هه‌رچه‌نده تا ئێسته به‌فه‌رمی هیچ بڕیارێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی شارستانیی عێراقی له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته گه‌شتیارییه‌كان ده‌رنه‌چووه، به‌ڵام سلێمانی ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان ده‌ست پێ كردووه و له‌م هه‌فته‌یه سێ گه‌شتی ناچاری ئه‌نجام داوه.
هیچ گه‌شتێك له دنیاوه بۆ ناوه‌وه‌ی عێراق ڕێپێدراو نییه
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م پێنجی ته‌مووز، ڕێوان عه‌بدوڵا خاوه‌نی كۆمپانیای سه‌فاری گه‌شتیاری به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سه‌عات 2:40ی به‌ره‌به‌یانی یه‌كه‌م گه‌شتی ناچاری ھێڵی ئاسمانی پێگاسوس له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانییه‌وه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌بیحه گوكچن به ژماره گه‌شتی PC6631 له‌وێشه‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ئه‌نجام درا، ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئه‌م گه‌شته تایبه‌ته كۆی گشتی 188 گه‌شتیار بوو.
زیاتر گوتی، "ئه‌م گه‌شته تایبه‌ته ته‌نیا ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی گرته‌وه كه ھه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاتێكی ئه‌وروپین یان ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاتی به‌ریتانیا یان ئه‌مه‌ریكا یان گه‌شتیار ھه‌ڵگری نشینگه‌ی وڵاتانی شینگن یان ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌ر به ناوچه‌ی شینگن نین، ئه‌و گه‌شتیارانه ده‌توانن بچنه توركیا كه هه‌ڵگری پاسپۆرتی توركین یان مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی توركیایان هه‌یه. به ھیچ شێوه‌یه‌ك ڕێ به گه‌شتیاری ئاسایی نادرێت به مه‌به‌ستی گه‌شتیاری گه‌شت بكه‌ن، له كاتی گه‌یشتنی فڕۆكه به وڵاتانی ناوبراو به پێی یاسای ئه‌و وڵاته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌شتیار ده‌كرێت بۆ جێبه‌جێكردنی رێنوێنیی تایبه‌ت به ڤایرۆسی كۆرۆنا و كه‌ره‌نتینكردن یان پشكنینی تایبه‌ت به‌و بواره."
ئاشكرای كرد، یه‌كه‌م گه‌شتی ناچاری ھێڵی ئاسمانی فڵای به‌غداد له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانییه‌وه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی ئیستانبوڵ به ژماره گه‌شتی FBA 241، له‌وێشه‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئاسیا، دوێنێ شه‌موو چواری ته‌مووز ئه‌نجام درا.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "وشه" كه‌وتوون، له فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا هه‌ر گه‌شتیارێك كاتێك ده‌گاته خاكی ئه‌و وڵاته، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای به دوو سه‌عات بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و بڕی 110 لیره‌ی توركی یان شه‌ش دۆلاری ئه‌مه‌ریكی لێ وه‌رده‌گیرێت.
گه‌شتی ناچاری مانگانه له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، ته‌نیا خاوه‌ن نشینگه‌ی توركیا و ئه‌وروپا و هه‌ڵگری ناسنامه‌كانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی و كه‌نه‌دی و وڵاتانی تر ده‌گرێته‌وه كه هاووڵاتییانی له كوردستان ماونه‌ته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه هیچ گه‌شتێك له دنیاوه بۆ ناوه‌وه‌ی عێراق ڕێپێدراو نییه.
ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقی، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا سه‌رجه‌م گه‌شته‌كانی بۆ ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عێراق وه‌ستاندووه تا 15ی ته‌مووز، له فڕۆكه‌خانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌مه‌یش بۆ به‌رگه‌گرتنی له هاتنه ناوه‌وه‌ی كه‌سانی بیانی بۆ وڵات و زیاتر بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه، له ڕۆژی 17ی ئاداره‌وه تا ئێسته فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان و عێراق داخراون، ڕاگرتنی گه‌شته‌كان، گه‌شتی دیپلۆماسی و ته‌ندروستی و كارگۆ و ناچارییه‌كان، ناگرێته‌وه.