كۆنگرەی 14 كۆتایی هات

PM:01:28:23/11/2022 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو حزبەی نەیار و ركابەرەكانی بچووك دەكاتەوە و كادرەكانیشی خاوەن دیسپلینی حزبین. بەپێی ڕێكارە یاسایی و حزبی و نەریتە سیاسییەكان، وا دەردەكەوێ كە كۆنگرەی لە دهۆك/ 14، سەركەوتوو بوو، بەتایبەت سەركەوتنی حەوت ئافرەت بۆ كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامێكی یەدەگ، ئاماژەیەكی باشە بۆ هەبوونی هەلی بەشداری سیاسی ئافرەتان لەناو پارتیدا، "ئەگەر ئەم ئافرەتانە بە ئەركی نوێنەرایەتیكردنی ژنان هەستن".

گەنجبوونەوەی پارتی لەم كۆنگرەیەدا، خاڵێكی گرنگە بۆ ئومێدبەخشین و ڕاكێشانی خەڵكی دەرەوەی حزبەكە بۆ ناو پارتەكە و جێكردنەوەی بیری نوێ، بۆیە دانانەوەی ١٠ ئەندامی مەكتەبی سیاسی بە بڕیاری سەرۆك و كۆدەنگی ئەندامانی كۆنگرە لەسەریان، هەم كەڵكوەرگرتنە لە ئەزموونی نەوەی پێشوو و هەمیش گرێدانەوەیەتی بە عەقڵ و بۆچوونی نەوەی نوێ، عیبرەت وەرگرتنیشە لەو هەڵەیەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە دوو كۆنگرەی دواییدا ئەنجامی دان .

زیادكردنی ئەنجوومەنی تێكۆشەران لەڕووی ڕاوێژكردن و پەراوێزنەخستنەوە، خزمەتی پارتی دەكات و لە پەرتەوازەبوون دەیپارێزێت و لەو چارەنووسە دووری دەخاتەوە كە پارتە ڕكابەرەكانی تووش بوون. ئەوەیشی تایبەتە بە دەرنەچوونی ئەو كاندیدانەی لەناو حزبەكانی ترەوە هاتبوون، خەڵك لەوە وشیار دەكاتەوە كە پارتی هەرچەند كراوە و دیموكراتیش بێ، بەڵام كۆنزەرڤاتیڤە و دەست بە پرەنسیپ و كادرە ڕەسەنەكانی خۆیەوە دەگرێ، كەس لە پڕێك ناكاتە كوڕێ.

دەرنەچوونی بەرپرسی لقەكانیش ئەوانەی كاندید بوون و دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ گەیشتنن بە كۆمیتەی ناوەندی، وا دەخوێنرێتەوە كە هەندێكیان نەیانتوانیوە هەڵسووڕاوێكی سەركەوتووی حزبەكەیان بن و ببنە بەشێك لە داخوازییەكانی جەماوەری حزبەكەیان و بەسەریان بكەنەوە، تەنانەت لە پاراستنی ڕایەڵەی حزبی نێوان ئۆرگانەكانیش تا ئاستێك لاواز بوون. بەڵام هەندێكیان سەركەوتوویش بوون لە كاری خۆیاندا و نەگەیشتن بە كۆمیتەی ناوەندی، بەگشتیی دەنگدان پرۆسەیەكی دیموكراسییە و هەموو كات خواستی هەموو كاندیدەكان بەدی ناهێنێ، گرنگ ئەوەیە ئەنجامەكە قبوڵ بكرێ.

ئەمەش بەرچاوڕوونییەكی تەواو دەدات بە كۆمیتەی ناوەندی نوێی پارتی كە بۆ كاركردنیان لە ئایندەدا، بزانن چۆن هەنگاو هەڵدەگرن و جەماوەری حزبەكەیان تا چ ئاستێك ڕازی دەكەن و فراوانتری دەكەن، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی (كوردستان و عێراق) دەگەیەنن بە چەند؟

حزب ئامرازە و ئامانجەكە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە بەبێ جیاوازی ئایدیا و ڕەگەز و ئاینزا، بۆیە سەركەوتنی كۆنگرەی هەر پارتێكی كوردستانی، دەستكەوتێكە بۆ بەخۆداچوونەوە و چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی خەڵك، كە تا ئاستێكی زۆر پارتەكانی كوردستان لێی بەرپرسن.

تا ئەم ساتە بەپێی پێوەرەكانی هەڵسەنگاندن، پارتی توانیویەتی پارێزگاری لە قەوارەی خۆی بكات، بۆیە پشكی شێری لە گلەیی و گازاندەی خەڵك بەردەكەوێت و ئەركی پارتییە ئەو تەرازووە لاسەنگە ڕاست بكاتەوە .

پارتی كە لەسەر دەستی مستەفا بارزانی لە 16ی ئابی 1946 لە مەهاباد دامەزرا، خاوەنی (24) لقە و هەردوو لقی (6 و 7)ی لە ئەوروپا و ئەمەریكان. بە دروشمی (نوێبوونەوە، دادپەروەری، پێكەوەژیان) درێژە بەكاری سیاسیی خۆی دەدات و گرنگیشە لەڕێی حكوومەتە ژیان و پێشكەوتنەكان زیاتر پەرە پێ بدەن.