گومانێك له‌وه‌دا نییه كه ئێسته زۆربه‌ی كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و ته‌نانه‌ت به‌و پارچه دووره‌ده‌سته‌ش كه له ڕووسیا به كوردستانی سوور ناسراوه، هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ش كه له ده‌ره‌وه‌ن و له‌وێ له دایك بوون و گه‌شه و نه‌شه‌یان كردووه، به‌و مه‌رجه‌ی تۆزێك هه‌ستی كوردانه و په‌رۆشییان بۆ دۆزی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان هه‌بێت، به ئاسانی ده‌زانن و تێده‌گه‌ن كه گه‌وره‌ترین كێشه و داینه‌مۆی كورد به درێژایی سه‌ده‌ی بووری، نه‌بوونی یه‌كگرتوویی و یه‌كانگیرییه.
له‌گه‌ڵ وشیاربوون و خودئاگایی له‌سه‌ر ئه‌م یه‌كنه‌گرتووییه، به‌ڵام هێشتا ڕاز و هۆكاری ئه‌م یه‌كنه‌گرتووییه نه‌ك بۆ زۆرینه و گشتیی خه‌ڵكی كورد له هه‌موو پارچه‌كان، ته‌نانه‌ت بۆ بژارده و پیتۆڵه‌كانی كوردیش به ته‌واوه‌تی ڕوون نییه و ناتوانن وه‌ڵامێكی گشتگیر و فره‌لایه‌ن به‌م دیارده مێژووییه بده‌نه‌وه. به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌مه‌ی كه به‌شی زۆری ئێمه له بۆشایی و قه‌یرانه سه‌رانسه‌رییه‌كه تێگه‌یشتووین، خۆی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی كه‌لێنه باگرتووه خه‌سارده‌ره‌كه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره، واته بۆچی ئه‌م یه‌كگرتووییه به‌دی نایه‌ت، جێگیر ده‌كرێت و كورد له چه‌ند ده‌نگیی و یه‌كنه‌گرتوویی ڕزگاری ده‌بێت و وه‌ك له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا بۆمان ده‌ركه‌وتووه وه‌ڵامی ئه‌م پرسه ئاسان نییه.
من وه‌ك ئه‌زموونی خۆم له خوێندنه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤ و هه‌روه‌تر مێژووی گه‌له‌كه‌م، به‌مه گه‌یشتووم كه ئه‌و پرسیارانه‌ی كه وه‌ڵامه‌كانیان زۆر سه‌خت ده‌درێته‌وه یان با بڵێین وا ده‌رده‌كه‌وێت زۆر سه‌خته، زۆرجار به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كه وه‌ڵامه‌كه زۆر ئاسان و ڕوونه و له به‌رچاوماندایه و ئێمه نایبینین و به‌سه‌ریدا باز ده‌ده‌ین، ده‌مانه‌وێت به دوای وه‌ڵامێكی وه‌هادا بگه‌ڕێین كه سه‌یروسه‌مه‌ره بێت و كاتێك ده‌ریده‌بڕین، له‌لایه‌ن چه‌ندین كه‌سی مامۆستا و پیتۆڵه‌وه ستایش بكرێت، ناتوانین بیخه‌ینه ڕوو و باسی بكه‌ین.
ئه‌م دۆخه ئاڵۆز و هاوكات ئاسانه له یه‌ك كاتدا له زۆر وێستگه‌ی ژیان و هزر و شارستانیی مرۆڤدا هاتووه‌ته ئاراوه، نه وه‌ك پرسیاری ئه‌مه‌یه كه سه‌ره‌تا هێلكه بووه یان مریشك، هه‌ر كه‌سه و ڕایه‌ك بگێڕێته‌وه و نه وه‌ك پرسیاری جه‌بر و ئیختیاری كه‌لام و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامیشه كه هه‌ر ڕێبازێك ڕایه‌ك بهۆنێته‌وه، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌یه بڵێین ئه‌م ئاوه ڕوونه یان لێڵه! بۆ دیاریكردنی لێڵی و ڕوونیی ئاوێك، ته‌نیا چاوێكی ڕوونبینی ئاسایی پێویسته نه‌ك هیچیتر.
هۆكاری دۆخی نایه‌كگرتوویی كوردیش له‌م فۆرمۆله پێڕه‌وی ده‌كات كه كورد یه‌كگرتوو نییه، چونكه ناتوانێت به‌سه‌ر ململانێ ناوخۆییه‌كانیدا زاڵ بێت، چونكه لایه‌نێك یان لایه‌نانێك به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له سه‌رووی نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بینن و ئه‌مه وا ده‌كات له چه‌قی ئه‌و یه‌كبوونه یان ئه‌و گوتاره‌ی كه مه‌به‌ستی یه‌كخستن و یه‌كگرتنه دووری بخاته‌وه. له پاڵ ئه‌مه‌دا هیچ گومانێك له‌وه ناكرێت كه پاش دابه‌شكردنی هه‌ر پارچه‌یه‌ك له پارچه‌كانی كوردستان به‌سه‌ر وڵاتێكدا، واقیعێكی سیاسی و ئیداری و په‌روه‌رده‌یی به‌سه‌ر هه‌ر كام له به‌شه‌كاندا سه‌پێنرا و وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تی زیاتر خسته ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا لایه‌نێكی بابه‌ته‌كه‌یه و له‌ولاوه‌ش له هه‌ر كام له پارچه‌كانی كوردستان، مه‌شخه‌ڵی شۆڕش و ڕزگاری به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دایساوه، هه‌ر پارچه‌یه‌ك به‌گوێره‌ی هه‌ل و توانای سڵی له گه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه نه‌كردووه.
ئه‌گه‌ر ڕاشكاوانه‌تر بڵێین، ده‌بێ بڵێین له ئاستی جه‌ماوه‌ریدا سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه كۆلۆنیالیستییه‌كان و هه‌موو پڕۆژه‌كانی پاكتاوكردن و تواندنه‌وه، خواستێكی گشتگیر بۆ كوردستانیبوون و خه‌ونی ڕزگاریی كوردستانی مه‌زن هه‌بووه و هه‌یه، ڕه‌نگه به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و پێكهاتی كولتووری له هه‌ر كام له پارچه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م خواسته ده‌ركه‌وته‌ی هه‌بێت و خاسیه‌ته‌كانی ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حاشاهه‌ڵنگره ئه‌مه‌یه كه ئه‌و شته‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له ژێر كاریگه‌ریی واقیعی سیاسییه‌ك كه داگیركه‌ران به‌سه‌ر كوردیان سه‌پاند، پێی ده‌گوترا خه‌ونی شاعیرانه، واته ڕزگاربوونی كوردستان هه‌ر له ناو خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ردا ماوه، دیاره مه‌به‌ست له خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر كۆی ئه‌و حه‌شیمه‌ته‌یه كه له ناو جیۆگرافیا دابه‌شكراوه‌كه‌ی كوردستاندا ده‌ژین.
نموونه‌ی دیاری ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه له‌م ساڵانه‌ی دوایی ڕوویان دا، بۆ نموونه كاتێك ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هاته ئاراوه، له‌لایه‌ن كوردانی پارچه‌كانی تره‌وه به‌تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، پێشوازییه‌كی بێوێنه و گیانبازانه‌ی لێ كرا، ته‌نانه‌ت ئه‌وده‌م كۆمه‌ڵێك له چالاكان، نووسه‌ران و بیرمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵات له به‌یاننامه‌یه‌كدا، پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌و مافه مێژووییه ده‌ربڕی، له پاڵ ئه‌وه‌یدا كه ده‌بێت بزانین كارێكی وا له ژێر سێبه‌ری سیستمێكی دژه كورددا ده‌توانێت چه‌ند ئه‌سته‌م و سه‌خت بێت.
له پاڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵك له شاره جۆراوجۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌وانه سنه و سه‌قز و كرماشان و.. هاتنه سه‌ر شه‌قام و شیرینی و گوڵیان به‌شییه‌وه و خۆشحاڵییان ده‌ربڕی، به‌ڵام ئیتر به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له 16ی ئۆكتۆبه‌ر ڕووی دا هه‌مووانی تاسان، به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌شدا كوردانی ڕۆژهه‌ڵات ئاماده بوون بۆ به‌رگریی له مافه‌كانی كورد خۆیان بگه‌یه‌ننه كه‌ركووك، به‌ڵام ده‌ستی بێگانه و پوازی ناوخۆ نه‌یهێشت، جێی داخ و كه‌سه‌رێكی گه‌وره‌یه كه زۆر له ئێمه‌مانان كه پشتگیریمان له‌م ئه‌كت و هه‌نگاوه مێژووییه ڕه‌وایه گرت، له‌لایه‌ن به‌شێك له میدیا و كه‌سایه‌تییه دیار و نیوه‌دیار و نادیاره‌كانی زۆنی سه‌وزه‌وه، ده‌یان بێڕێزیمان پێ كرا و هه‌ڕه‌شه و سووكایه‌تیمان هاته سه‌ر، به‌داخه‌وه زۆر ئاماژه ئێسته‌ش خه‌ریكن ده‌رده‌كه‌ون كه سیاسه‌تێك له‌لایه‌ن به‌رپرسانی زۆنی سه‌وزه‌وه پێڕه ده‌كرێت هه‌مان شته.
ئێمه به خه‌م و په‌رۆشه‌وه باوه‌شمان بۆ هه‌ولێر و برینه‌كانی به‌هۆی مووشه‌كه بالیستییه‌كانیه‌وه كرده‌وه، كه‌چی به‌شێك له میدیا سێبه‌ر و كه‌سایه‌تییه بندیوار و ژێردیواره‌كان كه ئاراسته‌یه‌كی ڕوونیشیان له بیركردنه‌وه و چالاكیدا هه‌یه، هوروژم و هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌م هه‌سته و خواسته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان، ئه‌مه برینێكی گه‌وره‌یه و پوازێكی قایمه بۆ قه‌ڵشتخستن له یه‌كگرتوویی و یه‌كانگیریی كورد.