ئه‌م پرسیاره یه‌کێکە له‌و پرسیارانه‌ی به‌شێوه‌ی سووکه‌ڵه له زه‌ین و خه‌یاڵدانی زۆر له ئێمه‌مانان که داڵغه‌ی هه‌بوونی گوتارێکی کوردستانی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ دۆزی کورد وه‌ک حه‌شیمه‌تێکی سه‌رووی 50 ملیۆن (به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌کان حه‌فتا ملیۆن) که‌سیدا هه‌یه، خۆی گیر کردبێت و له ڕاستیشدا به‌شێوه‌ی کرده‌یی که‌متر خۆمان له قه‌ره‌ی داوه.
ڕه‌نگه سه‌ره‌کیترین هۆکاریش ئه‌وه بووبێت که ئێمه چرکه‌ساتی دره‌وشانه‌وه‌ی گوتاری کوردستانیمان له پراکتیکدا نه‌بووه، یان له ئاستێکی ده‌ڵه‌مه و ناته‌واودا هه‌مانبووه و دواتر هه‌ر به گوتارێکی ناکوردستانی ئه‌و چرکه‌ساته نهیزهکئاسا له قووڵاییه‌کانی نووتهکهشهودا ون و نادیار بووبێت، بۆیه پێده‌چێت له ئاستی کرده‌کیدا ئێمه ئه‌و چرکهساتهمان له زه‌وینه‌ی واقیعی مێژووییمان وه‌ک ده‌رهاوێشته و ده‌رئه‌نجامی ئیراده‌ی سیاسیی یان ڕۆحی مێژوویی کورد جێگیر و درێژخایه‌ن نه‌بووه، ترس و سڵه‌مینه‌وه‌یه‌کی ناهوشیار له‌م پرسیاره له هه‌ناوماندا ڕه‌گی داکوتابێت.
خۆی له بنه‌مادا ڕه‌نگه وا بنوێت که پرسیاره‌که ده‌بوو ئاوها بوایە "چی بکه‌ین بۆ داڕشتنی گوتارێکی کوردستانی؟" به‌ڵام که جوان له فۆرمهیشن و بیچمپێدانی هه‌ردوو پرسیاره‌که ڕاده‌مێنم، به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌م كە گوتارێکی کوردستانی پێش داڕشتن پێویستی به ئیراده‌یه‌کی کوردستانی هه‌یه، هه‌ر به‌م لۆجیکه ئیراده‌یه‌کی کوردستانی پێش هه‌ر شتێک پێویستی به دامه‌زراندنی گوتارێکی کوردستانی هه‌یه. کاتێک باسی دامه‌زراندن ده‌که‌م و له ده‌سته‌واژه‌ی داڕشتن یان ڕێکخستن و... جیای ده‌که‌مه‌وه، سووکه ئاماژه‌یه‌کی شه‌رمنانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئیراده‌یه له ئێسته‌یشدا له که‌مترین ئاستدا ئاماده‌یه.
دیاره ئه‌م گوزاره شێوه ڕه‌هایه له زه‌وینه‌ی هاوکێشه دیاره‌کانی ئێستەی کوردستاندا دێته ده‌ربڕین و وه‌ک پۆڕان و ئه‌گه‌ر، هه‌میشه ئه‌وه هه‌یه که کۆمه‌ڵێک وزه و توانستی نه‌ناسراو و شاراوه هه‌ن به ئیراده یاخۆ لانیکه‌م به خه‌یاڵێکی کوردستانییه‌وه ده‌یانه‌وێت واقیعی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ی بۆ نموونه دۆزی کورد له یه‌ک پارچه‌دا کورت ده‌کاته‌وه و باشووری و ڕۆژهه‌ڵاتی به عێراقی و ئێرانی ناوزه‌د ده‌کات، یا هه‌موو کێشه‌ی کورد له چوارچێوه‌ی خواستی سیاسیی چه‌ند حزبێکدا کورت ده‌کاته‌وه و... بگۆڕێ و به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی شیاو و مێژووسازی ببات، که گوزارشت له واقیعی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکات که لانیکه‌م مێژووی دیاری به‌ڵگه‌داری خاوه‌نی نزیکه‌ی یه‌ک سه‌ده خه‌باتی له خوێنگهوزاو و شۆڕشگێڕییه و مێژووی گێڕدراوه و ئهفسانهئاسایشی، تا لای نووح شۆڕ ده‌کرێته‌وه.
مه‌به‌ستی من لێره‌دا مێژوو وه‌ک باڵێکی زانستیی نییه و مێژوو به مانا گشتییه ڕۆژانه‌ییه‌که‌ی به‌کار دێنم که هه‌ڵگری ده‌لاله‌تی دیرۆکی و ئه‌فسانه‌یش ده‌بێت. به کورتی، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه خه‌ڵکێک که ئه‌شکه‌وتی وڵاته‌که‌ی جێی ژیاری مرۆڤی نیاندەرتاڵ بێ له 75 هه‌زار ساڵ پێش ئێستە و خاک و سهرزهوییەکهی پێشینه‌یه‌کی نیشته‌جێبوونی وه‌ها که‌ونینه‌یان هه‌یه، ئێستە دانیشتوانه‌که‌ی له په‌شێوییه‌کی ڕۆژانه، ده‌سدرێژی ڕۆژانه، کوشتن و لێکهه‌ڵوه‌شانێکی گشتیدا، ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
ڕه‌نگه له ڕووی سایکۆلۆجییه‌وه که‌م نه‌ته‌وه هه‌بێت وه‌ک ئێمه هه‌ڵگری ناکامی و ئۆخهینهکردن (نه‌حه‌وانه‌وه) بێت، له سه‌رانسه‌ری سه‌ده‌ی بیسته‌م و تا ئێسته‌یش. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له هه‌رکام له پارچه‌کاندا ئه‌زموونێکی ئه‌نفال و پاکتاوکردن به‌سه‌ریاندا تاقی کراوه‌ته‌وه.
گرێدراوێتی باسی گوتار و خه‌یاڵی کوردستانی، له‌گه‌ڵ مێژوو به‌و مانایه‌ی تیشکم خسته سه‌ری، گرێدراوێتییهکی ڕه‌ها نییه هێنده‌ی گرێدراوێتیی لۆجیکه به نیسبه‌ت ئه‌و پێکهاته ئیتنیکی و ئاینییه‌ی کۆی ناوچه‌که که گوتارێکی یه‌کده‌ست و یه‌کانگیریان له سه‌ده‌ی بیسته‌م پێکه‌وه ناوه. بێگومان پرسیاری چۆناوچۆن گوتارێکی کوردستانیی دامه‌زرێنین؟ به شێوازی جیاجیا له‌لایه‌ن سیاسه‌توان و ئه‌دیب و بیرمه‌ندی کورده‌وه فۆرمەله کراوه و خراوه‌ته ڕوو. ڕه‌نگه شێوازه‌کانیان جیاواز بێت یا ئه‌و گریمانه‌یه‌ی پرسیاره‌که‌یان له‌سه‌ر داڕشتووه، وه‌ک گوزاره و ده‌ربڕینێکی دیاریکراوی زمانی جیاواز وێنا کرابێت.
بۆ نموونه، ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا له کتێبی "میرایه‌تی بابان له نێوان به‌رداشی ڕۆم و عه‌جه‌مدا" له چوارچێوه‌ی چه‌مکی "خۆخۆری" و هه‌ڵبه‌ت به ڕوانگه‌یه‌کی ئایدۆلۆجیی حزبییه‌وه باسی ده‌کات. به‌گشتی ئه‌م پرسیاره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جۆرێک سڵه‌مینه‌وه هه‌یه بەرانبەری، هاوکات له خه‌یاڵدان و هوشیاریی ئێمه‌یشدا به‌شێک خۆی ده‌ربڕیوه، هه‌موو ئه‌و سه‌رکرده سیاسییانه‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به شێوازێک باسی نایه‌کگرتوویی و دووبه‌ره‌کی و خۆخۆرییان کرد به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان نزیکن له‌م پرسیاره، به‌ڵام سڵه‌مینه‌وه و بهرهوڕوونههاتنێکی گشتیی بۆ پراکتیزه‌کردنی ئه‌م خه‌یاڵ و داڵغه‌یه، بێگومان ته‌نیا هۆی سیاسیی نییه، به‌ڵکوو ده‌شێت له ئاسته سایکۆلۆجی و کۆمهڵایهتییهکهیشهوه بیری لێ بکه‌ینه‌وه.
واتە پرسیاره‌که ئاوای لێ دێت "بۆچی تا ئێسته گوتارێکی یهکگگرتووی کوردستانی دانه‌مه‌زراوه؟" یان "ته‌نیا له چرکهستی ناسکدا وه‌ک نه‌یزه‌ک تێپه‌ڕیوه و کۆی واقیعی سیاسیی ئێمه‌ی له درێژماوه‌دا ڕووناک نه‌کردووه‌ته‌وه؟".
دیاره له ئاسته سایکۆلۆجییهکهیدا ئه‌گه‌ر دوور نه‌ڕۆین، دیارده و پلانی "له‌خۆنامۆکردن" و "له مرۆڤخستن"ی کورد له‌لایه‌ن ئهویترەکانهوه به درێژایی چه‌ندان سه‌ده پێڕه‌و کراوه، ڕه‌نگه نه ناسیۆنالیزم و نه ئاینگه‌رێتی به‌م شێوه ئایدۆلۆجیه‌ی ئێستە، له سه‌ده‌کانی پێشوودا زاڵ نه‌بووبن، به‌ڵام کورد وه‌ک جیۆگرافیا و وه‌کوو دانیشتوانه‌که‌ی له ڕابردوودا باجی ململانێی نێوان هێزه‌کانی دراوسێ و ناوچه‌که‌ی داوه. بۆ نموونه، شه‌ڕی نێوان سه‌فه‌وی و عوسمانییه‌کان به‌هۆی نه‌بوونی ئیراده‌یه‌کی به‌هێز بۆ ڕێکخستنی خواستی ئاینی یان... هاتنه‌ئارای ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی پووچه‌ڵ کردووه‌ته‌وه به شێوه‌یه‌ک که دوای جه‌نگی جیهانی و ساتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان، ده‌نگی وه‌ها به‌رز بێت که ڕۆژئاواییه‌کان به ئاسانی سیڤه‌ر له‌ژێر گوتاری ئه‌تاتۆرک و گرووپه‌کانی گوشاردا هه‌ڵنه‌وه‌شێننه‌وه.
هاوکێشه‌ی نێوان داگیرکه‌ر و داگیرکراو، له ڕووه سایکۆلۆجییهکهیهوه هوشیاریی و ئیراده‌ی کوردستانیخوازیی تووشی خه‌سار کردووه، دیاره مه‌به‌ستمان له‌م چرکه‌ساته‌ی ئێستەیه که خه‌ساره‌کان هێشتا به‌رچاوی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌یان گرتووه و چاوی خستووه‌ته ڕێشکهوپێشکهوه، به‌ڵام بۆچی ئه‌م سایکۆلۆجیایه له‌و ئاسته‌دا خه‌ساری به‌رکه‌وت و توانرا داگیر بکرێت؟
پێم وایه ئه‌مه یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌یه وه‌ک پرسیاره‌کانی دیکه‌ی ئه‌م نووسینه که پێویستی به ڕوانین و نیگای جیاواز و مه‌عریفه‌ی چه‌ند ڕه‌هه‌ندی و سیمینار و ڕاگۆڕینه‌وه‌ی کراوه هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک سه‌ره‌قه‌ڵه‌مانه ده‌توانم بڵێم، کورد به سه‌ختی کرانه‌وه قبووڵ ده‌کات و پێکهاتێکی پێش مۆدێڕن، ئاسۆی بینینی لێڵ کردووه. کرانه‌وه هه‌م له ڕووه ژیارییه‌که‌ی و هه‌م له ڕووه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی! ئه‌م نهکرانهوهیه هۆکارێک بووه بۆ ئه‌وه‌ی یان به پلانی سه‌ربازی و هێز یان به پلانی ئایدۆلۆجیی و نه‌رم، دزه بکرێته ناویان و به‌و شێوه‌یه داگیر بکرێت.
ئه‌گه‌ر چاو له‌م قۆناغه‌ی ئێستەمان بکه‌ین، ده‌بینین هه‌موو وڵاتان دۆخی ئاژاوه و کێشمه‌کێشی ناوخۆیی له دواجاردا یان به دیموکراسی یان دیکتاتۆری تێپه‌ڕاند و ئه‌زموونی نوێیان له به‌رده‌م خۆیاندا کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام کورد له هیچ کام له پارچه‌کاندا نه‌یتوانیوه ئه‌و یه‌کگرتوویی و یه‌کانگیرییه له چوارچێوه‌ی ڕه‌مزێکی تاقانه‌دا په‌سند بکات و بیکات به خشته‌ی کار و خه‌بات و پرۆژه‌ی خۆی.
دیاره ئه‌م په‌رته‌وازه‌یی و پشێوی و لهیهکدانه، هیچکات لای من پلۆرالیزم و چه‌ندده‌نگی و دیموکراسییه‌کی ڕاست و دروست مانا ناکاته‌وه، ئه‌گه‌ر زه‌وینه‌یه‌کی دیموکراسیش له ئارادایه هێشتا کرچ‌وکاڵ و ساوایه و به ژێر یاریی سیاسی و کایه‌ی خه‌یاڵدانی خێڵه‌کی و "چێتی"یه سه‌یره‌کانی وه‌ک شارچێتی، تاقمچێتی، حزبچێتی و مافیاچێتی و... داپۆشراوه و له‌بار براوه. هه‌ر بۆیه ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ردێڕ بانگهێشتنە بۆ به‌دواداچوون و دادگایی‌کردنی دڵڕه‌قانه‌ی خۆمان، به‌و هیوایه‌ی ئه‌م دۆزه به‌م شێوه‌ی ئێسته و به ڕیتمی ڕابردوو نه‌سه‌پێت به‌سه‌ر نه‌وه‌کانی داهاتوودا.