هیچ شوفێرێكی پاس و تاكسی لە هەولێر تووشی كۆرۆنا نەبووە

:: PM:04:19:06/07/2020 ‌
لە هەولێری پایتەخت دوو مانگ دەبێ سەرجەم شوفێرانی پاس و تاكسییەكان ناچار كراون بەپێی رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی لە ئەركەكانیان بەردەوام بن، ئەنجامی ئەم رێوشوێنانەش ئەوە بووە تا ئێستە هیچ شوفێرێك تووشی كۆرۆنا نەبووە و شوفێران هۆكار نەبوون لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

هەرچەندە بەشێك لە رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری هەولێر بەدڵی شوفێرانی تاكسی و پاسەكان نەبووە، بەڵام زۆربەی شوفێران رێنوێنییەكانیان جێبەجێ كردووە و بەشێك لەو رێنوێنییانەشیان دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ پاریزگاری هەولێر هەموار كراوەتەوە.

عەبدوڵا كەریم سەرۆكی سەندیكای گواستنەوەی هەولێر بۆ "وشە" ئاماژەی دا، سەرجەم شوفێران كراوەتە مەرج لەسەریان لە كاتی ئەركەكانیان دەمامك ببەستن و دەستكێش بەكار بهێنن.

ئەو روونی كردەوە كە پێشتر رێنوێنیی حكوومەت بە دڵی شوفێران نەبوو، چونكە بەرپرسیارێتی نەبەستنی دەمامك لای هاووڵاتییانیش خرابووە سەرشانی شوفێران و نەدەكرا شوفێر نەفەر هەڵبگرێت و دەمامك و دەستكێشیشی بۆ دابین بكات كە نرخەكەی گرانە، ئەوەی لە نەفەری وەردەگرت دەبوو بە دەستكێش و دەمامكی بداتەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سەندیكای گواستنەوەی هەولێر، ئێستە ئەو رێنوێنییە نەماوە و شوفێر تەنیا لەسەر كەموكورتییەكانی خۆی بەرپرسیارە نەك ئەو نەفەرەی هەڵیدەگرێت.

عەبدوڵا كەریم  گلەیی هەیە لە بڕیارێكی تر كە داوا لە شوفێرانی تاكسی كراوە لە دوو كەس زیاتر هەڵنەگرن و ئەمەش لای شوفێران شتێكی باش نییە، بۆیەش لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی پارێزگایان كردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو بڕیارەشدا بكرێت. ئەو باسی لەوەش كرد بە خۆشییەوە تا ئێستە هیچ شوفێرێك تووشی كۆرۆنا نەبووە.
ژمارەی شوفێرانی پاس لە هەولێر دەگاتە هەزار شوفێر و ژمارەی شوفێرانی تاكسیش سەرووی 36 هەزار شوفێرە

ژمارەی شوفێرانی پاس كە لە هەولێر كار دەكەن، دەگاتە هەزار شوفێر و ژمارەی شوفێرانی تاكسیش سەرووی 36 هەزار شوفێر دەبێت. 

لە ئێران سەرووی 44 شوفێری پاس و تاكسی بە كۆرۆنا مردوون و سەرووی 700 شوفێریش تووشی كۆرۆنا بوون.

تاكسی و پاسەكان مەترسیدارترین شوێنن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیەش پێویستە رێنوێنییەكان لەسەریان توندتر بكرێت.



وشە - سلێمان تاشان