بازاڕی بەرهەمی كشتوكاڵی باشتر دەبێت

:: PM:04:03:09/07/2020 ‌
لە چەند رۆژی رابردوودا زۆریی بەرهەمی كشتوكاڵی و نەبوونی هیچ بازاڕێكی دەرەكی بۆ ساغكردنەوەیان، هۆكار بووە لەوەی نرخی زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دابەزێت و  تێچووی بەرهەمهێنانیش دەرنەهێنێتەوە، بەڵام هەندێك بڕیار و هەڵمەتی ناوخۆیی رۆڵی هەبووە لەوەی بازاڕەكە بەرەوباشی بچێت.

لەو ماوەیەدا كە باس لە هەرزانیی بەرهەمی جووتیاران دەكرێ، "وشە" دەستپێشخەر بووە لە رێكخستنی هەڵمەتی پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆ و بە رۆژەڤبوونی بازاڕی خراپی بەرهەمی ناوخۆ، كاریگەری لەسەر دەركردنی كۆمەڵێك بڕیار و پێشهات هەبووە.

دوو رۆژ لەمەوبەر لە عەلوەی هەولێر نرخی زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان زۆر نزم بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەندێك گۆڕانكاری بەسەر هاتووە و بازرگانان دەڵێن ئومێدیان زۆرە لە چەند رۆژی داهاتوودا دۆخەكە باشتر بێت.

كۆسرەت حاجی سەردار خاوەنی نووسینگەی حاجی سەردار بۆ "وشە"م ئاماژەی دا، خەریكە نرخەكان بەرز دەبنەوە و زۆرترین كاریگەریش لەسەر نرخی خەیار بووە، پێشتر كە كیلۆیەكی تا 100 دینار دابەزیبوو، ئێستە بۆ 400 دینار بەرز بووەتەوە.

ئەو گوتی حكوومەت ئاسانكاری كردووە بۆ ئەو بازرگانانەی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بێن لە عەلوەی هەولێر بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان ببەن و ساغی بكەنەوە.

خاڵێكی تر بۆ یارمەتیدانی جووتیاران، بەگەڕخرانی هەردوو كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور و هەریرە كە كاریگەری هەبووە و هاوكات كۆمەڵێك دەزگا و خێرخوازیش بە كڕینی بەرهەمی جووتیاران، یارمەتیدەر بوون لەوەی نرخەكە كەمێك بەرز ببێتەوە.
دوێنێ كەسێكی خێرخواز سندووقی بە سێ هەزار دینار تەماتەی لە جووتیاران كڕی

ئەو گوتی دوێنێ كەسێكی خێرخواز سندووقی بە سێ هەزار دینار تەماتەی لە جووتیاران كڕی، لە كاتێكدا پێشتر بە هەزار و 500 دینار دەفرۆشرا، جگە لەمە بڕیاریش دراوە گۆڕانكاری بەسەر نرخی سەلەی پلاستیكی بهێنرێت و لە قازانجی جووتیاراندا نرخەكەی گۆڕانكاری بەسەردا بێت.


وشە - سلێمان تاشان