خوێندنه‌وه پێویستییه‌کی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان بووه. له‌دایکبوون یان که‌شفی خه‌ت ئه‌گه‌رچی ناکرێت وه‌ک سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه دیاری بکرێن، به‌ڵام ده‌شێت بڵێین متمانه‌پێکراوترین و ئیلهامبه‌خشترین و هاوکات شاعیرانه‌ترین ڕووداویش بووه. خوێندنه‌وه له‌و چرکه‌ساته‌دا تۆمارکردنی ساته‌کانی ئه‌زموونکردنی مرۆڤه له سۆنگه‌ی تامکردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ جیهان. خوێندنه‌وه له‌م ئاسته‌دا هاوزێ و هاوته‌مه‌نی نووسینه، به‌و مانایه‌ی پێوه‌ندییه‌کی یه‌کبوونیان له‌گه‌ڵ "خه‌ت"دا هه‌یه. له وه‌ها زنجیره‌یه‌ک پێوه‌ندیدا، بیرکردنه‌وه به مانا گشتییه‌که‌ی ده‌بێت به ئامانجی خوازراو یان نه‌خوازراو. بیرکردنه‌وه‌یش له‌م پرۆسه‌یه‌دا له‌گه‌ل "بیرهێنانه‌وه" یان "بیره‌وه‌ری"دا هه‌ڵپێکراوه. بۆیه پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه هاوکات پرۆسه‌ی نووسین و بیرکردنه‌وه‌یش بووه.
لێره‌دا کتێب ده‌بێت به قسه‌که‌ر و بیرکه‌ره‌وه یان ڕاستتر دوێنه‌ر و ئاخێوه‌رێک که خوێنه‌ر پەلکێشی دنیایه‌کی تری ده‌ره‌وه‌ی چرکه‌ساتی باو و ئێسته‌ی بوونی ده‌کات. به‌ره‌و ڕابردووی دوور، داهاتووی نادیار، ئێستەیه‌کی دیکه و ڕه‌هه‌ندی نه‌ناسراوی تر له خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی ده‌بات. له‌ناو و چه‌قی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا که خوێنه‌ر و نووسه‌ر و ده‌ق دێنه ئاراون، ئه‌م سێگۆشه‌یه پێکه‌وه مانا و هاوکات پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه (به مانا داهێنه‌رانه‌که‌ی ده‌شێت هه‌مدیس بڵێین جۆرێکی تر له نووسین) ته‌واو ده‌که‌ن، واته خوێندنه‌وه ده‌خه‌نه بازنه‌یه‌ک له هه‌ڵکۆڵین و پشکنین و لێدان و زیاد و که‌مکردن و به گشتیی هه‌ر شتێک که خوێنه‌ر بۆی بکرێت و نووسه‌ر بواری بۆ ڕه‌خساندبێت و ده‌ق توانستی هێنانه‌زمانیی بۆ لوا بێت.
دیاره به‌شی زۆرمان له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا به شێوازی جۆراوجۆر له فۆرمه‌یشن و بیچمبه‌ندیی جۆراوجۆر ئاشناین، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م دیمه‌نه‌م بیرهێنایه‌وه تا بپه‌رژێمه سه‌ر هاوکێشه‌یه‌کی نوێ که خوێنه‌ر و نووسه‌ر و ده‌ق مانای کلاسیکیی یان باشتر وایه بڵێم مانای پێش دیجیتاڵیزه‌بوونیان له کیس داوه و مه‌ودای نێوان نووسین و هه‌ڵوێست، هه‌روه‌ها خوێنه‌ر و نووسه‌ر، ده‌ق و ئانوساتی هه‌سته‌کیانه، نه‌ماوه! من به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رگری له‌و پیرۆزییه ناکه‌م که به‌هۆی هه‌بوونی مه‌ودا له نێوان دوو دیارده یان لایه‌ن و جه‌مسه‌ردا دێته ئاراوه، پیرۆزییه‌ک که خۆی ئه‌نجامی ڕاگرتنی مه‌ودای هێزێکی باڵاده‌ست (خودا، نووسه‌ر و...) و هێزێکی به‌رده‌نگ و به‌شێوه‌یه‌ک ژێرده‌ست (پێغه‌مبه‌ر، خوێنه‌ر و...)ه.
دیاره له‌م بیچمبه‌ندییه‌ی پێوه‌ندیدا، ده‌ق ڕۆڵی نێوەنجیی و چاره‌نووسساز ده‌گێڕێت، به‌ڵام له‌ملایشه‌وه خوێنه‌ر هیچ کات له پله‌ی هێزێکی خوارده‌ست نامێنێته‌وه، به‌ڵکوو ده‌شێت ئه‌و ده‌ق بنووسێته‌وه و ببێت به نووسه‌ر، واته وه‌ک چۆن له‌م هاوکێشه کلاسیکییه‌دا نووسه‌ر به‌شێوه‌ی ڕه‌مزی به داهێنه‌ر و خودا وێنا ده‌کرێت، هاوکاتیش خوێنه‌ر خواره‌وه‌ده‌ست و خوێنه‌وه‌ر ده‌بینرێت، له بازنه‌یه‌کی ئاواهیدا خوێنه‌ر ده‌نووسێته‌وه، ده‌ق داده‌هێنێته‌وه، ده‌شێت مانای دیکه‌ی بۆ دابتاشێت، ڕه‌خنه‌ی بکات و تا سنووری ڕه‌تکردنه‌وه له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ی کتێبی دیکه دژی ئه‌م ده‌قه بڕواته پێشێ! ئێسته ئه‌م سنووره نه‌ماوه یان باشتر بڵێم به هۆکاری لاوه‌کی و ناجه‌وهه‌ری کاڵ بووه‌ته‌وه.
ڕۆژانه ئێمه‌ی نووسه‌ران و خوێنه‌ران له پانتایی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئاگامان له یه‌که! هه‌ڵسوکه‌وت و ئه‌ته‌کێت و په‌یام و هه‌ڵوێستی یه‌کدی ده‌بینین! هاوکات که نووسه‌ره‌کان ده‌خوێنینه‌وه ئه‌وانیش به ڕاده‌یه‌کی (زۆر یان که‌م) ئێمه (خوێنه‌ر) ده‌خوێننه‌وه! به واتایەكی دیکە، مه‌ودای پیرۆز نه‌ماوه. مه‌ودایه‌ک که ختووکه‌ده‌ری خه‌یاڵکردنه‌کانی ئێمه‌یه به نیسبه‌ت هێزی ئه‌فسووناویی داهێنه‌رانه‌ی وشه و نووسه‌ران.
ئێسته له جیهانی دیجیتاڵیدا نووسه‌ران ده‌بینین له زۆر ڕووه‌وه وه‌ک هه‌مووانن! یان باشتر وایه بڵێین تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شیی زۆریان له‌گه‌ڵ خوێنه‌راندا هه‌یه! له ڕووداوdک تووڕه ده‌بن، له‌سه‌ر یاریی تۆپی پێ سۆز و هه‌ستی خۆیان ده‌رده‌بڕن! هه‌ندێجار هه‌ڵه‌ی ڕێنووسیی و ڕێزمانی له پۆسته کورت و درێژه‌کانیاندا ده‌دۆزینه‌وه! وێنه‌ی ساته نه‌شیاوه‌کانی وه‌ک نانخواردن یا ئه‌و فۆرمه له خستنه‌ڕووی وێنه که پلا‌تفۆرمه‌که بۆی دیاریکردووه، داده‌نێن. واته مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌وانیش له‌ناو تۆڕێکی یاسایی گه‌وره‌دا ده‌ژین که خوێنه‌ران ده‌ژین!
ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێوه‌سته به باسه‌که‌ی من، ئه‌م دۆخه‌یه که جۆرێک گله‌یی و بۆڵه‌بۆڵی له‌ناو نووسه‌رانی گه‌نج به تایبه‌تی و نووسه‌ران به گشتیدا به‌رهه‌م هێناوه، ئه‌ویش گله‌یی نووسه‌رانی خاوه‌ن ئه‌زموونە له‌وه‌ی وەك پێویست ناخوێنرێنه‌وه و به‌رهه‌مه‌کانیان نابینرێت و هه‌روه‌ها پرته‌وبۆڵه‌ی نووسه‌رانی نوێ (یان خوێنه‌رانی چالاک یان گه‌نج و خاو) هه‌مدیس له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان نه له‌لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه به‌هایه‌کی ئه‌وتۆیان پێ ده‌درێت، نه له‌لایه‌ن نووسه‌رانی کۆن و به ئه‌زموونیشه‌وه! ئاوڕیان لێ ده‌درێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌شێت هه‌رکام له‌م دوو ده‌رکه‌وته‌یه ڕاست و ڕه‌وا بن، هاوکات نیشانه‌ی دۆخێکن ته‌ندروستییه‌کی ئه‌وتۆی تێدا نابینرێت. کۆمه‌ڵگەی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگەیه‌کی هه‌ڵوێستداره بۆ زۆر ڕووداوی ورد و درشت، جموجووڵی هه‌وڵوێستته‌وه‌رانه‌ی تێدایه، به‌ڵام له ڕووی خوێندنه‌وه و هاوکات چۆن خوێندنه‌وه‌وه، له قۆناغانی سه‌ره‌تاییدایه! خوێندنه‌وه وەك پێویست نه‌بووه به کولتوورێک ئه‌و ده‌سکه‌ت و لێكەوتانەی نووسین و خوێندن له سه‌ره‌تاوه بۆی له‌دایک بوون، مسۆگه‌ر بکات.
ڕاسته ئێمه ناتوانین خوێنه‌ران به‌سه‌ر یه‌ک یان دوو ده‌سته و به ڕه‌هایی دابه‌ش بکه‌ین، به‌ڵام کاتێک کۆی ئه‌و تێڕوانین و هه‌ڵوێستانه‌ی وه‌ک خوێندنه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت بنه‌مای سه‌ره‌کیی خوێندنه‌وه له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵی ئێمه‌وه له باشترین حاڵه‌تیدا، له‌سه‌ر چێژ یا چێژوه‌رگرتن دانراوه! بێگومان ئه‌مه بنه‌مایه‌کی دروسته و هیچ جووڵه‌یه‌کی مرۆڤ نییه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بنه‌مایه‌وە بێته ئاراوه، به‌ڵام چێژ ته‌نیا بنه‌مای جووڵه و پاڵنه‌ره‌کانی مرۆڤ نین، به‌ڵکوو ئه‌ودیوی چێژیش له ئارادایه. واته ئازار و هه‌موو چه‌مک و هه‌سته پێوه‌ندیداره‌کانی. كەواتە پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه ته‌نیا له‌سه‌ر هێڵی چێژ نابێت و نامێنێته‌وه! به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دۆخه گشتییه‌ی له‌ناو تاقمێکی به‌ربڵاو له خوێنه‌راندا هه‌یه، خوێندنه‌وه‌یه‌ک که چێژیان نه‌داتێ، ڕه‌تکراوه‌یه و به‌پێی ئه‌مه له‌سه‌ر نووسه‌ر یان دانه‌ر داوه‌ریی ده‌که‌ن!
ئه‌م تاکجه‌مسه‌ربینییه یان با بڵێین تاکجه‌مسه‌رخوێنییه، خۆی له دۆخی واقیعه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، دۆخێک که کێشه‌کانی به ڕاده‌یه‌ک گوشاری دروست کردووه، خوێنه‌ر بۆ ده‌روازه‌یه‌ک له چێژ و ڕزگاریی، له ده‌قێکدا ده‌گه‌ڕێت. له حاڵێکدا مه‌به‌ستی ده‌ق زیاتر فێرکردنه بۆ خولقاندن یان دروستکردن (گێڕانه‌وه)ی ئه‌و ده‌روازه‌یه نه‌ک ته‌نیا قسه‌کردن له‌سه‌ر توانای ئه‌و ده‌قه له‌سه‌ر ئه‌و دروستکردنه‌ی که ته‌نیا به‌سه‌ر گوڵجاڕی چێژ و عه‌ده‌نی له‌زه‌تدا ده‌کرێته‌وه!
پێم وایه له کۆمه‌ڵگەیه‌کدا که خوێندنه‌وه به مانا نوێکه‌ی نه‌کرێت به کو‌لتوور و له‌و فۆرمه سونه‌تییه ده‌رنه‌چێت، ئالنگاریی و لاسه‌نگیی پێوه‌ندیی نێوان خوێنه‌ر و نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌م پێیه ده‌ق کارایی و کاریگه‌ریی خۆی ده‌دۆڕێنێت! ئه‌م پێوه‌ندییه لا‌سه‌نگه وایکردووه له نه‌زمێکی دیجیتاڵیی نوێ‌دا که زیاتر وێنه‌کان قسه ده‌که‌ن و ده‌گێڕنه‌وه، نووسین و خوێندنه‌وه بڕواته په‌راوێزه‌وه و ئاره‌زووه‌کانی چاو،-بیرکردنه‌وه به مه‌به‌ستی چاو-به‌تاڵکردنه‌وه ئاڕاسته بکات! هه‌ربۆیه کاڵاگه‌رێتی و به‌کاڵاکردن هه‌م له دیارده‌کانی وه‌ک کتێب و هه‌م به دیارده‌کردنی کتێب له فۆرمی چێژ، به زه‌قی هه‌ست پێ ده‌کرێت و ده‌بینرێت. بۆیه به‌شی زۆری ئه‌م مه‌وداسڕینه‌وه‌ی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر و به ڕۆژانه‌ییبوونه‌وه‌ی ده‌ق، که‌شێکی ئاوای بۆ جێگیر کراوه و بۆڵه‌بۆڵه و گله‌یی و گازنده و هه‌ندێجار ڕه‌خنه ڕه‌واکان به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه!
لێ ئه‌م دۆخه گوزارشت له قه‌یرانێکی چه‌ند ڕه‌هه‌ندیی ده‌کات که لایه‌نی کولتووری، ڕۆشنبیریی و مه‌عریفی و هه‌ڵبه‌ت چاپه‌مه‌نی و میدیاییش ده‌گرێته‌وه! ئێمه ده‌توانین ده‌قی چه‌ندان نووسه‌ری گه‌نج به‌راورد بکه‌ین، به یاداشتێکی ڕۆژنامه‌وانی خاتوونێک که ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له میدیایه‌کی بێ ڕکابه‌ردا ئیش ده‌کات و کارمه‌ندی ئه‌وێیه، زیاتر و زۆرتر ده‌خوێنرێته‌وه و هه‌ڵبه‌ت ناسراوتریشه!
له‌م به‌راوردکردنه‌وه ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، غه‌درێکه له‌و گه‌نجانه ده‌کرێت و پێگه‌یه‌کی ناڕه‌وایه که به‌و براده‌ر یان خاتوونانه‌ی ناو تۆڕه میدیاییه‌کان ده‌درێت! هه‌ڵبه‌ت له سه‌رێکی تریشەوە هه‌ر غه‌دره له‌و براده‌رانه و زیاتر له‌و خاتوونه و خاتوونانێکی دیکه که ده‌توانن له ئاستێکی به‌رزتر و باڵاتردا بهۆننه‌وه و بنووسنه‌وه!
ئه‌م دۆخه دۆخێکی تووڕه‌که‌ر و ناکامه، به‌ڵام له ڕاستیدا ده‌بێت ئێمه وه‌ک نووسه‌ر ته‌نیا له سۆنگه‌ی لایک و کۆمێنت و دانپێدانانی ئه‌م یان ئه‌ودا چاوه‌ڕوانی خۆمان له ده‌ق و نووسینی خۆمان نه‌خه‌ینه مه‌زاده‌وه!
به ئه‌زموونی خۆم بۆم ده‌رکه‌وتووه، به‌شێکی زۆر که‌م له نووسه‌رانی دیاری ئێمه هانده‌ری نووسه‌ره گه‌نجه‌کانن و هێنده‌ی ڕۆحیه‌تی دیسپۆتیستانه واته له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بینینانه‌یان هه‌یه، هێنده‌ی وه‌ک شیرزاد حه‌سه‌نه‌کان، به‌ختیار عه‌لییه‌کان نادۆزنه‌وه و که‌شفیان ناکه‌ن و ناچنه ژێر قۆڵیان! ئه‌م دۆخه دۆخێکی ڕه‌شه، جیهانی دیجیتاڵ ئاره‌زووه ڕه‌شه‌کانی ئێمه‌ی پەلکێشی تیشکی وێنه ما‌کیاجکراو و ورووژێنه‌رکانی خۆی کردووه! له‌مدیو شاشه‌وه مرۆڤه‌کان داگیر کراون و ڕۆحیان حه‌په‌ساوه! ئه‌مه نه‌زمێکی نوێیه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌واو ناکرێت بڵێین ناهومێدکه‌رانه‌یه، به‌ڵام فۆرمی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سکاری کردووه!
له ڕێگه‌ی دیاریکردنی پێناسه‌ی نوێ بۆ ماهیه‌تی پێوه‌ندی و هه‌روه‌ها به‌رینترکردنی ئه‌م تۆڕه له پێوه‌ندیی و ناسینی مرۆڤه‌کان به یه‌که‌وه هه‌تا دوایی! ته‌نیا ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌م دۆخه به کولتوورکردنی خوێندنه‌وه له ئاستێکی به‌رین و دوور له‌و لایه‌ن و ده‌زگا و نه‌شره دیاریکراوانه‌یه که مه‌به‌ستی دیکه‌یان له کتێب و پرۆژه‌ی خوێندنه‌وه و به كولتوورکردنی هه‌یه. بۆ نموونه، ده‌زگایه‌ی فیسار له کوردستان ته‌نیا بابه‌تی چه‌ند نووسه‌رێک بڵاو ده‌کاته‌وه و ته‌نیا و ته‌نیا کۆڕ بۆ ئه‌و نووسه‌رانه ده‌گێڕێ و به زۆریش ئه‌و شتانه بڵاو ده‌کاته‌وه که مه‌دح و سه‌نای ئه‌و نووسه‌رانه بێت! ده‌ی كوا گۆڕانكاری به‌م بازنه‌ی ستایش و مه‌دحه‌وه دێته ئاراوه؟ یان نووسه‌ری وا هه‌یه چونکه سه‌ربه لایه‌نێکی دیاریکراوه، هیچ کات دان به نووسه‌رێکدا نانێت که ڕه‌خنه‌ی له لایه‌نه‌که‌ی ئه‌و گرتبێت و دژی لایه‌نه‌ی به‌رانبه‌ری ئه‌و قسه‌ی نه‌کردبێت؟ بێگومان بابه‌تی دیکه‌ی له‌مه‌ش گچکه و بچووکتر، به‌ڵام قووڵتر و کاریگه‌رتر و هه‌ڵبه‌ت سوور و ئاڵتریش له هاوکێشه‌که‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕن و باس و خواسی زۆری ده‌وێت!
پرۆژەی به کولتوورکردنی خوێندنه‌وه چه‌ند ساڵێکه لێره و له‌وێ و له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند ده‌زگا و به گوتاری چه‌ند نووسه‌ر و ڕۆشنبیر هاتووه‌ته سه‌ر پێ، به‌ڵام زۆری ماوه خۆی بگرێت و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی ئەریستۆکراتیه‌تی هه‌ر ئه‌م ده‌زگا و نووسه‌ره سه‌رپشکو کاریگه‌رانه ده‌ربێت!
بۆ هه‌ر کوێ بچین ڕێگاکه دێته‌وه سه‌ر خۆمان. نووسه‌ران ده‌بێت له خۆیانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن و ببنه‌وه به خوێنه‌ری خۆیان، خوێنه‌ران ده‌بێت به ڕۆحی نووسه‌رێکی مه‌زنه‌وه بنووسنه‌وه و ده‌ق بهێننه قسه. دانپێدانانی نووسه‌رێکی دیار یان ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نووسه‌رێکی نادیار، ناتوانێت ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تیی له دنیای نووسین و گێڕانه‌وه و مه‌عریفه و ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا هه‌بێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی شتێک له ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه و به ویژدانی بۆ چاکسازیی و باڵاکردنی تێدا هه‌بێت! واته بابه‌تێک دیسان خۆی له‌ناو مه‌ترسیی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه که نووسه‌رانی دیار ویستیان خوێنده‌وه به کو‌لتوور بکه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان به کو‌لتوور زانی!