دا یه‌كه‌مایه‌تی به یاسای هه‌رێم و ئه‌و پارێزگایانه‌ی له هه‌رێمێكدا ڕێكنه‌خراون ده‌دات، ماده‌ی 116 كه ده‌ڵێت عێراق له پایته‌ختێك و هه‌رێمه‌كان و پارێزگا لامه‌ركه‌زییه‌كان و ئیداره خۆجێیه‌كان پێك دێت، ماده‌ی 117 كه وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵی ددان به هه‌رێمی كوردستاندا ده‌نێت. جگه له‌مانه‌یش ئه‌م هه‌مواركردنانه تێكدانێكی ئاشكرای دیدگه‌ی یه‌كگرتوو و ڕێككه‌وتنه سیاسییه‌كان و لێكتێگه‌یشتنه ئه‌رێنییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستانن.
هه‌ندێك له‌و هێزانه‌ی له لیژنه‌ی داراییدا ئه‌م هه‌مواركردنانه‌یان سه‌پاند، له‌بری ته‌واوكاریی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی داواكارییه‌كانی كه‌رته جیاجیاكانی گه‌ل، یاسای بودجه‌یان خسته ژێرباری هاوكێشه‌كانی هێز و سه‌پاندنی ئیراده، ئه‌وه‌یان له بیری خۆیان برده‌وه كه بودجه بابه‌تی ئابووری و گه‌شه‌سه‌ندنه و پێوه‌سته به بژێویی هاووڵاتییان و به پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدان، له‌سه‌ر بنه‌مای پلانی ڕاسته‌قینه داده‌ڕێژرێت، پرسێكی سیاسی نییه كه ئه‌م لایه‌نانه هه‌وڵ بده‌ن له ڕێیه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جێندا گوماناوییه‌كانیان تێپه‌ڕێنن.
ئه‌و هه‌مواركردنه نادادپه‌روه‌رانه‌ی له لیژنه‌ی داراییدا سه‌پێنران، ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌و كێشه جه‌وهه‌رییه‌ی عێراق له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه وه‌ك ده‌وڵه‌تێك به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت، كه له چه‌ند قۆناغێكی مێژوویی‌دا وه‌ك هه‌موومان بینیمان، بووه مایه‌ی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر بوونی ده‌وڵه‌تی عێراق، له‌و كاتانه‌دا كه حكوومه‌ته جیاجیاكانی عێراق، سیاسه‌تی په‌راوێزخستن و دوورخستنه‌وه و پێشێلكردنی یاسا و ده‌ستووریان پیاده كرد له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی سیستماتیكی هه‌ڵچنراو، له‌سه‌ر بنه‌مای بیرۆكه‌یه‌كی هه‌ڵه و سیاسه‌تێكی شكستخواردوو به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانیه‌وه، كه بریتی بوو له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌بێ سڕینه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و ئینتیما ئاینی و مه‌زه‌وییه‌كان و تواندنه‌وه‌یان له بۆته‌یه‌كی یه‌ك ڕه‌نگدا، ناتوانێت به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌یش په‌راوێزخستنێكی ته‌واوی ئه‌و ڕاستییه‌یه كه ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق له چه‌ندان نه‌ته‌وه و ئیتنیك و مه‌زه‌و و ئاینی جیاواز پێكهاتووه و ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی هێز و كامڵبوونیه‌تی، نه‌ك خاڵی دابه‌شبوون و په‌رته‌وازه‌یی. عێراقی پاش 2003 ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه، ددان به هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌نێت.
ئه‌وه‌تا گشت ململانێ و شه‌ڕه درێژخایه‌ن و سیاسه‌ته زۆردارییه‌كانی كه بوونه هۆی ئازار و مه‌ینه‌تی بۆ پێكهاته جۆراوجۆره‌كانی عێراق، سه‌رچاوه‌كه‌یان تێنه‌گه‌یشتنی چینی سیاسیی به‌غدا بووه له واته‌ی ده‌وڵه‌تی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌ئیتنیك، دووپاتكردنی حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانه له عه‌قڵێكی به‌سه‌رچوو، كه پیاده‌كردنی سیاسه‌ته‌كانی توندوتیژی و سه‌ركوتكردنی به‌لاوه ئاسانتره له سیاسه‌ته‌كانی ته‌واوكاری و له‌خۆگرتنی یه‌كتری له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی سیاسیی - دیموكراسیی گشتگیردا، كه هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و ئیتنیكه‌كان و ئینتیما ئاینییه‌كان له‌خۆ بگرێت، پشت به گرنگیی پابه‌ندبوون به ده‌ستوور و ڕێزگرتن له یاسا ببه‌ستێت كه ناتوانین ده‌ستبه‌رداریان ببین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سه‌قامگیرییه‌كی به‌رده‌وام به‌ده‌ست بهێنین و سوود له وانه‌كانی ڕابردوو وه‌ربگرین بۆ پێشكه‌وتن به‌ره‌و ئه‌و ئارامی و خۆشگوزه‌رانییه‌ی هه‌موو خه‌ڵك ئاواته‌خوازیانن.
گه‌لی كوردستان له تاریكترین و سه‌ختترین كاته‌كاندا ڕووبه‌ڕووی به‌هێزترین دیكتاتۆریی له ناوچه‌كه بووه‌ته‌وه، هێزه جۆراوجۆره‌كان به ئامرازی زۆر و هێزی سه‌ربازییانه‌وه، نه‌یانتوانی بڵێسه‌ی باوه‌ڕی گه‌ل به ڕه‌وایه‌تیی دۆزه‌كه‌ی بكوژێننه‌وه، هه‌رگیز نه‌یانتوانی متمانه‌ی هاووڵاتیی كوردستان به دانایی و لێهاتوویی سه‌ركردایه‌تیی كورد و توانای گۆڕینی ئاڵنگارییه‌كان بۆ سه‌ركه‌وتن و گۆڕینی به‌ربه‌سته‌كان بۆ هه‌لی به‌دیهێنانی ده‌ستكه‌وت و چه‌سپاندنی ئاشتی، لاواز بكه‌ن. ئه‌م هه‌نگاوانه‌شی هه‌ندێك هێز له دژی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان و بژێویی هاووڵاتییانی كوردستان ناویانه، سه‌ر ناكه‌ون و شكست ده‌هێنن و سه‌ریان ده‌دات له به‌ردی ئیراده‌ی كورد و كوردستانییان، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافه ڕه‌وایانه‌یان كه له ده‌ستوور و چوارچێوه‌ی یاسایی گشتیی پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراقدا چه‌سپاون.
ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان