وەزیری پەروەردە پێدانی سوپاس و پێزانینی بە مامۆستایان ڕاگەیاند

:: PM:12:41:11/07/2020 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، سوپاس و پێزانین بەسەرجەم مامۆستایان سەرپەرشتیارانی تاقیكردنەوەكان دەدرێت.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی تەمووز، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە دوای سەردانی چەند شوێنێك بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان بەبێ‌ كێشە لە سنووری سلێمانی، بۆ میدیاكان گوتی، بەشێوەیەكی گشتی هیچ گرفتێكی بەرچاو لە بەردەم تاقیكردنەوەكاندا نییە.

هەموو ئەو مامۆستایانەش كە سەرپەرشتی تاقیكردنەوەكان دەكەن، سوپاس و پێزانینیان پێ دەبەخشرێت دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان
وەزیری پەروەردە گوتی، ئەمڕۆ چاودێریی گەیشتنی پرسیارە وەزارییەكانمان كردووە بۆ شوێنەكان تا دڵنیا بین، هەروەها سەرجەم رێكارە تەندروستییەكان لە هۆڵەكانی خوێندن پێڕەو دەكرێن، هەروەها سوپاسی لایەنی تەناهی، وەزارەتی كارەبا و كەرتی تەندروستی دەكەین كە هاوئاهەنگیی تەواویان كردووە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا.

باسی لەوەش كرد، سوپاسی مامۆستایانی كوردستان دەكەین كە هەمیشە هاوكاری پرۆسەی پەروەردەیان كردووە، هەموو ئەو مامۆستایانەش كە سەرپەرشتی تاقیكردنەوەكان دەكەن، سوپاس و پێزانینیان پێ دەبەخشرێت دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان.

ئەمڕۆ شەموو تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستی پێ كرد كە تێیدا  144 هەزار و 142 خوێندكار بەشداری دەكەن.



وشە - رامیار جەواد