گوته‌یه‌كی ئینگلیزی هه‌یه ده‌ڵێ "Every leader is a manager but every manager is not a leader ، به واتای ھه‌موو سه‌ركرده‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ره، به‌ڵام ھه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رێك سه‌ركرده نییه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌توانین پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین ئێسته ئێمه پێویستیمان به كامه‌یانه ؟. پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه، ده‌مه‌وێ باس له جیاوازی بكه‌م له نێوان سه‌ركرده و به‌ڕێوه‌به‌ر.
له ململانێ سیاسییه‌كانی ناو ده‌وڵه‌تێكدا، ئه‌م دوو رۆڵه كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. سه‌ركرده‌كان زیاتر خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان ده‌گونجێنن، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌شدا كه شته‌كان به باشی به‌ڕێوه ناچن، به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن و بیر له ڕێ و شێوازی نوێ ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیان، پشت به ئه‌زموون و زانیاری و لێهاتوویی ده‌به‌ستن و پابه‌ندن به‌و شتانه‌ی كه ده‌یزانن و به باشی خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان ناگونجێنن .
كه‌واته ئه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌ر له چوار وشه‌دا كورت ده‌كرێته‌وه (پلاندانان، ڕێكخستن، دامه‌زراندن، ئاراسته‌كردن)، سه‌رنجی به‌ڕێوه‌به‌ر ته‌نیا له‌سه‌ر گه‌یشتن به ئامانجه تایبه‌ته‌كانه كه تایبه‌ته به دامه‌زراوه‌یه‌ك. به‌ڵام سه‌ركرده ئه‌و كه‌سه‌یه كه خاوه‌ن هونه‌ری كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌سانی ده‌وروبه‌ری بێت بۆ گه‌یشتن به ھه‌ندێك ئامانجی گشتی، بۆیه هونه‌ری سه‌ركردایه‌تیكردن خۆی ده‌بێنێته‌وه له بیرۆكه‌ی ئیلهام، به‌شداریكردن، ئاماده‌بوون، ڕێنوێنیكردن.
له دیمه‌نی سه‌ردانی دوایه‌مین شاندی فه‌رمی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، ئه‌م خاڵه زۆر به روونی به‌دی كرا، كاتێك سه‌رۆكی حكوومه‌ت وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌ركه‌وت و هه‌موو لایه‌نه‌كان هاوشانی خۆی به‌شداری پێ كرد له دانوستان و چاره‌سه‌رییه‌كان، ئه‌مه بووه مایه‌ی هیوایه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش، بۆیه كاتێك سه‌ركرده شانبه‌شانی ستافه‌كه كار ده‌كه‌ن، ده‌ره‌نجامه‌كانی زۆر جیاوازتر ده‌رده‌كه‌وێ.
كه‌واته له ده‌رئه‌نجامدا گه‌یشتن به‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردن هونه‌ره، به‌ڵام به‌ڕێوه‌بردن زیره‌كییه، ئه‌م شێوازی نوێی رابه‌رایه‌تیكردن، ده‌مانبات بۆ ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ی كه ئێمه پێویستمان به سه‌ركرده‌یه، زیاتر له‌وه‌ی پێویستمان به به‌ڕێوه‌به‌ر بێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كێشانه‌ی ره‌هه‌ندی سیاسی‌یان هه‌یه و زیاتر له ئه‌كته‌رێك تێیدا به‌شدارن. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌توانین بڵێین ئێمه ئێسته زیاتر له هه‌ر شتێك پێویستیمان به سه‌ركرده‌یه له‌به‌ر چه‌ند ھۆكارێك :
یه‌كه‌م : سه‌ركرده‌كان ھه‌میشه بیر له ئامانجه درێژخایه‌نه‌كان ده‌كه‌نه‌وه . وه‌ك چۆن بینرا ئامانجی گه‌وره‌ی ئه‌مجاره پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌م ئامانجه له دانیشتنه‌كان به ته‌واوی به‌دی كرا.
دووه‌م: سه‌ركرده‌كان بریكاری گۆڕانكارین، ھه‌رچی له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانه، ئه‌وان ھه‌میشه دۆخی ئێسته ده‌پارێزن. ئه‌گه‌ر به عه‌قڵی به‌ڕێوه‌به‌ر كار بكرایه، ده‌بوو به‌و دۆخه رازی بین، به‌ڵام بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری پێویستیمان به سه‌ركرده‌یه.
سێیه‌م: سه‌ركرده‌كان په‌ره به تواناكانی خۆیان ده‌ده‌ن و ده‌گۆڕێن، له كاتێكدا به‌ڕێوه‌به‌ران پشت به كارامه‌یی هه‌بوو و سه‌لمێنراو ده‌به‌ستن. ئه‌وه‌ی خاڵی موژده‌به‌خش بوو ئه‌وه‌بوو، سه‌رجه‌م ناكۆكییه‌كان وه‌لا نران بۆ دروستكردنی ئه‌م گۆڕانكارییه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به سه‌ركرده ده‌كرێ.
چواره‌م: سه‌ركرده‌كان ھه‌میشه ھه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕێی نوێ بدۆزنه‌وه و ئه‌زموون له ھه‌ڵه‌كانی پێشوو وه‌ربگرن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه. دروستكردنی یه‌كڕیزیی نیشتمانی، ته‌نیا بۆ ئێمه دڵخۆشكه‌ر نه‌بوو، بۆ لایه‌نی به‌رانبه‌ریش شۆكهێنه‌ر بوو، بۆیه به‌شێك له فشاره‌كانی به‌غدا كه‌م بووه‌وه، ئه‌مه‌ش له سایه‌ی رۆڵی سه‌ركرده‌یه.
كه‌واته ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی تا ترۆپكی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك سه‌ركرده بیر بكاته‌وه و وه‌ك رابه‌رێك ره‌فتار بكات و ببێته چه‌تری كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ئاینده‌مان باشتر ده‌بێ. ئه‌ركی سه‌ركرده لێره‌دا كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو درێژه‌دان به‌م میتۆده له به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كان، ئه‌ركێكی ئاسان نییه، به‌ڵام ئه‌سته‌میش نییه، ئه‌نجامه‌كانی پێڕه‌وكردنی ئه‌م شێوازه، له داهاتوودا ده‌بنه مایه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی باشتر. ئه‌گه‌ر به‌غداش نه‌چێته ژێرباری جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كان (به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت)، قه‌یرانی ناوخۆیی به‌م شێوه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌بێ، بۆیه له‌م رێیه‌وه جارێكی تر ده‌توانرێ گره‌و له‌سه‌ر به‌هێزبوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه. داهاتووش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر له ده‌ستی ده‌دا، سه‌ركرده‌یه‌كی لێهاتوو ده‌توانێ به‌ده‌ستی بهێنێته‌وه.