خورماتوو.. لە رۆژێكدا 74 حاڵەتی كۆرۆنا تۆمار كرا

:: PM:08:59:04/07/2020 ‌

ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا لە شارۆكەی خورماتوو روو لە هەڵكشانە، بەجۆرێك تەنیا ئەمڕۆ، زیاتر لە 70 حاڵەت تۆمار كراوە، كارمەندێكی تەندروستی شارۆكەكە پابەند نەبوونی هاووڵاتییان بە رێنوێنییەكانی خۆپارێزی بە هۆكار دەزانێت، هاووڵاتییەكی شارۆكەكەیش باسی هۆكاری تر دەكات.
كەسانێك تووشی پەتاكە هاتوون پشكنین ناكەن
 د ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری تەندروستی شارۆكەی خورماتوو، بە "وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە ئەمڕۆ شەموو 4ی تەمووزی 2020، لە خورماتوو 74 هاووڵاتی تووشی پەتای كۆرۆنا هاتوون، لەكاتێكدا لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاكەوە تا رۆژی پێشتر، 48 حاڵەتی تووشبوون و چوار مردن تۆمار كرا بوو.

 زیاتر گوتی، جێبەجێ نەكردنی رێنوێنییە تەندروستییەكان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، هۆكاری سەرەكیی تەشەنەكردنی پەتاكەیە، هەروەها درەنگهاتنەوەی پشكنینەكان، وای كردووە گومانلێكراوان زیاتر تێكەڵی هاووڵاتییان بن، چونكە نازانن تووشی پەتاكە هاتوون و كەسانی تریش تووش دەكەن.

 لەوكاتەی كۆی گشتی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە خورماتوو گەیشتە 122 حاڵەت و چوار مردن،  هێمن بەرزان، چالاكی مەدەنی شارۆكەی خورماتوو، هاوكات كارمەندی تەندروستی شارۆكەی خورماتووە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، حەوت كەس لەو 74 كەسەی تووشی كۆرۆنا هاتوون، كارمەندی تەندروستین، زیاتر لەو ژمارەیەیش هەیە كە تووشی پەتاكە هاتوو، بەڵام ناچن بۆ ئەنجامدانی پشكنین.

لای خۆیەوە سیروان حەسەن، گەنجێكی خورماتووە، بۆ "وشە" پێداگری كرد كە ئەندامانی حەشدی شەعبی و پۆلیس و كاردانەوەی خیرا، بە جلی سەربازی و پاشتر بە جلی ئاسایی، كە یەكتر دەناسن، تەراتێن دەكەن، ئەوەیش هۆكاری سەرەكییە كە رێنوێنییەكان جێبەجێ نەكرێت.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل