عه‌شیره‌ت و تایفه‌كانی لوڕ، هه‌ر له سه‌رده‌می پێكهاتنی كۆنفدراسیۆنی ماد تا ئه‌مڕۆ، یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهاته‌ی شۆڕش و خه‌باتی ڕزگاریخوازانه و دژ به داگیركه‌ر بووه له كوردستان. به‌پێی به‌ڵگه مێژووییه‌كان، خه‌ڵكی لوڕ له زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی كوردستان دژ به داگیركه‌ران به‌شدار بوونه. شه‌ڕی كوردان له‌گه‌ڵ ئاشوورییه‌كان و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی (گێوماد) دژ به داگیركاری فارسه‌كان، دوو قۆناغی هه‌ستیار و یه‌كلاكه‌ره‌وه له مێژووی نیشتمانه‌كه‌مانه، كه له هه‌ردوو قۆناغه‌كه‌دا لوڕه‌كان به‌شداریی سه‌ره‌كی و گیانبازییه‌كی به‌رچاویان بۆ ڕزگاریی كوردستان نواندووه.
دوای زاڵبوونی فارسه‌كان به‌سه‌ر كوردستان و له درێژه‌ی دوو سه‌ده له حكوومه‌تی هه‌خامنشییه‌كان، زۆرتر له 400 سه‌رهه‌ڵدان دژ به داگیركاری فارس له هه‌موو كوردستان رووی داوه، كه به‌پێی شایه‌تیی مێژوو، به‌شێكی به‌رچاو له‌و ڕاپه‌ڕینانه له لوڕستان ده‌ستیان پێ كردووه و درێژه‌یان هه‌بووه.
دوای هاتنی عه‌ره‌ب بۆ كوردستان و ڕه‌شه‌كوژیی كوردان به ده‌ستی عه‌ره‌به مسوڵمانه‌كان، جارێكی تر كوردستان بووه ناوه‌ندی به‌رخۆدان و خۆڕاگریی دژ به داگیركه‌ر. له‌م قۆناغه‌یشدا كوردانی لوڕ له دژی داگیركاری عه‌ره‌ب ڕاوه‌ستان و چه‌ندان شه‌ڕی گه‌وره له ناوچه جیاجیاكانی باشووری زاگرۆس ڕوویان دا. له كۆتاییدا كورده‌كان نه‌یانتوانی به‌سه‌ر په‌لاماری عه‌ره‌به‌كان سه‌ربكه‌ون، به‌ڵام تا سێ سه‌ده دوای ئه‌و نسكۆ و شكستانه، لوڕه‌كان حازر نه‌بوون ببنه مسوڵمان، بۆیه بۆ ماوه‌ی سێ سه‌ده (جه‌زیه)یان ده‌دایه حكوومه‌تی ئیسلامی، تا له‌و ڕێیه‌وه بتوانن گیان و منداڵ و بنه‌ماڵه‌ی خۆیان بپارێزن.
تا نزیك به 100 ساڵی پێش ئێسته، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری لوڕه‌كان مسوڵمان نه‌بوون
تا نزیك به 100 ساڵی پێش ئێسته، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری لوڕه‌كان مسوڵمان نه‌بوون و باوه‌ڕیان به ئاینی یارسان یان جوو هه‌بوو، به‌ڵام له دوو قۆناغی مێژوویی، یانی به ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی له 1924 و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران له 1979 و له پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژ و خوێناوی، زۆرینه‌ی لوڕه‌كان بوونه مسوڵمانی شیعه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌یشه‌وه ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له لوڕه‌كان هێشتا پێڕه‌وی ئاینی یاریین.
ڕاپه‌ڕینی عه‌لی مه‌ردانی به‌ختیاری
هاوكات له‌گه‌ڵ شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانی سمكۆی شكاك و ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كورد له باكور و ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵات دژ به حكوومه‌تی داگیركه‌ر، عه‌لی مه‌ردانی به‌ختیاری له باشووری ڕۆژهه‌ڵات، چه‌كداره‌كانی لوڕی كۆ كرده‌وه و توانی تیره و تایفه‌كانی لوڕ له‌سه‌ر بابه‌تی ڕاپه‌ڕین دژ به داگیركاری ئێرانی ڕێك بخات و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره و مێژوویی له‌م به‌شه‌ی نیشتمان چێ بكات، كه بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ درێژه‌ی هه‌بوو.
عه‌لی مه‌ردانی به‌ختیاری له ساڵی 1897 له ناوچه‌ی (فریدن) سه‌ربه پارێزگای ئیسفه‌هان له دایك بوو. به‌ختیارییه‌كان كه به به‌شێكی گه‌وره له لوڕ ئه‌ژمار ده‌كرێن، یه‌كێك له به‌پیتترین و پڕئاوترین ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، كه بووه‌ته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندیی له ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌م هۆزه. زه‌ویوزاری به‌رفراوان و ئاژه‌ڵی زۆر و ئاوی له ڕاده‌به‌ده‌ر، وای به ناوچه‌ی به‌ختیاری كردبوو، كه ته‌نانه‌ت پاشاكانی ئێران به‌شێكی زۆری داهاته‌كه‌یان له ڕێی باج وه‌رگرتن له ئاغا، به‌گ و خانه‌كانی به‌ختیاری دابین ده‌كرد.
دایكی عه‌لی مه‌ردانی به‌ختیاری، سه‌ردار مه‌ریه‌می به‌ختیاری بوو، كه هه‌م له فه‌تحی تاران به‌ده‌ست چه‌كدارانی به‌ختیاری له ساڵی 1909 به‌شدار بوو و هه‌م له ساڵانی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی، فه‌رمانده‌ی لیوایه‌ك له چه‌كدارانی به‌ختیاری بوو، هاوكات ئه‌ركی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سوپای رووسیای له ئه‌ستۆ بوو، بۆیه ناسناوی (سه‌ردار)ی پێ به‌خشرا. كاتێك رووسه‌كان توانییان شاری ئیسفه‌هان داگیر بكه‌ن، (فن كاردف) كونسوڵی ئه‌ڵمان له‌و شاره، له ترسی سوپای رووسیا په‌نا ده‌باته دیوه‌خانی سه‌ردار مه‌ریه‌می به‌ختیاری و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و نیو له په‌نای ده‌سه‌ڵاتی سه‌ردار مه‌ریه‌م ده‌ژی و دواتر به‌ڕێ ده‌كرێته ئه‌ڵمان. دوای ئه‌م پێشهاته (ویلهێڵمی دووه‌م) ئیمپراتۆری ئه‌ڵمان، به بۆنه‌ی ئه‌و خزمه‌ته‌وه، میدالیای ئه‌ڵماس و خاچی ئاسنی، كه ئه‌وكات گرنگترین میدالیای حكوومه‌تی ئه‌ڵمان بووه، پێشكه‌شی سه‌ردار مه‌ریه‌م ده‌كات.
عه‌لی مه‌ردانی به‌ختیاری له ئامێزی ئاوا دایكێك گه‌وره ده‌بێ، بۆیه نه بۆ خان و ئاغاكانی به‌ختیاری مل كه‌چ ده‌كات و نه بۆ ڕێبه‌رانی ئێران. ئه‌و هه‌ر له گه‌نجیدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه خۆی خانزاده بووه و بنه‌ماڵه‌كه‌ی گه‌وره‌خانی به‌ختیاری ئه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام دژ به ده‌سه‌ڵاتی خان و ئاغا‌كان ڕاوه‌ستا و دژ به چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی لوڕ هه‌ڵوێستی وه‌رده‌گرت. ئه‌و له نامه‌یه‌كدا هۆكاری سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشه‌كه‌ی جه‌فا و جه‌وری ئاغاكانی به‌ختیاری له حه‌قی خه‌ڵكی ئاسایی و ده‌ستدرێژیی سوپای ئێران، به ماڵ و نامووسی لوڕ پێناسه ده‌كات.
ئه‌و هه‌روه‌ها هه‌وڵی ڕژێمی ره‌زاشای په‌هله‌وی پاشای ئێران له 1928 هه‌تا 1941، بۆ چه‌ككردنی ئێل و عه‌شایری لوڕ، وه‌ك هۆكارێكی تر بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌كه‌ی دیاری ده‌كات، چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه حكوومه‌تی ئێران ده‌یه‌وێ به چه‌ككردنی عه‌شیره‌ته‌كان، توانای به‌رخۆدان و شه‌ڕی كوردان له‌ناو ببات، تا له‌و ڕێیه بۆ تاهه‌تایه ملكه‌چی تاران بن.
عه‌لی مه‌ردان له ساڵی 1929 شۆڕشه‌كه‌ی ده‌ست پێ كرد و بۆ ماوه‌ی نزیك به پێنج ساڵ له دوو به‌ره و له پێناو رزگاری و سه‌رفرازیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی شه‌ڕی كرد، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی پاڵپشتێكی تایبه‌ت، ته‌یاربوونی سوپای ئێران به چه‌كی مودێرن و فڕۆكه و هه‌روه‌ها هاوكاریی خان و ئاغاكانی لوڕ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت، شۆڕشی عه‌لی مه‌ردان له ساڵی 1934 تێكده‌شكێت، به‌ڵام به‌و حاڵه‌یشه‌وه عه‌لی مه‌ردان و هاوڕێیانی حازر نابن چه‌ك دابنێن و راده‌ستی ئێرانییه‌كان ببن.
له ئاوا دۆخێك‌دا ره‌زاشای په‌هله‌وی به ناردنی نامه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ عه‌لی مه‌ردان، به‌ڵێنی پێ ده‌دات ئه‌گه‌ر چه‌ك دابنێت و راده‌ستی سوپای ئێران ببێت، خۆی و هاوڕێیانی ده‌بوورێن و لێیان خۆش ده‌بن. ئه‌م نامه‌یه به ناوبژیی هه‌ندێك له سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی به‌ختیاری كه ته‌نانه‌ت خزمی عه‌لی مه‌ردانن، ده‌گاته ده‌ستی و ئه‌و هان ده‌ده‌ن كه راده‌ستی سوپای ئێران ببێت و متمانه به به‌ڵێنی شای ئێران بكات. عه‌لی مه‌ردان كاتێك ده‌بینێت هیچ ڕێیه‌ك بۆ درێژه‌دان به خه‌بات نه‌ماوه، خۆی راده‌ستی سوپای فارس ده‌كات و دواتر كه‌له‌پچه كرا و به‌ره‌و تاران به‌ڕێ ده‌كرێت، له گرتووخانه‌ی (قه‌سر)ی ئه‌و شاره، له به‌یانییه‌كی ساڵی 1934 گوله‌بارانی ده‌كه‌ن.
مخابن، هه‌ر ئه‌م جۆره پێشهاته له چه‌ندان قۆناغی تری مێژووی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان دووپات ده‌بێته‌وه و سه‌ركرده‌كانی كورد متمانه به به‌ڵێنه‌كانی پاشا و سه‌رۆكه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن، دواتر ده‌بنه قوربانیی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره. بۆ وێنه چوار ساڵ پێش له عه‌لی مه‌ردان، سمكۆی شكاك له‌لایه‌ن ره‌زاشاوه بانگهێشتی دانیشتنێك ده‌كرێ، هه‌ر له‌و دانیشتنه كه هه‌ڵبه‌ته ره‌زاشا ئاماده‌ی نابێت، به ده‌ستی ئه‌فسه‌رانی فارس تیرۆر ده‌كرێ. مخابن 13 ساڵیش دوای عه‌لی مه‌ردان، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د متمانه به به‌ڵێن و سوێندی حه‌مه ره‌زاشا ده‌كات و خۆی راده‌ستی سوپای ئێران ده‌كات و له سێداره ده‌درێت.
بۆچی مێژووی خه‌بات له لوڕستان نادیاره؟
ڕاپه‌ڕینی عه‌لی مه‌ردان، یه‌كێك له سه‌تان ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كورد له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمانه، به‌ڵام مێژووی ڕاپه‌ڕینه‌كان له‌م به‌شه‌ی نیشتمان، له تاریكییه‌كی ڕاده‌به‌ده‌ر ون بوونه، تا ئه‌و ئاسته‌ی كه داگیركه‌ران له‌م دۆخه به كه‌ڵكی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردی له‌و به‌شانه كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرتووه، بۆیه پرسیاری سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه، بۆ ئه‌م به‌شه له مێژووی گه‌له‌كه‌مان نامۆ ماوه‌ته‌وه؟.
ئا. ج، نووسه‌ر و شاره‌زا له مێژووی ناوچه‌كانی باشووری زاگرۆس، له‌م بواره له‌و باوه‌ڕه‌دایه: "پێكهاته‌ی لوڕ هاوشێوه‌ی پێكهاته‌كانی تری گه‌لی كوردستان، بێبه‌ش نه‌بووه له‌و سته‌مانه‌ی له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه ده‌رهه‌قی ئه‌نجام دراوه و به به‌رده‌وامی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئێرانه‌وه، سیاسه‌تێكی هاوبه‌شی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان و نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانیان كه به‌رانبه‌ر به پێكهاته‌كانی گه‌لی كورد له ته‌واوی به‌شه‌كانی كوردستان پێڕه‌و كراوه، سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن و جینۆسایدی فه‌رهه‌نگی و لاوازكردنی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی بووه و هه‌تا ئاستی گۆڕینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییش چووه.
بۆ نموونه سیاسه‌تی ته‌عریب و به فارسكردن. داگیركه‌ران هه‌ندێك جاریش هه‌وڵیان داوه ناسنامه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ببه‌خشنه پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان، بۆ نموونه هه‌وڵیان داوه ئێزیدییه‌كان، یان فه‌یلییه‌كان، یاخۆ كوردانی شه‌به‌ك، وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز له نه‌ته‌وه‌ی كورد بناسێنن و بڵێن، ئه‌و پێكهاتانه كورد نین و پێكهاته‌ی سه‌ربه‌خۆ، یان نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، یانیش كه‌مایه‌تیی ئاینین. به‌داخه‌وه ئه‌و جۆره سیاسه‌تانه له لوڕستانیشدا پێڕه‌و كراون و تا ئاستێكی زۆریش سه‌ركه‌وتوو بوونه و كاریگه‌رییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر ئینتیما و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی لوڕه‌كاندا هه‌بووه.
ئه‌م بابه‌ته به‌شێوه‌ی ئۆتۆماتێكی كاریگه‌ریی ده‌كاته سه‌ر مێژووی لوڕستانیش و به‌داخه‌وه وایكردووه، مێژووی خه‌بات و تێكۆشانی و شۆڕشه‌كانی لوڕ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كه‌می هه‌بێت، یانیش له مێژووی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی جیا بكرێته‌وه و بشێوێنرێ. له‌لایه‌كی تره‌وه مێژوو هه‌میشه له‌لایه‌ن گه‌له سه‌رده‌سته‌كانه‌وه نووسراوه و ده‌نووسرێت. لوڕیش وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی بنده‌ست له گه‌لی كورد، به به‌رده‌وامی مێژووه‌كه‌ی ساخته كراوه و ڕاستییه دیرۆكییه‌كانی مێژووی لوڕ، وه‌ك خۆیان نانووسرێن و باس ناكرێن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و به‌شه‌ی مێژووه‌كه‌یان كه سیاسییه و پێوه‌ندیی به خه‌بات و تێكۆشان و شۆڕشه‌كانیانه‌وه هه‌یه.
هۆكارێكی تری كه‌میی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خه‌بات و شۆڕشی لوڕ له مێژووی كوردستاندا، بۆ خۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌داخه‌وه نه ته‌نیا له باری مێژووییه‌وه، به‌ڵكو له ته‌واوی بواره‌كاندا، ئه‌و پێكهاته گرنگه‌ی گه‌لی كوردستان‌مان فه‌رامۆش كردووه و په‌راوێزمان خستووه.
كورد ئه‌م ڕاستییه قبووڵ بكات و ددانی پێدا بنێت كه لوڕ و لوڕستان، به‌شێكی سه‌ره‌كی و جیانه‌كراو و گرنگن له گه‌لی كورد
ئا. ج، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كه‌لێنه پێشنیار ده‌كات: "سه‌ره‌تا ده‌بێ كورد ئه‌م ڕاستییه قبووڵ بكات و ددانی پێدا بنێت كه لوڕ و لوڕستان، به‌شێكی سه‌ره‌كی و جیانه‌كراو و گرنگن له گه‌لی كورد و له خاكی كوردستان. نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك گومان له ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی لوڕه‌كان بكرێت و ده‌بێ به چاوی پێكهاته‌كانی تری گه‌لی كوردستان، چاو له‌م به‌شه‌ی میله‌ته‌كه‌شمان بكرێت و له ته‌واوی بواره‌كاندا گرنگییان پێ بدرێ؛ ده‌بێت پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان بۆ لوڕستان هه‌بێ. پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان، ناوه‌نده ئاكادیمییه‌كان، ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و چالاكانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی كوردستان ده‌بێت له‌و پێناوه‌دا هاوكار بن".
له كوتایی ئه‌م ڕاپورته ده‌بێ ئاماژه بكرێت، كوشتن و ئاواره‌كردنی كوردان له‌و سه‌رده‌مه تا ئێسته، له ئێران به‌رده‌وامه و ئه‌م پرۆسه دژه مرۆییه له درێژه‌ی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش به چڕوپڕی درێژه پێ دراوه. مخابن ئێران له‌م 44 ساڵه‌ی دواییدا به بیانووی جۆراوجۆر، وه‌ك هاوكاری له‌گه‌ڵ پارته كوردییه‌كان، هه‌زاران كوردی له سێداره داوه و ته‌نانه‌ت له ڕێی ئاگر تێبه‌ردان له دارستانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌وڵی كاولكردنی كوردستانی داوه.