دوای جێگیربوونی گوتاری عێراقی و ئێرانی و ساغبوونه‌وه‌یان به‌سه‌ر کوردستاندا له دوو دیوی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئاستی هوشیاری زۆر که‌سی ئاسایی به‌هۆی ئه‌م دوو چه‌مکه‌وه ده‌ستکاری کراوه و ئه‌و به‌رجه‌سته‌بوونه‌ی شوناس که له وشه‌ی کوردستانه‌وه وه‌ده‌ر ده‌که‌وت، له‌لایه‌ن ئه‌م دوو چه‌مکه‌وه کاریگه‌ریی له‌سه‌ر دانرا. ئیتر بۆ به‌شیک له خه‌ڵکی کورد له هه‌ردوو دیوه‌که‌دا، ئێرانی و عێراقی وه‌ک دوو چه‌مک و ناو /ئه‌گه‌رچی ساخته‌کراویش بووبێت/، قبووڵ کرا و یه‌کتری به‌وه‌وه ده‌ناسنه‌وه. هه‌رچه‌ندە بێگومان له زه‌ینێکی کوردانه‌ی هوشیاره‌وه ئه‌مانه دوو چه‌مکی داگیرکارانه‌ی سه‌پێنراون و به مه‌به‌ستی تواندنه‌وه‌ی کورد و شوناسی ده‌سته‌جه‌معییان ده‌کار ده‌کرێت.
دابه‌زینی ئه‌م دوو چه‌مکه ساخته بۆ ناو زه‌ینی خه‌ڵکی کورد به ئامانجێکی دوو سه‌ر بووه، یه‌که‌میان جێگیرکردنی شوناسی خۆیان وه‌ک ئێرانی یان عێراقی، دووه‌میش کاڵکردنه‌وه یا سڕینه‌وه‌ی شوناسی کورد. پێکانی ئه‌م ئامانجه دوو سه‌ره‌یش، له ده‌یان ڕووه‌وه بۆ ئه‌وان به ئاسانی مسۆگه‌ر بووه. ئاسانبوونیشی به پله‌ی یه‌که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان به شێوه‌ی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆن و داوده‌زگای زه‌به‌لاحی ئیداری، یاسایی، سه‌ربازی و کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه و هه‌ر دانوستانێک له هه‌ر ئاستێک‌دا و له‌لایه‌ن هه‌ر کوردێکه‌وه بێت، ده‌بێت به ژێر ڕێسا و دیسیپلینه‌کانی تایبه‌ت به‌م پێکهاته‌وه تێپه‌ڕێت، ڕاستییەكەی هه‌زاران جار له‌ناو ئه‌م پێکهاته‌یه‌دا نه‌مانه‌وێت ئێرانی یان عێراقی بین، ناتوانین. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی پێکهاته‌که به هێزی هوشیاری و کوردایه‌تیی ڕزگارین، ئه‌مه‌یش هاوکات که ئاستێکی ئایدیاڵ نییه له ڕزگاری، به‌ڵام ڕه‌مزی هه‌بوونی به‌رخۆدانێکی شۆڕشگێڕانه‌یه له ئاسته نه‌رم و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یدا.
ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گره که هه‌موو کوردێک هه‌ڵگری ئه‌م هوشیارییه نییه و ئه‌م کولتوورانه‌ی ئێران و عێراق ساڵانێکی زۆره له‌سه‌ر مێشک و زه‌ینی کورد ئیشیان کردووه و کاریگه‌رییان داناوه. ئێمه له هه‌ولێری پایته‌خت چه‌ندان جار ده‌نگی سرووده‌کانی ڕژێمی به‌عسمان بیستووه‌ته‌وه که یه‌کێک له ده‌رکه‌وته‌کانی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌یه. ئه‌مه ڕه‌نگه به‌شێکی به هه‌ڵکه‌وت بووبێت، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به هه‌ڵکه‌وتیش بێت، ئه‌م هه‌ڵکه‌وته بووه به به‌شێک له یاده‌وه‌ریی تاقم و کۆمه‌ڵانێک، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن عەره‌بیشه‌وه بووبێت.
ئه‌گه‌رچی حکوومه‌تی کوردستان ده‌مکوتی ئه‌مانه‌ی کردووه و سزای داون، به‌ڵام من باسی دۆخ و ئاستێک له هوشیاری و یاده‌وه‌ریی ده‌که‌م، زیاتر نه‌ک شێوازی سزادان و گرتنی تاقمێکی ورده‌به‌عسی یان ناهوشیار. ئه‌م دۆخه له لێکدان و تێکه‌ڵاوبوونی دوو کو‌لتوور و پێکهاته‌ی سیاسی و گوتاری ئێرانی و عێراقی بۆ هه‌ردوو دیوی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات ئاڵۆزتر ده‌بێت، ئێمه له دۆستان و برایانی باشوورمان سەرسارمی و خۆبه‌که‌مبینیه‌ک به‌رانبەر ئێرانییه‌کان ده‌بینین که ڕه‌نگه زۆرتر له چاوی ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌وه دیار بێت تا خۆیان.
بۆ نموونه، ئێسته ئه‌گه‌ر منی ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌فه‌رێک بکه‌م بۆ که‌رکووک و بچم له په‌نای ئۆفیسی هاوپه‌یمانی عرووبه ڕه‌سمێک بۆ یادگاری بگرم، ئایا ئه‌مه ده‌لاله‌تێکی خۆش و چێژبه‌خشی هه‌یه بۆ هاوزمان و هاوخوێنه‌کانمان له باشوور؟ بێگومان نەخێر. عرووبه هه‌مان ڕێبازه که خه‌ڵکی گه‌رمیان و که‌رکووک و چه‌مچه‌ماڵ و کۆی باشووری له‌ژێر ناوی خۆیدا ئه‌نفال کرد و پاکتاوی کردن، بۆیه ئه‌گه‌ر من هوشیارییه‌کی که‌میش هه‌بێت ده‌بێ ئه‌و مافه به ته‌واوه‌تی بده‌م به برایان و خوشکانم له باشوور که یان تێمگه‌یه‌نن که له چ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌دام یان لێم زویر و عاجز ببن، بۆیه زۆر ئاساییه ئێمه‌یش کاتێک برایان و خوشکانمان له باشووره‌وه دێن، زمانی گوتار و ئاخاوتنیان کوردانه بێت نه‌ک عێراقیانه!
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌هۆی کرانه‌وه‌یه‌کی ڕێژه‌یی کاروباری بازرگانی ئێران له‌گه‌ڵ سنووری سلێمانی، زۆر له برا و خوشکانمان له باشوور بە مه‌به‌ستی بازرگانی، گه‌شتیاری، چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشی و خوێندن، دێن به‌ره‌و ئیران، خۆیشیان ده‌توانن شایه‌تی ئه‌وه بده‌ن که زۆربه‌ی زۆری کوردانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی خۆیان هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، به‌ڵام کاتێک جیۆگرافیای كوردستان لە ڕۆژهه‌ڵات تێده‌په‌ڕێنن و ده‌چنە ناوچه فارسنشینه‌کان، هه‌ر که زانیان عێراقین! فریویان دەدەن. بۆ نموونه، له نه‌خۆشخانه‌کان پاره‌ی زیاتریان لێ وه‌رده‌گرن، له زانکۆ کاتێ ناونووسی ده‌که‌ن مه‌رجی تەناهی و پرسیاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌یان لێ ده‌که‌ن، به تایبه‌تیش ئەگه‌ر بزانن کوردن، خۆئەگه‌ر بڕۆن شتێک بکڕن، به‌هه‌مانشێوه، کاتێکیش ئێمه وه‌ک هاوخوێن و هاوزمان و ته‌نانه‌ت هاوئاینیان ده‌ڵێین ئه‌مه نارۆكی کولتووری ئێرانی و فارسه، به‌شێک له‌وان ڕقیان هه‌ڵده‌ستێ و باسی شه‌جه‌ریان و گوگوش و کۆمه‌ڵێک هێما و ڕه‌مزی ئێرانی ده‌که‌ن که به یه‌ک دنیا ده‌عیه‌ی هونه‌ری ئینسانییه‌وه بۆ یه‌ک ساتیش شتێکیان له‌سه‌ر کورد و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و کۆه‌ڕه‌و و به‌گشتی دۆزی کورد نه‌وتووه.
جا مادام تۆ هێنده ڕۆحیه‌تێکی یۆنیڤێرساڵ و کولتووردۆستت هه‌یه، بۆ هونه‌رمه‌ندانی مه‌کسیک و ئه‌فغان و ڕووسیا و... به‌سه‌ر ناکه‌یته‌وه؟ هه‌ر ئه‌وه ماوه موعجیبی ده‌نگ و ڕه‌نگی زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بیت که کاتی کڕینی بسکیتێکیش له‌م چرکه‌ساته‌ی ئێسته‌دا فریوت ده‌دا و به کارت دێنی؟
ئەم ئه‌مڕۆژانە کاتێک هه‌واڵی لێدانی 74 قامچی له کچه کوردی ڕۆژهه‌ڵات (روئیا حیشمه‌تی) له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه له په‌یجه هه‌واڵییه‌کانی باشوور بڵاو بووه‌وه، ڕێژه‌یه‌کی زۆر ده‌سخۆشی و خۆشحاڵی بۆ ئەو ستەمە دژ بە برین و ئازاری مرۆڤێکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی كورد نووسرا بوو که تاقه چه‌کی له وڵاتێکی توتالیتاردا قژێتی وه‌ک ڕه‌مزی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک په‌یجی ساخته و واقیعی به باکگراوندێکی ئاینی یان نه‌ریتییه‌وه و به زمانێکی جوێنئامێز و پڕ له ڕق، کۆمێنتی ده‌سخۆش و خۆشحاڵییان نووسی. باشه ئایا عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی و كەنداو و باشووری کوردستان خۆی، لێوان‌لێو نین له کچ و خانمی سفوور و بێ لەچك؟
ئه‌م دۆخ و هه‌ڵوێستانه پێویستیان به هه‌ڵوێسته و توێژینه‌وه‌ی ورده، چونکه ئه‌م هه‌ڵوێستانه هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه دێنە دەربڕین که هه‌ڵگری که‌مترین ئاستی هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت پاشخانێکی مرۆیی ئاسایی پته‌ویشن، بۆیه به‌ر له هه‌ر شتێک ئێمه بازنه و ئه‌ڵقه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه و ده‌رووناسانه‌مان له هه‌ردوو دیوی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور پێویسته تا بتوانین لانیکه‌م وه‌ڵامی هۆکاری ئه‌م پرچه‌کردارانه بدۆزینه‌وه و ئه‌وکات به گوێره‌ی پێویست هه‌نگاوی هوشیاریکردنه‌وه و چاره‌سه‌رییان بۆ هه‌ڵهێنین!