بازرگانی هەرێم: لەبری برنجە خراپبووەكە جۆری ڤێتنامی دابەش دەكرێت

:: PM:10:37:30/06/2020 ‌

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رای دەگەیەنێت، بڕیكی زۆری بەشە برنجی مانگانە كە بەغدا رەوانەی هەرێمی كوردستانی كردووە، لە كاتی ئەمباركردن لە نەجەف خراپ بووە، كە بڕەكەی 180 تۆن دەبێت، بۆیە دابەش ناكرێت و لەبری ئەو برنجی جۆری ڤێتنامی دابەش دەكرێت.
هەر خۆراكێك لە بەغداوە دێت پشكنینی بۆ دەكرێت
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، بەشە برنجی عەمبەری عێراقی كە مانگی پێشوو دابەش كراوە، بۆ هەولێر چوار هەزار تۆن و بۆ سلێمانی پێنج هەزار تۆن و بۆ دهۆك چوار هەزار تۆن هاتووە، لە كۆگاكانی نەجەف ئەو برنجە پێشتر دانراوە و هەڵگیراوە، دواتر رەوانەی هەرێم كراوە.

زیاتر گوتی، ئەو بەشە برنجەی ئەمجار جۆری عەمبەر بووە، هەر مادەیەك كە هەڵدەگیرێت، هەندێك مەرجی هەیە دەبێت لەو شوێنە و لە شێوازی هەڵگرتنەكە هەبێ، تا پارێزراوبێت لە خراپبوون و مێروو، بەڵام دەكرێ لە هەندێك حاڵەت خراپبوون رووبدات و بەشێكی خراپ بێت و كەڵكی خواردنی نەبێت.

ئەدهەم روونی كردەوە، هەر بڕە خۆراكێك لە بەغداوە بۆ هەرێم دێت، دابەش ناكرێ تا لێرە پشكنینی سەلامەتی و كوالێتی بۆ نەكرێت، لە رابردووش چەندینجار خۆراكی خراپ هاتووە، لەو حاڵەتەدا ئێمە یان دەیگەڕێنینەوە و بەغدا دەیگرێتە ئەستۆ و دەیگۆڕێت و باشتر دەنێرێت، یان دەڵێ خۆمان لیژنە دەنێرین بۆ پشكنین.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم دووپاتی كردووە، ئەوەی ئێستە رووی داوە لە خراپبوونی ئەو برنجە، پێوەندی بە كۆگاكانەوە هەیە و بەغدا ئەوەی گرتووەتە ئەستۆ كە لەبەرانبەردا برنجی باش بۆ هەرێم بنیرێت، ئێستەیش برنجی جۆری ڤێتنامی هەیە و دابەشی دەكەین بەسەر هاووڵاتییان، واتە بەغدا ناردوویەتی.

ئەو بەرپرسەی بازرگانی باسی لەوەیش كرد، هەر برنجێك یان هەر خۆراكێكی تر كە لە بەغداوە دێت، ئەگەر بزانین لە شوێنێك یان بریكارێك خۆراكەكەی خراپە، دەستبەجێ خۆراكەكەمان هەڵگرتووەتەوە و رەوانەی بەغدامان كردووە، بۆیە شتی خراپ لە هەرێم ساغنابێتەوە بەسەر هاووڵاتییان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل