پڕۆژەی جۆزە 20 ئەمپێرییەكەی سلێمانی شكستی هێنا

:: PM:01:24:12/07/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی زۆری سەرپێچی لە كارەبا بۆ پڕۆژەكە، ئێستە كۆتایی بەو پڕۆژەیە دێت و دەست دەكرێت بە بەستنی پێوەری زیرەك.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی تەمووز، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی هاتووە، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم دەبێتەوە، بەڵام وەرزی هاوینی ئەمساڵ، بەبەراورد بەهاوینی ساڵانی رابردوو پێدانی كارەبا باشتر بووە.

ئیدارەكانیش سەرپشك كراون، بەمانەوە یان لابردنی جۆزەكان
باس لەوەش كراوە، بۆ ئەو ناوچانەش كە پێشتر جۆزەی "16-20"  ئەمپێرییان بۆ دانراوە، لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەك لەرێی پارێزگارەوە گشتاندن بۆ هەموو یەكە ئیدارییەكان كراوە بۆ كاری پێویست بەوەی كە بەرنامەی دیاریكراو بۆ جۆزەكان نەماوە، هەموو پارێزگای سلێمانی بەرنامەی دابەشكردنی كارەبای بۆ هاووڵاتییان وەك یەك دەبێت، ئیدارەكانیش سەرپشك كراون، بەمانەوە یان لابردنی جۆزەكان.

ڕوون كراوەتەوە، بەهۆی دەستكاریكردن و سەرپێچییەكی زۆرەوە، گەڕاندنەوەی كارەبا لەماوەی رابردوودا زۆر كەمتر بووە بەبەراورد بەساڵانی پێشتر، بۆیە وەك پلانی سەرەتای دانانی جۆزەكان، لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەك ئەم پڕۆژەیە دانانی جۆزە كۆتایی دێت.

پڕۆژەی بەستنی جۆزەی 20 ئەمپێری لە سلێمانی ماوەی چەند ساڵێكە لە سلێمانی بەستنی بەردەوامی هەیە و ئێستە وەستێنرا.



وشە - رامیار جەواد