(به‌بۆنه‌ی هه‌شتی مارس)
نه‌ک ته‌نیا له ڕۆژی هه‌شتی مارس به‌ڵکوو له ڕۆژی ڤالانتاین و ڕه‌نگه چه‌ندان ڕۆژ و بۆنه‌ی تریشدا ئێمه سه‌رجه‌م بیرمان ده‌که‌وێته‌وه که ژنانیش مافیان هه‌یه و ده‌بێت ڕێزیان لێ بگیرێت، دیاره ئه‌مه هه‌رگیز لای من ئه‌و مانایه نادات که هه‌وڵ و تێکۆشانی چالاکانی بواری ژنان و زۆر ئه‌دیب و ڕۆشنبیر که به‌ها و نۆرمه نه‌ریتی و ئایینییه‌کانیان ڕه‌خنه کردووه و هه‌وڵیان داوه ژنان له ناو زۆر هاوکێشه‌ی چه‌وسێنه‌رانه و نادادپه‌روه‌رانه بهێننه ده‌ره‌وه، ئینکار بکه‌م، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمه ئه‌مه بڵێم ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌نیا له هه‌شتی مارس یان چه‌ند بۆنه و ڕۆژێکی دیکه‌دا یادێک له مافه‌کانی ژن و ژنێتی مرۆڤێک ده‌که‌ینه‌وه که جه‌سته و ڕۆحی پڕه له برین، ده‌بێت پرسیار بکه‌ین بۆچی وایه؟ ئایا به بارته‌قای هه‌موو ڕۆژانی دیکه که ژنان توندوتیژی به‌رانبه‌ریان ده‌کرێت له‌م ڕۆژه‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان به‌ر ده‌که‌وێت که ئازاره‌کانیان بگێڕنه‌وه و توێی برینه‌کانیان هه‌ڵده‌نه‌وه؟ بێگومان نه‌خێر!
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه تاکوو ئێسته کۆمه‌ڵێک پێشکه‌وتن له بواری جۆراوجۆردا بۆ ژنان هاتووه‌ته ئاراوه به‌ڵام زۆر که‌متره له‌وه‌ی که ده‌بێت هه‌بێ، چونکه به‌شێک له‌م پێشکه‌وتن و هه‌نگاونانه به‌ره‌و یه‌کسانیی جێنده‌ری و دادپه‌روه‌ریی له مافی ژناندا ته‌نها له ئاسته ڕووکه‌شه‌که‌یدایه بۆ نموونه زۆر جار پیاوان وا بیر ده‌که‌نه‌وه که ئه‌گه‌ر مافی ئیش‌کردن له ده‌ره‌وه بده‌ن به ژنان ئه‌وا منه‌تێکه به‌سه‌ر ژنانه‌وه و ده‌بێت قه‌درزان و پێزانی پیاوان بن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه مافی ئیش‌کردنی ژنان و ده‌رکه‌وتن له ساحه جۆراوجۆره‌کاندا شتێک نییه له لایه‌ن پیاوانه‌وه و به‌خێر بدرێت به ژنان چونکه هه‌ر وه‌کوو چه‌مکه‌که ده‌ربڕێتی مافه و ته‌واو!
کاتێک باسی ماف ده‌که‌ین واته شتێکی زاتی و جه‌وهه‌رییه، سرووشت و گه‌ردوون و هێزێکی به‌ده‌سه‌ڵاتتر له گوتاری پیاوسالاری و ده‌سه‌ڵاته سیاسی و ئابوورییه‌کان به ژنیان داوه، پێشمه‌رج و گریمانه‌ی ئه‌م تێڕوانینه ئه‌وه‌یه که ئێمەی ژن وه‌کوو کائین و بوونێکی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ماف بزانین، ئه‌م تێڕوانینه بۆ کۆمه‌ڵگە نه‌ریتی و ئایینییه‌کان به ئاسانی قووت ناچێت بۆیه به‌رده‌وام ئێمه نه‌ک ته‌نیا شایه‌تی توندوتیژی دژی ژنان به‌بۆنه‌ی ده‌رکه‌وتن و چالاکییان له بواره جۆراوجۆره‌کان داین به‌ڵکوو شایه‌تی ئه‌وه‌شین که ژنان له لایه‌ن گوتاری پیاوسالاری که به‌ڕێوه‌به‌ر و ئیداره‌ده‌ری زۆرێک له جومگه‌کانی کۆمه‌ڵگەن به‌کار ده‌هێنرێن، زه‌ختیان ده‌خرێته سه‌ر، له ڕووی ئابوورییه‌وه دامه‌زراندیان مه‌رجدار ده‌کرێته‌وه به جه‌سته و له‌شێکی جوان و سێکسییه‌وه و کاتێکیش ئه‌م ژنانه له لایه‌ن ئه‌و گوتارانه‌وه تووشی کێشه و که‌تن ده‌بن هه‌ر ئه‌و گوتارانه‌ن که بڕیاری سزادان و به‌ردبارانکردنیان ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و گوتاره که پڕچه‌که به شه‌ره‌فپه‌ره‌ستییه‌کی ده‌مارگرژانه و له‌سه‌رپێیه بۆ ته‌قه‌کردن له هه‌ر شتێک که له قه‌ره‌وڵی بچووکی ئه‌وه‌وه ئابڕوو و حه‌یا و ...پێناسه ده‌کرێت.
ئایا هه‌ر ئه‌و گوتاره نییه که ژنان تووشی ئه‌و ئالنگارییه ده‌کات؟ ئه‌گه‌ر پرسیاره‌که به زمانێکی ساده و ڕۆژانه‌یی و له‌سه‌ر زاران دابڕێژمه‌وه ئاوا ده‌لێم ئایا پیاوێک که دا‌و داده‌نێت بۆ ژنانی ناو کۆمه‌ڵگا هیچ کات له زهن و ده‌روونی خۆیدا ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش قایله که ئه‌وا پیاوانی دیکه‌ش دا‌و بۆ ژنانی بنه‌ماڵه و خێزانی ئه‌و داده‌نێن؟ جه‌وهه‌ری پرسیاره‌که‌ی من ئه‌وه‌یه هیچ به‌ناو کێشه و که‌تنێک بۆ ژنان له بۆشایی و به‌ته‌نها نایه‌ته ئاراوه، ئه‌گه‌ر باشتر بڵێم ده‌ڵێم هیچ یه‌ک له‌و بابه‌تانه‌ی که وه‌کوو به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌ها ئایینییه‌کان پێناسه کراون و دواتر ژنان به لادان لێیان تۆمه‌تبار ده‌کرێن ته‌نیا له لایه‌ن ژنانه‌وه ڕوو ناده‌ن، به‌ڵکوو ده‌نگی چه‌پڵه‌که هی هه‌ردوو ده‌سته‌که‌یه واته ده‌ستێکی پیاو و ده‌ستێکی ژن و به دڵنیاییه‌وه ئه‌و ده‌سته‌ی ده‌نگی چه‌پڵه‌که‌ی زیاتر لێ به‌رز ده‌بێته‌وه هی پیاوانه! که‌واته بۆچی ئه‌م دادگایی‌کردن و سزادانه ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی ژن یان ژنان ده‌بێته‌وه؟
له حاڵێکیشدا ئه‌گه‌ر تۆزێک له که‌سایه‌تی ژن و مێژووه‌که‌ی له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا تێفکرین به ئاسانی درک به‌مه ده‌که‌ین که ژنانی کورد به حورمه‌تترین و شه‌رمنترین ژنانن به نیسبه‌ت زۆرێک له کۆمه‌ڵگەکانی ده‌وروبه‌رمانه‌وه، به‌ڵام له پاڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی ژنێتی خۆیانن، باسکردن له ژنێتی باسکردنه له توخمه ڕاسته‌قینه پێکهێنه‌ره‌کانی جه‌سته و ده‌روونی ژن و جێگه‌ی هیچ شه‌رم و لۆمه‌یه‌ک نییه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش و هه‌روه‌ها تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئاڵنگارییانه ده‌بێت بزانین که ژنان هێنده‌ی پێویستیان به ڕۆشنگه‌ری له ناو خۆیاندا هه‌یه دوو هێنده پێویستیان بۆ ڕۆشنگه‌ری و دروستکردنی دیالۆگ له نێو خێزان و بنه‌ماڵه به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ پیاوانیان هه‌یه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆسه‌ی گۆڕان و چاکسازییه به‌ناو ڕێڕه‌وی ئاوه‌ها گفتوگۆیه‌ک تێنه‌په‌ڕێت ئێمه به‌رده‌وام له ڕۆژی هه‌شتی مارس و ڕۆژانی دیکه که به تۆزێک په‌یوه‌ست ده‌بن به باسی ژنه‌وه ته‌نها وته‌نها هه‌ندێ شتی سواو دووپات ده‌که‌ینه‌وه و له پاڵ ئه‌وه‌شدا کۆمه‌ڵێک برین و ئازار و کڕووزانه‌وه ده‌گێڕینه‌وه. گۆڕانی دۆخی ژن به یادکردنه‌وه‌ی ڕه‌مزیی بۆنه‌کان نایه‌ته ئاراوه به‌ڵکوو له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو ئه‌رک و ماندووبوونه‌ی چالاکانی ژن و خۆنه‌ویستییان ئیش‌کردنی زیاتری پێویسته تاکوو شۆڕشی که‌لتووریی ڕاسته‌قینه به‌ره‌و ئاقاره مێژووییه‌که‌ی خۆی بڕوات، ئاقارێک که ده‌بێت پیاو چالاکانه و به بیرێکی کراوه‌وه تێیدا به‌شدار بێت، یان به‌شدارییان پێ بکه‌ین. گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شوناس و کیانی ڕاسته‌قینه بۆ ژنان ته‌نها به شه‌ڕ و خه‌بات له لایه‌ن ژنه‌وه ناکرێت هێنده‌ی پیویستی به دیالۆگ و کاری پێکه‌وه‌یی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که هه‌یه.
که‌واته با بیرمان بێت که ئێمه کۆمه‌ڵگا و مێژوویه‌کمان هه‌یه که ئه‌گه‌رچی ئێستا قه‌یراناوی و پڕ ئالنگارییه به‌ڵام ده‌بێ خۆمان مێژوی خۆمان دووباره بونیات بنێینه‌وه، له میتۆد و ئه‌زموونه‌کانی ڕۆژئاوا سوود وه‌ربگرین و کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆمان به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به ژنه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ین، مێژوو پێمان ده‌ڵێت پیاوانی ئازا په‌روه‌رده‌کراوی ژنانی دلێر و ژیر بوون، به‌ڵام هاوکات ده‌بێ ئه‌مه‌شمان قبووڵ بێت که ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه ئازایانه به زهنێکی کراوه و ڕۆشنگه‌رییه‌کی ئه‌مڕۆییه‌وه په‌روه‌رده نه‌کرێن ئازایه‌تی له سیاقی هه‌نووکه‌یی خۆی ده‌رده‌چێت و ڕۆژانی هه‌شتی مارس ئێمه ده‌بێت ته‌نها له سه‌ر ئه‌و برینانه شیوەن بگێڕین که هه‌م پیاو و هه‌م ژن به‌جۆرێک به‌شدارن له دروستبوونیان! بۆ ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌ر جۆره هه‌شتی مارسێک ئێمه پێویستمان به ڕۆژژمێرێکه که ته‌عبیر له ئازار و خه‌باتی مێژووی ژنانی ئێمه بکات، دیاره هه‌شتی مارس ڕێزلێگیراو و به بایه‌خه به‌ڵام ژنی کورد ده‌بێت ڕۆژژمێری ئازار و ئازایه‌تیی خۆی هه‌بێت!