لە هەولێر چاكبووی كۆرۆنا هەیە سێ‌ جار پلازمای بەخشیوە

:: PM:12:08:07/07/2020 ‌
پزیشكێكی پسپۆڕ ڕای دەگەیەنێت، هەر تووشبوویەكی كۆرۆنا دوای چاكبوونەوە، هەموو هەفتەیەك یان 10 ڕۆژ جارێك پلازما ببەخشێت. سەنتەری وەرگرتنی خوێن لە هەولێریش ڕوونی دەكاتەوە كەسانێك هەن تا ئێستە سێ‌ جار پلازمایان بەخشیوە.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، لاوەند سەباح پسپۆڕی دیاریكردنی نەخۆشییەكانی خوێن بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی ڕێنوێنییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، هەر تووشبوویەكی كۆرۆنا دوای چاكبوونەوەی، دەتوانێت هەموو هەفتەیەك بۆ 10 ڕۆژ جارێك پلازما ببەخشێت.

ئەو پزیشكە گوتی، پێویستە ئەو كەسە دڵنیا ببێتەوە كە هیچ نەخۆشییەكی تری نەبێت، چونكە تا ئامادەكردنی پلازمای پێویست بۆ لەشی نەخۆشێك، تێچوویەكی زۆر پێویستە و ڕەنگە هەندێك جار بگاتە 500 هەزار دینار.

ئاساییە هەر كەسێكی تووشبوو چەندی لە توانابێ دوای ماوەی دیاریكراو خوێن ببەخشێت
باسی لەوەش كرد، تاكە چارەسەری باش ئێستە پلازمای خوێنە، بۆیە ئاساییە هەر كەسێكی تووشبوو چەندی لە توانابێ دوای ماوەی دیاریكراو خوێن ببەخشێت بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە پلازماكەی بۆ تووشبوویەكی تر.

لە ڕاگەیەنراوێكی بانكی وەرگرتنی خوێن لە هەولێردا هاتووە، دوای پێڕەوكردنی پێدانی پلازمای كەسی چاكبوو بە نەخۆشی كۆرۆنا، لەلایەن سەنتەرەكانی كۆرۆنا وەك رێیەكی چارەسەری، بانكی خوێن وەك لایەنی پێوەندار و بە هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ سەنتەرەكانی كۆرۆنا، بە پرەنسیپی تەندروستی و پزیشكی جیهانی (ئامیری ئەفیڕێسس) دەستی بە وەرگرتنی پلازما كردووە.

ڕوون كراوەتەوە، لە هەولێر تا ئێستە 38 بەخشەر هەبوون كە هەندێكیان دوو بۆ سێ‌ جار پلازمایان بە نەخۆش بەخشیوە.

لە هەرێمی كوردستاندا ژمارەی تووشبووان لە حەوت هەزار نزیك دەبێتەوە و ئەو كەسانەشی بەو ڤایرۆسە مردوون، ژمارەیان لە 250 هاووڵاتی زیاترە.




وشە - رامیار جەواد