هه‌رچه‌ند وشه‌ی دوانه‌ی "پله و پۆست" زۆربه‌ی جاران به‌یه‌كه‌وه و بۆ یه‌ك مه‌به‌ستی دیاریكراو دێن، به‌ڵام پوتانسێلێكی شاراوه‌ی وشه دوانه‌ییه‌كان ئه‌وه‌یه كه ده‌كرێت به‌شێوه‌ی دابڕاو و جیاش مانای تریان بۆ دابنێین، ئه‌مه‌ش له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه شتێكی ئاسایی و زانستییه. "پله" دیاره واتای پێگه و پله‌یه‌كی یاسایی ده‌دات كه "پۆست"ێك ده‌یاری ده‌كات. واته پله جۆرێك شایسته‌ییه كه كه‌سی پله‌دار، ده‌توانێت له‌سه‌ر كورسیی پۆسته‌كه‌ی به ئێمه بسه‌لمێنێت كه پله و پۆست دوو وشه و مانای لێكدانه‌بڕاون، وه‌ك ده‌ڵێن هه‌م له ڕووی مادییه‌وه و هه‌م له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه، دوانه‌یه‌كن كه به‌بێ یه‌كتر هه‌ڵناكه‌ن.
دیاره ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ئه‌و زه‌لكاوه سیاسی و جیۆپۆلۆتیكه‌یه كه له نێوان پله و پۆست و پله‌دار و پۆسته‌كاندا، كه‌مترین پیێوه‌ندیی ڕاسته‌قینه و ویژدانیی هه‌یه، بێ هۆكار نییه كه وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه عێراق له ڕیزی یه‌كه‌م وڵاتانی گه‌نده‌ڵی دنیایه. هه‌ر ئه‌م نه‌گونجانه ئاساییه‌ی نێوان پله و پۆسته‌كان خۆی ئاماژه‌یه‌كی بچووك و هه‌شتێكه له مشتێك، بۆ گوزارشت له‌و زه‌لكاوه‌ی ئێسته له ئارادایه.
به‌داخه‌وه لانیكه‌م له ڕووی به‌شداریكردنی فراكسیۆنه كوردییه‌كان له به‌غدا، كورد مه‌شروعییه‌ت و ڕه‌واییه‌كی بێ وێنه‌ی (هه‌ر له 2003ه‌وه) داوه به به‌غدا و تا ئێسته‌ش باجی ئه‌وه ده‌دات، ئه‌گه‌رچی له 2017 پاش په‌رچه‌كرداری وشیارانه‌ی مه‌زن، واته ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌وڵ درا ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕێنرێت و ئه‌و هاوبه‌شییه شكستخواردووه كۆتایی پێ بێت، به‌ڵام بڵێین چی كورد هه‌میشه به ده‌ست پوازی خۆیه‌وه قه‌ڵشتی تێكه‌وتووه، ئه‌و پوازه‌ی كورد كه له 2003ه‌وه و هه‌روه‌ها له 2017ه‌وه به هێنانه‌ئارای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و له ساڵی پاریش به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی په‌رله‌مانی عێراق، له په‌سندكردنی یاسای بودجه‌دا بۆ ڕاده‌ستكردنی هه‌رێم به به‌غدا و خه‌ونی سه‌رابئاسای لامه‌كه‌زییه‌ت هێنایه ئاراوه! كه ئێسته‌ش دوای بردنه سه‌ری به‌شی خۆیان له‌و پڕۆژه‌یه، نه لاكه‌یان ماوه‌ته‌وه كه لایان لێ بكه‌نه‌وه و نه مه‌ركه‌زییه‌ته‌كه‌ش سه‌قامگیره به‌هۆی ئێران و ئێسته‌ش ئه‌مه‌ریكاوه.
به‌هه‌رحاڵ به هه‌موو ئه‌مانه‌وه عێراق وه‌ك وڵاتێكی فیدراڵ، ناچار بووه به‌شێك له فیدراڵییه‌ته‌كه‌ی لانیكه‌م له قه‌واره‌ی ڕووكه‌شانه و دابه‌شكردنی پله و پۆست‌دا بنوێنێت، له‌م پرۆسه خواروخێچه‌دا به‌شێك له پۆسته‌كان به‌ر كورد كه‌وتوون، دیارترینیان كه یه‌كێتی هه‌ر له سه‌رده‌می ڕه‌وانشاد مام جه‌لاله‌وه خۆی بۆ به‌كوشت ده‌دا، پۆستی سه‌رۆك كۆمار بووه كه یه‌كه‌مین جار مام جه‌لال له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی ڕۆنیشت، ئه‌گه‌رچی مام جه‌لال به‌هۆی پێوه‌ندیی له مێژینه‌ی هه‌ر له سه‌رده‌می به‌عسه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له خێڵه عه‌ره‌بییه‌كان و كه‌سایه‌تییه ده‌ڵه‌مه سیاسییه عه‌ره‌به‌كان، ده‌یتوانی ئه‌و پۆسته تا ئاستێك به‌پێی پله‌ی ئه‌زموون و خه‌بات و تێگه‌یشتنی له به‌رژه‌وه‌ندی كورد به‌كار بهێنێت، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر باش سه‌رنج بده‌ین، زۆربه‌ی ئه‌و خزمه‌ته‌ی كه مام جه‌لال كردی، به یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی عه‌ره‌ب و پته‌وكردنی بنه‌ماكانی ده‌سه‌ڵات له عێراق بوو.
با له بیرمان نه‌چێت له مێژوودا هۆمه‌ر شێخ مووس بۆمان ئاوا ده‌گێڕێته‌وه: "كاتێك یه‌كه‌م به‌یانی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیمان بینی كه مام جه‌لال خۆی نووسیبووی، به‌شێكیمان لادا كه به‌شێوه‌یه‌كی تۆخ له ژێر كاریگه‌ریی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیدا بوو"، گێڕانه‌وه‌كانی هۆمه‌ر شێخ مووس وه‌ك یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی جێی هه‌ڵوێسته‌ی رژدن، ئه‌مه و ڕووداوه‌كانی دواتر و تا دوای مه‌رگی مام جه‌لال و ده‌ركه‌وتنی كوده‌تائاسای كوڕانی مام جه‌لال و په‌رته‌وازه‌كردنی یه‌كێتی، پێمان ده‌سه‌لمێنێت كه یه‌كێتیی نیشتمانی تا ئێسته‌ش له ژێر كاریگه‌ریی عێراقی عه‌ره‌بیدان و وا ده‌زانن عه‌قڵی ڕژێم و سیستمێك كه ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌و هه‌موو كاره‌ساتانه‌ی بۆ كورد له هه‌موو پارچه‌كان هێنایه ئاراوه، ده‌كرێت له‌گه‌ڵیدا بكه‌ویته هاوسه‌نگی و هه‌ڵسوكه‌وتكردن، به‌ڵام وه‌ك له دوا هه‌وڵی عێراقچێتی هاوكاریی میلیشیاكان له پڕۆژه‌ی بودجه‌دا بینیمان، ئه‌مه خه‌یاڵێكی پڵاو بووه، ئه‌گه‌رچی بۆنی پڵاوه‌كه‌ی تا واشنتن و ئه‌نقه‌ره‌ش ڕۆیشت، به‌ڵام وادیاره ناگاته لووتی براده‌ران له ده‌باشان و ده‌وربه‌ر.
به‌هه‌رحاڵ بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مام جه‌لال وه‌ك پله و وه‌ك پۆستیش، واته له پله‌ی پۆست‌دا خزمه‌تی باشی عێراقی عه‌ره‌بیی كرد كه ئێسته له به‌عس خراوتر زاریان بۆ قووتدانی هه‌رێم داپچڕیوه، تا ئێسته‌ش مووچه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمیان به شیوازی جۆراوجۆر حه‌په‌لووش كردووه. دوای مام جه‌لال كاك فوئاد مه‌عسووم بوو به سه‌رۆك كۆمار، سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماریی ئه‌و له‌لایه‌ن هه‌ندێ ته‌نزنووسه‌وه، به سه‌رده‌می "خه‌وی زستانی" ناو ده‌برێت، ئه‌و بۆ كه‌م ڕووداوێك به چاكه یان خراپه هه‌ڵوێستی هه‌بووه، كاریگه‌ریی لۆبییانه و سیاسیشی له كه‌مترین ئاستدا بووه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌كرێت له شكست و داڕماندا، ته‌نیا له‌گه‌ڵ قۆناغی سه‌رۆك كۆماریی د. به‌رهه‌م ساڵحدا به‌راورد بكرێت. ئه‌و كه‌سایه‌تییه پوتانشێلداره سیاسییه‌ی كه هه‌موو كه‌رامه‌تی سیاسیی خۆی بۆ بوون به سه‌رۆك كۆمار، فڕێدایه زبڵدانی مێژووه‌وه و ئێسته له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا ناوی نییه.
له‌تیف ڕه‌شید ئه‌گه‌رچی بۆ هه‌ندێك بابه‌ت لانیكه‌م هه‌ڵویستێكی میدیایی ده‌بوو، به‌ڵام یه‌كێك له‌و بێده‌نگییانه‌ی كه به‌ڕاستی ده‌بێته عه‌یبه و ڕه‌خنه‌یه‌كی گه‌وره له‌سه‌ری، ئه‌مه‌یه كه ئه‌و ده‌ستدرێژی و پێشێلكارییه‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و كوشتنی هاووڵاتیی سڤیل و منداڵی بینی، به‌ڵام نه‌یوێرا به ڕاسته‌وخۆ بڵێت له ئێرانه‌وه ئه‌م كاره كراوه، له حاڵێكدا ئێرانییه‌كان به هه‌موو ڕاگه‌یاندنه‌كانیاندا و به شانازییه‌وه بڵاویان ده‌كرده‌وه، كه‌چی بۆ لێدان له بنكه و باره‌گاكانی حه‌شد و گرووپه كلكه‌كانی ئێران سه‌ركۆنه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و به ڕوونی په‌نجه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریكا درێژ كردووه. ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌ندێك له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕی میدیایی له عێراق و هه‌رێم بڵێن، له‌تیف ڕه‌شید سه‌رۆك كۆماره‌كه كورده‌كه‌ی عێراق، كه‌سێكی دووڕووه.
مه‌به‌ستی گشتی من له ڕیزكردن و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه كورته ئه‌وه‌یه، پۆستی سه‌رۆك كۆماری جگه له زیان و فریودان، هیچی بۆ كورد پێ نه‌بووه. یان تۆ پۆسته‌كه‌ت ڕۆتینه و پله‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی نییه و ناتوانی هیچ بڵێی یان ناوێری هیچ بڵێی. له هه‌ردوو حاڵه‌تدا پێداچوونه‌وه به‌م پله و پۆسته‌دا له‌لایه‌ن هێز و گوتاری سیاسیی كورده‌وه، پێویستییه‌كی ژیرانه و ستراتیجیكه. ئێمه خۆ سیاسه‌ت بۆ خۆنواندن ناكه‌ین، به‌ڵكو بۆ ده‌ستكه‌وتی ده‌كه‌ین. چ سوودێكی ده‌بێت وڵاتانی كه‌نداو بڵێن سه‌رۆك كۆماری عێراق كورده، كه‌چی كه‌مترین كاریگه‌ریی سیاسی و ناسیاسیشت نه‌بێت.