(هه‌ڵوێستی ئه‌خلاقیی له‌هه‌مبه‌ر ئاگرکه‌وتنه‌وه له بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر)
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌م ڕسته‌یه ڕسته‌یه‌کی به‌ناوبانگی بواری کۆمه‌ڵناسیی و زۆر زانستی تریش به شێوازی جۆراوجۆر ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ری، ئه‌مه‌یش ئه‌و واتایه‌ی هه‌یه كە بوونی مرۆڤ به تاک و ته‌نیا هیچی لێ شین نابێت و ئه‌وه‌ی مرۆڤ له هه‌ر قۆناغێکی مێژوویی‌دا به‌ره‌و پله‌کانی شارستانییه‌ت و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رز ده‌کاته‌وه، ته‌نیا بوونێتی له‌ناو قه‌واره‌یه‌کی بچووک یان گه‌وره‌تر به‌ناوی کۆمه‌ڵ یاخۆ کۆمه‌ڵگە.
ئه‌مه‌یش ته‌نیا پێکهاته‌سازییه‌کی ئۆرگانی مێژووکردی تاکڕه‌هه‌ند نییه، به‌ڵکوو خۆی شکڵگیریی پێکهاتی کۆمه‌ڵایه‌تی (له به‌ده‌ویترین و سه‌ره‌تاییترینه‌وه بگره تا پێشکه‌وتووترین و قه‌یراناوترین)ـە و مانای کامڵ‌بوونی کۆمه‌ڵگەیه به شێوه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاو له ئاستگه‌لی سایکۆلۆجی، ژیاری، ئابووری و خۆراک، كو‌لتوور، زمان و سیاسه‌ت و هه‌موو ئه‌و ده‌رکه‌وتانه‌ی که کۆمه‌ڵگەیه‌ک وه‌ک لێهاتووییه‌کانی گه‌شه و نه‌شه‌ی خۆی به‌پێی پاشخانه مێژوویی و هزرییه‌که‌ی ده‌یخاته ڕوو بۆ خۆی و مێژوو و ده‌رودراوسێ و هه‌موو جیهان.
کاتێک که‌سه‌کان له‌ناو پێکهاتێکی پێشکه‌وتوو و ده‌ر‌وه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا خۆیان ببیننه‌وه، به جۆرێک له جۆره‌کان متمانه و دۆخێکی هێمنیی ده‌روونییان بۆ دروست ده‌بێت که له جیهاندا ته‌نیا نین و ده‌توانن پشتئه‌ستوور بن به کۆمه‌ڵگەیه‌ک که توخمگه‌لی هاوبه‌شی وه‌ک زمان، خوێن، کو‌لتوور، ئاین، و باوه‌ڕ و خه‌یاڵدانی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی له‌وان و کێشه و ئالنگارییه‌کانیان بکات و به‌و پشتئه‌ستوورییه ده‌روونییه‌وه له‌گه‌ڵ دنیا و ده‌وروبه‌ریدا پێوه‌ندی وه‌ربگرن.
چیرۆکی گه‌شه‌ی مرۆڤ له‌ناو کۆمه‌ڵدا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له جیهانی ئایدیال و ئه‌شکه‌وته‌که‌ی ئه‌فلاتوون ده‌چێت، مرۆڤ ئه‌گه‌ر خۆی به ته‌نیا وێنا بکات، ته‌نیا تێگه‌یشتن و حاڵیبوونی له دنیادا وه‌ك ئه‌و سێبه‌رانه‌یه که به‌هۆی تیشکی خۆرەوە له ده‌ره‌وه ده‌که‌وێته دیواری به‌راتبه‌ر ناو ئه‌شکه‌وته‌که و که‌سی داخراوی ته‌نیا ده‌یبینێت. واته که‌سی دوورەپەرێز وه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌یه که به‌سراوه به کۆڵه‌که‌یه‌ک یان ڕاگرێکه‌وه و پشتی له جیهانی ده‌ره‌وه‌یه، ته‌نیا به‌هۆی تیشکی خۆره‌وه و ته‌نیا له ڕۆژدا ئه‌و که‌سانه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕن و سێبه‌ریان ده‌که‌وێته سه‌ر دیواری به‌رانبه‌ری، ده‌زانێت شتێک یان که‌سانێک هه‌ن، به‌ڵام قه‌ت ناتوانێت وێنای ئه‌وه بکات ورده‌کاری و تاوەرۆكی ئه‌و که‌س و شتانه چین، چونکه له به‌رچاوی ئه‌و کۆمه‌ڵێک تارمایی و سێبه‌رن و هه‌ر ئه‌وه‌یان لێ تێده‌گات، به‌ڵام مرۆڤ کاتێک له‌م ئه‌شکه‌وته به هه‌ر هۆکارێک بچێته ده‌ره‌وه، خۆی له قه‌واره‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌تر له سێبه‌ر و تیشکی خۆر و ڕاگر و دیوار و...ده‌بینێت و به ڕوونی تێده‌گات بوونی ئه‌و له‌ناو کۆمه‌ڵگەدا چ شوناسێکی ناکۆتا و گه‌ورەی پێ به‌خشیوه.
ئه‌مه حیکایه‌تی ساده‌ی تاکانه‌ژیان و کۆمه‌ڵایه‌تیبوونه که هه‌ر کامه‌یا‌ن له سۆنگه‌یه‌که‌وه ده‌لاله‌ت له شوناسی مرۆڤ ده‌که‌ن، له سه‌رده‌می ئێستەماندا مرۆڤ له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر پێشکه‌وتووتره، به‌ڵام هاوکات ئه‌مه به‌و مانایه‌ش نایه‌ت که به شێوه‌یه‌کی ڕه‌مزی و جیاواز هێشتا هه‌ر له جیهانێکی ئه‌شکه‌وتئاسای ئه‌فلاتوونیدا نه‌بێت. واته به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌مزی ئاوای لێ دێت که قه‌واره‌ی جڤاته‌که‌ی خۆی ده‌بێت به ئه‌شکه‌وته‌که‌ی و جیهانی ده‌ره‌وه و گه‌وره‌تر له کۆمه‌ڵ و جڤاته‌که‌ی خۆی که جیاواز له‌و ده‌ژی و بیر ده‌کاته‌وه یان له دۆخێکی جیاواز له‌ودا ده‌ژی، که‌متر به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که له کۆمه‌ڵناسیدا پێی ده‌ڵێن "ئه‌تۆمیزه‌بوون/کردن" یان به وردیله‌کردنی کۆ‌مه‌ڵگەکان. واته دابڕانی تاک له کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵه‌کان و کۆمه‌ڵ له تاک.
ئه‌م دۆخه له‌و وڵاتانه‌ی ئازادی سیاسی‌یان نییه و ئینتیمای نیشتمانی و ئه‌خلاقییان لاوازه زۆرتر زاڵه. بۆ دۆخه سه‌خته‌کانی کوردستان هه‌میشه جۆرێک له هاوخه‌می و هاوکاریی گشتیی هه‌بووه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بوومه‌له‌رزه‌که‌ی چه‌ند ساڵ پێش ئێستەی شاری کرماشانی ڕۆژهه‌ڵات بێنینه پێش چاوی خۆمان، به به‌ڵگه‌وه ده‌بینین هه‌موو کورد له سه‌رانسه‌ری دنیاوه پاڵپشتی و یارمه‌تییان کرد، ئه‌مه جگه له‌و کۆده‌نگییه‌ی له خه‌م و په‌رۆشی بۆ یه‌کتر دروست بوو. به ڕای من بوومه‌له‌رزه‌که‌ی کرماشان سه‌ره‌ڕای ڕوودانی کاره‌سات و گیان له‌ده‌ستدانی خه‌ڵکێکی زۆر له کوردانی هاوخوێن و نه‌ته‌وه‌مان، گرێدانه‌وه و هه‌ڵپێکانێکی نه‌ته‌وه‌یی خستە ڕوو که خه‌م و ده‌ردی هاوبه‌شی زه‌ق کرده‌وه. ئه‌مه پێشانی ده‌دات کۆمه‌ڵگەی کوردی هه‌رچه‌نده له‌ژێر ده‌ستی داگیرکه‌رانیه‌وه ده‌یان پلانی دابڕان و قڵشتسازیی و ئه‌تۆمیزه‌کردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، به‌ڵام پێکه‌وه و به هه‌ره‌وه‌زی به ته‌نگ و پیری کۆستێکی گه‌وره‌ی مرۆییه‌وه هاتن و تا توانیان یارمه‌تی خه‌ڵکیان دا و له خستنه‌سه‌رپێی ژیان پشتیوانیان کردن.
ڕاسته کاره‌سات ڕووی دزێو و دڵڕه‌قانه‌ی زۆره، به‌ڵام که ڕوویدا ده‌بێت به ته‌نگ ئه‌و لایه‌نه‌وه بین که ده‌شێت قوتار بکرێن، ڕووداوی ئاگرکه‌وتنه‌وه له بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر، خۆی له خۆیدا ئه‌وه‌ی که خه‌ساری گیانی لێ نه‌که‌و‌ته‌وه، مایه‌ی شوکرانه‌بژێرییه، ئه‌مه‌یشی ده‌یڵێم نیازپاکییه له ده‌ربڕینی هه‌ر کوردێکی نیشتماندۆست و مرۆڤدۆستدا، به‌ڵام له ڕووه ئابوورییه‌که‌وه ژیانی سەتان بنه‌ماڵه و خێزان ده‌شێت زەڕبەی به‌رکه‌وێت، بۆ ئه‌مه‌یش هه‌روه‌ک هه‌موو ڕووداوه ناخۆشه جه‌معییه‌کان به‌رخۆدان و هه‌ره‌وه‌زییه‌کی جه‌معی و گشتیی پێویسته. ئه‌مه ڕۆحی هاوبه‌شی مرۆیی و نیشتمانییه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌ر‌وه‌ستی و به ته‌نگه‌وه‌بوونه، هیچ ده‌لاله‌تێکی تری بۆ نابینرێته‌وه. هه‌ربۆیه ئومێد هەیە له‌م ڕووداوه ناخۆشه‌دا (سه‌ره‌ڕای له‌شساغی و ته‌ندروستی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خه‌ساریان به‌رکه‌وتووه)، سه‌رمایه‌داران و خاوه‌ن مارکێت و ده‌ستڕۆیشتووه‌کان و خاوه‌ن کارگه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی پووشێکیان پێ ده‌خرێته سه‌ر خه‌رمانێک له هه‌ره‌وه‌زییه‌کی مرۆیی و نیشتمانیدا زیان لێکه‌وتووانی ڕووداوه‌که به‌سه‌ر بکه‌نه‌وه.
پێویست به گوتن ناکات که حکوومه‌تی هه‌رێم وه‌ک پارێزه‌ری هاووڵاتی و هاونیشتمانی، ئه‌رکه له‌سه‌ری زیان لێکه‌وتووان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت به‌سه‌ر بکاته‌وه و ئاسانکارییان بۆ بکات، تا دۆخه‌که‌یان ئاسایی ده‌بێته‌وه و دەكەونەوە سه‌ر پێ، کوردستان سه‌ره‌ڕای هه‌موو گوشاره‌کان، وڵاتێکی به ئه‌خلاق و زیندووه و ئه‌و ڕووداوه‌یش به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌دا تێده‌په‌ڕێت و لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه له هه‌ستانه‌وه له خۆڵه‌مێش تۆمار ده‌کرێت.