نیشانەناسیی بۆردمانی کێڵگەی غازیی کۆرمۆر

AM:11:19:28/04/2024 ‌
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمە بۆ چەندەمین جارە و لە کاتە ناسکەکانی دیپلۆماسیی و دروستبوونی کۆریدۆری لێکتێگەیشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا و سەقامگیریی زیاتری هەرێمی کوردستان کێڵگەی ستراتیج و گرینگی کۆرمۆر دەکرێتە ئامانج. لە ڕووی ئەو نیشانانەی لە ئاستی فەرمی و نافەرمیی دیپلۆماسی و پێوەندییە سیاسییەکاندا دەیبینین، هاوکێشەیەکی نوێ لەسەر کۆڵەکەی وزە لە ناوچەکە و جیهاندا لە حاڵەتی شکڵگرتندایە، هۆکارەکانی شکڵگرتنی ئەم هاوکێشە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە هێزەکی و کردەییە لە ئاستی وزە، بە تایبەتی وزەی غاز کە ئەورووپا درەنگ یان زوو دەشێت یە خانگیری بێت، هۆکاری دیکە ئەو کێشە و چەڵەمانەیە کە ئێران لە دەریا ئازادە بازرگانییەکان لە بەردەم کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکاندا دروستی دەکات، ئەمە دەشێت ڕۆڵی غاز وەک وزە زیاتر بکات. 

بەدەر لەوە، کۆی هاوکێشەکە بەهۆی ئەو دوو بابەتەوە بۆ مەکینەی بەرهەمهێنانی کاڵا نەوتییەکان قەیرانێکە و دەبێت بەشێوەیەک لە شێوەکان چارەسەر بکرێت. سەردانە مێژووسازەکەی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەریکا، زنجیرەیەک ڕووداوی ئەرێنی بۆ کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا کە دەشێت وەک "دیپلۆماسیی" پەرجوو ناوی ببەین، هەروەک بینیمان پاش سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بەشێوەیەکی سەیروسەمەرە دادگای فیدراڵی خەسێنرا و لە بڕیارەکانی بەجۆرێک پاشگەز بووەوە (ئەگەرچی ناتوانین بڵێین دادگای بەناو فیدراڵی سێبەری هەڕەشەی لەسەر قووت و ژیانی خەڵکی کوردستان و هەرێمەكە ڕەویوەتەوە) و کێشەی مووچە بەرەو چارەسەرێکی تا ڕادەیەک کۆتایی ڕۆیی و هەموو ئەوانەیشی وا گۆرانییان بە باڵای بەغدادا خوێند، یان خۆیان کرد بە هاوبەشی ئەم دەسکەوت و دیپلۆماسییە، یاخۆ هەروەک لایەنێکی لادەر و دژەنەتەوە کەوتنە باریی گەڕەلاوژێ و هەزەلی، چونكە کارەکتەری خۆیانی پێ دەنوێننەوە! 

لە زنجیرەی دەسکەوتەکانی ئەم گەشتە دیپلۆماسییە، گوتاری هێز و لایەنە عێراقییەکان گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینی و وەرزێکی نوێ لە مێژووی پێوەندییە پڕ هەڵبەز و دابەزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاتووە کە پێدەچیت پڕ بەروبووم بێت و دەبێت بە هیواوە لێی بڕوانین، بەڵام نابێ گوێمان لە بۆردمان و پلانگێڕیی ڕەمزی و واقیعیش دابخەین! دیپلۆماسیی بەهێزی حکوومەتی هەرێم بووە هۆی ئەوەی دووبارە پێوەندی توندوتۆڵ لە لە لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتن نەک تەنیا لە نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکوو لە نێوان تورکیا و بەغدا و هەرێمیش بێتە ئاراوە و سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ عێراق و هەرێم لەم چوارچێوەیەدا دەخوێنرێتەوە.

ئەم سەردانەی ئەردۆگان نابێت بەهۆی ئەو دروشمە حەماسی و ڕووکەشانەی بۆ هاتنی بەرهەم هات لەلایەن چەند لایەنێکی ئاڕاستەکراوەوە بە گرینگ و مێژوویی نەزانین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دانیشتنی ئەردۆگان لەژێر ئاڵای کوردستان و وێنەی بارزانیی نەمردا، هەموو قسە و قسەڵۆکێکی لەو بابەتانە پووچەڵ دەکاتەوە، بەڵام بابەتەکە تەنیا ئەمە نییە، بەڵکوو وەک لە سەرەوە وتم، هاوکێشەیەکی نوێی وزە بە ناوەندێتی کوردستان لە حاڵی شکڵگیریدایە کە بە دڵنیاییەوە تورکیا لەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵێکی بنەمایی لە ڕووی جیۆگرافی و ستراتیجی و بازرگانی و سیاسییەوە دەگێڕێت. 

بەڵام ڕۆڵی تورکیا هەر لەو پێگە گرینگەی بۆ هەناردەکردنی نەوت و ڕاکێشانی بۆریی غاز (کۆرمۆر) بۆ تورکیا و دەرەوە کورت نابێتەوە، بەڵکوو لە ئاستە ڕەمزی و سیاسییەکەیشدا ئەم سەردانەی ئەردۆگان بۆ عێراق و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوە بە لایەنانێکی دراوسێ و داگیرکەری کورد کە تورکیا بە هەموو دەمارگرژی و دژەکوردبوونییەوە، دەتوانێت بێتە ناو هاوکێشەی گەورەی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ کورددا و بەرژەوەندیی هاوبەشی پتەو لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکات. ئەمە پەیامێکە بۆ دراوسێی تێکدەری تورکیا و هەرێمی کوردستان کە تورکیاش بە شێوەیەک لە شێوەکان بووە یان خەریکە دەبێت بە هاوپەیمانێکی ستراتیجیی مەزن بە بەرژەوەندیی گەورەی هاوبەش لەگەڵ کورد کە ئیتر ناکرێت ئەم بەرژەوەندییە لەلایەن میلیشیا چەکدارە ئاڕاستەکراوەکانەوە ڕووبەڕووی مەترسیی ببنەوە.

بوونی یەکلاکەرەوە و ئەمنی کوردستان بە ناوەندێکی بەهێزی وزە وەک گۆڕەری هاوکێشەی وزە لە ناوچەکەدا بێگومان دژبەر و تێکدەری دیاریکراوی خۆی هەیە، بەڵام هەم عێراق و هەم تورکیا و هەم ئەورووپا و هەم ئەمەریکایش، لەگەڵ ئەم ڕەوت و پرۆسەیەدان، بۆیە ئەوەی میلیشیا ئاڕاستەکراوەکان بە فیتی کۆمار دەیکەن، پەلەقاژەیەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاستە توندئاژۆ و تیرۆریستییە هەمیشەییەکەیدا، هەربۆیە ئەمەریکا و وڵاتانی تریش هەڵوێست و پەرچەکرداریان هەیە و دەبێت عێڕاق پەرچەکرداری زیاتر لە شەرمەزارکردن و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هەبێت، تا ئەم پرۆژە بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی مەترسیی نەبێتەوە. لە ئەگەری ئەم پەلەقاژە نەزۆکانەدا، بە دڵنیاییەوە هەر هێزێک یان هەر لایەنێک بە فیتی هەر هێزێک ئەو سنوورانە ببەزێنێت، لە هەمبەر هاوپەیمانییەکی بەهێز کە کوردستان ناوەندەکەیەتی و ئەمەریکا و ئەورووپا پشتگیرین، ڕووبەڕووی سزای لەناکاو و نوێ و نەناسراو دەبێتەوە. 

لەم هاوکێشە نوێیەدا بێگومان تورکیا وەک وڵاتێک کە زۆرینە و حەشیمەتێکی کوردی هەیە، بە ئاسانی ملی نەداوە و پێدەچێت ناچار بووبێت بێتە ژێر هاوکێشەی ئاڵای کوردستانەوە و نۆرمی نوێی وزە لە ناوچەکەدا، ئەمە دەکرێت وەک دەروازەیەکی نوێی پێوەندیی و دیپلۆماسیی بۆ کورد بخوێنرێتەوە یان تەنانەت وەک نیشانەکانی هەوڵ و پلانی ئەردۆگان بۆ تێکۆشان و چارەسەری کێشەی کورد لە وڵاتەکەیدا لەم دوا خولەی تەمەنی سیاسیدا وەک سەرکۆمار، بخوێنرێتەوە.

بابەتەکە هەر کام لەمانە بێت، ئێمە دەبێت لە ڕووی گوتار و جووڵەی سیاسییەوە یەکانگیر و یەکگرتوو بین، چونکە ئەم قۆناغە بە ڕاستی قۆناغێکی نوێ و ناوازەیە و دەبێت عاقڵانە لەگەڵ جووڵەکاندا بجووڵێینەوە. تا گرێی کوردبوون لە دواجاردا لەناو تۆڕێکی سیاسی، ئابووری و ستراتیجیی نێونەتەوەییدا چارەسەر بکەین، قسە و لێکدانەوەی ڕووکەش و سۆزداریش، جگە لە خۆراکی میدیایی و مایەی فریواندنی خەڵک لەلایەن هەندێک لایەنەوە، هیچی دیکە نییە.