بێگومان مانگی ڕه‌مه‌زان بۆ کۆمه‌ڵگە مسوڵمانەكان مانگێکی تایبه‌ت و پیرۆزه، پیرۆزی و تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م مانگه وای کردووه وڵاتانی تری دنیا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ڕێزی بگرن، چونکه ڕێژه‌یه‌کی سه‌روو ملیار که‌س له‌م مانگه‌دا به ڕۆژوون و به‌ها و په‌یامه‌کانی ئه‌م مانگه‌یان لا پیرۆزه. نمونه‌ی ئاماده و ساده‌ی ئه‌مه وتەكەی ستیڤ هیگن باڵیۆزی به‌ریتانیایە له عێراق كە له لاپه‌ڕه‌ی خۆی له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی نووسی: وه‌ک پاڵپشتییه‌ک بۆ مسوڵمانان به‌ڵێنم پێدان ڕۆژێک لە مانگی ڕه‌مه‌زاندا به ڕۆژوو بم. ڕێنوێنیم بکه‌ن چۆن ڕۆژووه‌که‌م ته‌واو بکه‌م. بێگومان ئه‌م جۆره هه‌ڵوێستانه به‌ده‌ر نین له تێڕوانین و ته‌کنیکی سیاسی و جووڵەی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی، به‌ڵام ده‌ربڕی هه‌ژموونی ئه‌م ڕەمەزانیشە لای موسڵمان و ته‌نانه‌ت بیانییه‌کانیش، هه‌ر به‌و هۆیه‌وە، پێش هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان، هه‌موو هه‌وڵێک بۆ ئاشتی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل درا، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌ری نه‌گرت.
له هه‌ر سۆنه‌گه‌یه‌که‌وه چاوی لێ بکه‌ین، ئه‌م مانگه نه‌ک ته‌نیا له پێگه‌ی باوه‌ڕەوە، بگرە له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکۆلۆجیشه‌وه مانا و کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه، به‌ڵام به هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه مه‌رج نییه ئه‌م مانگه وه‌ک گوشارێك له هه‌مبه‌ر ئه‌وانه‌ی مسوڵمان نین یان باوه‌ڕی دیکه‌یان هه‌یه، به‌کار بهێنرێت، بەڵكوو ده‌بێت ئێمه بتوانین مانگی ڕه‌مه‌زان و بۆنه پیرۆزییەكانی ئاینەكانی تری کوردستانیش له فۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانییه‌که‌یدا ببینین. واته هه‌ر بۆنه‌یه‌کی تەنانەت جیاواز له باوه‌ڕ‌یشمان بکه‌ین به خاڵێک بۆ یه‌کگرتن و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن و نزیکبوونه‌وه له یه‌کتر. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێت له‌سه‌ر چه‌ند خاڵ ئاگەدار هاوڕابین:
یه‌که‌م ئه‌وه‌ی جیهانی ئێسته‌مان جیهانێکی فره‌ده‌نگ و فره‌باوه‌ڕه، واته له کۆمه‌ڵگە مسوڵمانه‌کان و ته‌نانه‌ت له ئامێزی باوک و دایکی مسوڵمانەوە، منداڵی وا پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگە ده‌کرێن که به‌هۆی خوێندنه‌وه و توێژینه‌وه و بینین و ئه‌زموونه‌کانی خۆیانه‌وه، باوه‌ڕ و تێڕوانینی تریان بۆ ژیان، ئاین و دنیا هە‌بێت، که‌واته کۆمه‌ڵگەی فره‌ڕه‌نگ وه‌ک سه‌پێنراو و جه‌برێکی ئه‌رێنی و چاکی سه‌رده‌میانه هه‌موو جیهانی ته‌نیوه‌ته‌وه و ڕووبه‌ڕوووه‌ستانه‌وه دژی ئه‌م نه‌زم و دامه‌زراندنه نوێیه، جگه له توندوتیژی و به‌ریه‌ککه‌وتنی نه‌رێنی چی دیکه‌ی لێ ناكەوێتەوە.
دووەم، هه‌ر بۆنه‌یه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی عه‌قڵی یان فه‌لسه‌فی له‌پشته، ئه‌م فه‌لسه‌فه یان ئاینییه یان نائاینی، هه‌ر کامه‌یان بێت گرنگ ئه‌وه‌یه سوودی بۆ کۆمه‌ڵگە و مرۆڤایه‌تی هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر بڕێک به ڕوانینێکی کراوه‌وه چاو له په‌یامی هه‌موو ئاینه‌کانیش بکه‌ین، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هاتوون. واته دروستکردنی جیهانێک بۆ ئارامی و ئاسووده‌یی و پێکه‌وه‌ژیانی مرۆڤه‌کان. له ڕاستیدا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ئاینیش چاو له‌م مانگه بکه‌ین، ده‌کرێت بڵێین مانگێکه تێیدا مرۆڤ ده‌که‌وێته جۆره شه‌ڕ و ململانێیه‌کی ده‌روونی له‌گه‌ڵ خۆی و ئه‌گه‌ر به ده‌ڕبڕینیکی ئیسلامیانه‌یش باسی بکه‌ین، مرۆڤ له‌و مانگه‌دا ده‌که‌وێته جۆره جیهادێک له‌گه‌ڵ نه‌فسی خۆی، ئه‌م تێڕوانینه مه‌رج نییه ته‌نیا بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ڕۆژوو وه‌ک باوه‌ڕێکی شه‌رعی ده‌گرن ڕاست بێت، به‌ڵکوو ده‌شێت بۆ ئه‌وانه‌یش بێت که ئه‌م مانگه و په‌یامه‌کانی له ئاستێکی ڕه‌مزیدا ده‌بینن.
بۆ نموونه، ده‌شێت له ئاسته ڕه‌مزییه‌که‌یدا که‌سێکی نامسوڵمان یان که‌سێکی سه‌ربه ئاینی زه‌رده‌شتی یاخۆ ئاینه‌کانی تر، به‌پێی بنه‌ما و به‌ها مرۆییەكانی ئه‌م مانگه بیه‌وێت میواندارییه‌کی باشی که‌سانێکی ده‌ستنه‌ڕۆیشتوو و هه‌ژار بکات، ئه‌مه خۆی ده‌سکه‌وت و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تییه. واته له‌م ڕوانگه‌یه‌وه نیازی ئێمه بۆ کاره‌که له پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی‌دا زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه و خزمه‌تی کۆمه‌ڵ و هاوزمان و هاونیشتیمانیانی خۆمانی پێ ده‌که‌ین.
خاڵی سێیه‌م و کۆتایی ئه‌وه‌یه، ئێمه ده‌بێت کوردستان وه‌ک وڵاتێک به دۆخێکی تایبه‌تمه‌ند و گه‌مارۆدراودا بخوێنینه‌وه، واته وڵاتێکی نیوه‌سه‌ربه‌خۆ به هه‌موو کو‌لتوور و پێشکه‌وتن و خاڵی لاواز و سه‌رکه‌وتووه‌وه که هیچ کام له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر چاویان به‌رایی نادا‌ت بچووکترین هێمنی و پێشکه‌وتن به خۆیه‌وه ببینێ، هاوكات هه‌رێم جیۆگرافیایه‌که له ڕووی ئاینی و زمان و زاراوه‌وه فره‌ده‌نگ و ڕه‌نگه، نه‌ک هەر ئه‌مه‌یش، به‌ڵکوو له ڕووی تێڕوانین و بیرکردنه‌وه‌یشەوە بەشی خۆی تێڕوانینی نائاینی جیاواز له ئاینه‌کانی تێدا هه‌ڵکه‌وتووه، ئیتر به هه‌ر ناوێکه‌وه هه‌ن، گرینگ ئه‌وه‌یه که ئێمه به‌کۆ وه‌ک سه‌رمایه و پۆتانسێل چاوی لێ بکه‌ین.
ئه‌م هه‌موو ڕه‌نگ و ده‌نگه و ئه‌م هه‌موو جیاوازی تێڕوانین و ئایدۆلۆجیایه، کاتێک ڕایه‌ڵه و هه‌ودایه‌کی پته‌و بۆ پێوه‌ندی و دانوستانی سه‌رده‌میانه له‌گه‌ڵ یه‌کدا نه‌دۆزنه‌وه، به ئاسانی ده‌بن به ئامرازێک به ده‌ست وڵاتانی نه‌یاره‌وه و ده‌رفه‌ت ده‌بێت به هه‌ڕه‌شه و هه‌ل ده‌بێت به خه‌سار! هه‌ربۆیه پێم وایه کوردستان هێنده مه‌شقی چه‌ند ڕه‌نگی و فره‌ده‌نگی کردووه كە له‌م مانگه‌دا ڕێز له‌وانه بگرێت باوه‌ڕیان جیاوازە و ئەوانیش له به‌رانبه‌ردا ڕێزی ئه‌م بۆنه و باوه‌ڕانه بگرن. چه‌مکی پێکه‌وه‌ژیان له وه‌ها به‌ستێن و زه‌وینه‌یه‌کی دانوستان و ته‌عامولدا زیاتر ده‌بووژێته‌وه و ده‌گاته گه‌شه و که‌ماڵ.
ئێمه ئه‌گه‌ر به هه‌ر تێڕوانینێکه‌وه چاو له مانگی ڕه‌مه‌زان بکه‌ین، ده‌بینین هێنده شتی باش و به سوودی بۆ کۆمه‌ڵگە و تاک هه‌یه، ناتوانین به ئاسانی نه‌یانبینین، هه‌ر له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه بگره تا ئه‌و حاڵه‌ته ده‌روونیانه‌ی به‌هۆی گۆڕانکارییه کیمیاییه‌کانی له‌ش له کاتی برسێتی و چاوه‌ڕوانی به‌ربانگدا دێته ئاراوه، هه‌موویان کولتوورێکی مادی و مه‌عنه‌وی وه‌هان كە ده‌شێت وه‌ک ده‌رفه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ئازاد بیخوێنینه‌وه تا مرۆف خۆی ختووکه بدرێت بۆ به‌پیره‌وه‌هاتن و به ده‌نگه‌وه‌هاتنی ئه‌م ئه‌زموونه مه‌عنه‌وی و مادی و کۆمه‌ڵایه‌تییه تایبه‌ته.