چەندان بەرپرس و دادوەری هەولێر كۆرۆنایان تێپەڕاند

:: AM:09:15:01/07/2020 ‌
دوای تووشبوونی چەند بەرپرسێكی شارەوانی و چەند دادوەرێك ڤایرۆسەكەیان تێپەڕاندووە و دوێنێ‌ گەڕاونەتەوە ماڵەوە تا ماوەی ئاساییبوونەوەی ژیانیان لەماڵ تەواو بكەن بۆ ماوەی 14 ڕۆژ.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" چەند بەرپرسێكی شارەوانی هەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبوون، لە ئێستە ڤایرۆسەكەیان تێپەڕاندووە و چاك بوونەتەوە.

دەركەوتووە ڤایرۆسەكە لە جەستەیان نەماوە
لە زانیارییەكاندا هاتووە، جێگری سەرۆكی شارەوانی هەولێر و سەرۆكی بەشی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و ژینگەپارێزی، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و گەڕانەوە ماڵ.

لەبارەی تووشبووانی چەند دادوەرێك و چاكبوونەوەیان سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە دۆخی تەندروستییان جێگیرە و دوو لەوانیش ڤایرۆسەكەیان تێپەڕاندووە و پشكنینی كۆتاییان بۆ كراوە، دەركەوتووە ڤایرۆسەكە لە جەستەیان نەماوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كرد، ئەو دادوەرانە گەڕاونەتەوە ماڵ و بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە پشوو دەبن، پێویستە توانای جەستەییان بۆ بگەڕێتەوە و دڵنیاتربن لە نەمانی ئەو ڤایرۆسە لە جەستەیان.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو لە چەندان فەرمانگەی هەولێر ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بووەوە، ئەوەیش وایكرد سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەشێك لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دابخرێن.




وشە - رامیار جەواد