سكاڵای یاسایی لەسەر مامۆستایەكی ئاینی تۆمار كرا

:: AM:11:35:05/07/2020 ‌
قایمقامی كۆیە ڕای دەگەیەنێت، مامۆستایەكی ئاینی شارۆكەی قەڵادزێ‌ سووكایەتی بە دڵداری شاعیر كردووە، بۆیە سكاڵا یاساییمان لەسەر تۆمار كردووە.

سووكایەتی بە دڵداری شاعیری سروودی نیشتمانی "ئەی ڕەقیب" كردووە 
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، یوسف حەسەن قایمقامی كۆیە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كەسێك بەناوی مەلا عەبدولحەمید خۆی بەناوی كوڕی پاك ناساندووە و خەڵكی شارۆكەی قەڵادزێیە، سووكایەتی بە دڵداری شاعیری سروودی نیشتمانی "ئەی ڕەقیب" كردووە، بۆیە سكاڵامان لەسەری تۆمار كرد.

قایمقامی كۆیە گوتی، مەبەستمانە لەو سكاڵایە نە ئەو مامۆستا ئاینییە و نە كەسانی تر جارێكی تر نەتوانن سووكایەتی بە شاعیرێكی وا بكەن كە سروودی نیشتمانی كوردی نووسیوە و بە دیاریكراوی گاڵتە بەو سروودە دەكات.

باسی لەوەش كرد، داواكەمان نووسیوە و هیوادارین داواكاری گشتیش بێتە خەت، بۆ ئەوەی كەسی تر نەوێرێت سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی نیشتمان بكات و ئەو كەسە لەڕێی دادگاوە سزا بدرێت.

یونس ڕەئووف وەك شاعیرێكی كورد بە "دڵدار" ناسراوە، لەدایكبووی 1918یە و لە 1948 كۆچی دوایی كردووە، بەناوبانگترین شیعری دڵدار، "ئەی ڕەقیب"ە كە لە تەمەنی ٢٨ ساڵی و دوو ساڵ پێش مردنی، كرا بە سروودی نیشتمانیی كۆماری مەهاباد و تا ئێستەش بە سروودی نیشتمانی ماوەتەوە و دەناسرێتەوە.
 



وشە - رامیار جەواد