ئەمەریكا: ئێران دەبێتە سەرچاوەی چەكی تیرۆریستان

:: PM:08:28:28/06/2020 ‌

ململانێكانی ئەمەریكا و ئێران بەردەوامە، برایان هووك، نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران ئاماژە دەكات كە پێویستە قەدەغەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی كڕینی چەك لەلایەن ئێرانەوە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی نەبێتە بازرگانێكی چەك بۆ رێكخراوە تیرۆریست و یاساشكێنەكانی دنیا.
پێویستە دنیا هەڕەشەكانی ئێران فەرامۆش بكات
هووك لە دیدارێكی "ئەسیۆشێتید پرێس"، ئەمڕۆ یەكشەم گوتی، ئەگەڕ بڕیار درا قەدەغەی كڕینی چەك لەلایەن ئێران نوێ بكرێتەوە كە لە ئۆكتۆبەری داهاتوو كۆتایی دێت، پێویستە دنیا هەڕەشەكانی ئێران فەرامۆش بكات، چونكە ئەو هەڕەشانە شێوازێكی مافیاكانە.

ئەگەر قەدەغەی چەك بەسەر ئێران نوێ بكرێتەوە، رەنگە ئێران پشكنەرانی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی لە خاكی خۆی دەربكات، ئەوەیش تەنگژەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران قووڵتر دەكات، دوای ئەوەی بەهۆی پاشەكشەكردنی ئەمەریكا دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات، كێشەی گەورەی تێكەوت. 

هووك روونی كردەوە، پێویستە سەپاندنی قەدەغەی هەناردن و هاوردەكردنی چەك لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامبێت بۆ مسۆگەری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ئەگەر ئەو قەدەغەیە كۆتایی هات، دڵنیاین لەوەی ئەوەی بە شارەاوەیی دەیكات، ئەوكات بە ئاشكرا ئەنجامی دەدات. 

شایەنی باسە نەتەوە یەكگرتووەكان لەكاتی بوونی كێشە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە 2010، قەدەغەی كڕینی چەكی بەسەر ئێران سەپاند و پێشتریش قەدەغەی فرۆشتنی چەكی لەسەر بوو. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل