گەرمیان.. زیادكردنی پشكنینی كۆرۆنا دڵەڕاوكێی هاووڵاتییانی كەم كردووەتەوە

:: PM:10:53:01/07/2020 ‌

 ئەنجامدانی پشكنین لە گەرمیان بۆ گومانلێكراوانی پەتای كۆرۆنا، زیادی كردووە، ئەوەش بووەتە هۆكاری كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێی هاووڵاتییان ، توێژەرك ئاماژە دەكات، هێوربوونەوەی دەروونی هاووڵاتییان گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرنا.
رۆژانە 300 پشكنین ئەنجام دەدرێت
 وریا محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا و نەخۆشییە گوازراوەكان لە كەلار بە "وشە"ی راگەیاند، ئەنجامدانی پشكنین بۆ گومانلێكراوانی پەتای كرۆنا لە نەخۆشخانەكەمان، زیادی كردووە و بووەتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی ترس و دڵەراوكێی هاووڵاتییان بە پەتای كۆرۆنا، بۆیە خێراكردنی پرۆسەی ئەنجامدانی پشكنین دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی گومانلێكراو پشكنینی بۆ بكرێت.

زیاتر گوتی، پێشتر بەر لە ماوەیەك، رۆژانە دەمانتووانی تەنیا 100 پشكنین ئەنجام بدەین بۆ هاووڵاتییان، بەڵام ئێستە رۆژانە 300 پشكنین ئەنجام دەدەین، روونی كردەوە، ئێستە ئامێرێكی ئەڵمانیمان بەردەستە، بە (كیاجین) ناسراوە، ئامێرێكی زۆر پێشكەوتووە .

 كارزان فوئاد، وەك توێژەرێكی دەروونی بۆ "وشە" ئاماژەی دا، یەكلابوونەوەی دۆخی دەروونی هاووڵاتییان بەوەی هەڵگری پەتاكەیە یان نا، بۆخۆی دەروونی ئەو كەسە زۆر گرنگە، چونكە بە یەكلابوونەوەی، كەمتر توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشیەیان هەبوو.

 شایەنی باسە لە گەرمیان تا ئێستە 14 كەس بە پەتای كۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 400 كەسیش تووشی پەتاكە هاتوون .
 
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل