نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان بە درۆزن ناو برد

:: AM:11:53:05/07/2020 ‌

لە كاتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران و لە میانەی قسەكانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە، بەشێك لە نوێنەرانی پەرلەمان ئەویان بە درۆزن بانگ كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، كۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمانی ئێران بەڕێوە چوو و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش خەریكی قسەكردن بوو كە بەشێكی پەرلەمانتاران ئەویان بە درۆزن ناو برد. تەنانەت یەكێك لە پەرلەمانتاران دروشمی توندتری دژی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی دا و گوتی، "مردن و سەرشۆڕی بۆ درۆزن."

محەمەد جەواد زەریفیش وەك هەڵوێستێك بەرانبەر ئەو هێرشەی كرایە سەری گوتی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو بە كەسێكی بوێر و راستگۆ دەناسێت.

ئەگەر درۆم كردبێت ئەوا خامنەیی گوێی لێ بووە
بەگوێرەی رادیۆفەردا، ئەو سەرجەم هێرشەكەی بە ناڕەوا و تۆمەتئامێز هەژمار كرد و گوتی، "ئەگەر درۆم كردبێت ئەوا خامنەیی گوێی لێ بووە، ئەو گوتوویەتی زەریف راستگۆیە و ئەگەر راستم گوتبێت، دیسان هەر خامنەیی گویی لێ بووە و گوتوویەتی بوێرە."

یەكێك لە هۆكارەكانی تووڕەبوونی نوێنەرانی پەرلەمان لە وەزیری دەرەوەی وڵاتیان، شاردنەوەی هەندێك زانیاری بووە لەسەر ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ چین ئەنجامی داون.

لەبارەی ئەو گرێبەستە 25 ساڵەیەی ئێران لەگەڵ چین گرێی داوە، وەزیری دەرەوەی ئێران  گوتی، لە كۆبوونەوەی پێنج ساڵ لەمەوبەری سەرۆكی چین و خامنەیی ئەو پرسە باس كراوە، یەكێك لە خاڵەكانی ئەم رێككەوتنەش بووژانەوەی رێی بازرگانیی ئاوریشمە.


وشە - سلێمان تاشان