وەزارەتی شارەوانی جێبەجێکردنی كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیجیی راگەیاند

:: PM:12:29:13/07/2020 ‌
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاپۆرتی خزمەتگوزاری و چالاكییەكانی ساڵێكی خۆی ئاشكرا دەكات كە بە قەبارەی 251 ملیار دینار پڕۆژە لە چەندان كەرتی جیاواز جێبەجێ كراون، بە قەبارەی 800 ملیار دیناریش گوژمە بۆ كۆمەڵێك پڕۆژە تەرخان كراوە كە لە ساڵی دووەمی كابینەكە جێبەجێ دەكرێن.

پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە 176 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە
بە پێی راپۆرتەكە لە ماوەی ساڵی یەكەمی دەستبەكاربوونی كابینەی  نوێی حكوومەت، هەشت پڕۆژە لە سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو بە گوژمەی زیاتر لە 19 ملیار دینار جێبەجێ كراون. بەشی دووهەمی پڕۆژەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو جێبەجێ كراون و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجەش بە گوژمەی زیاتر لە 176 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بەشێوەی قەرزی درێژخایەن جێبەجێ كراوە.

 لە لایەكی ترەوە هەر لەوسەر داهاتی فەرمانگەكان 252 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار لە سێكتەری شارەوانییەكان و لەسەر داهاتی فەرمانگەكان جێبەجێ كراوە.

پێویستە بگوترێ كۆمەڵێك پڕۆژە لە وەزارەتی شارەوانی هەن كە ئێستە كاریان لەسەر دەكرێت، ئەوانیش بریتین لە  تەواوكردنی پڕۆژەی شەقامی 120 مەتریی هەولێر لە نێوان رێی سەرەكیی هەولێر و مووسڵ تا رێی سەرەكیی هەولێر-كەركووك بە گوژمەی زیاتر لە 88 ملیۆن دۆلار.

 قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 150 مەتری خێرای نێوان رێی سەرەكیی هەولێر-بەحركە تا رێی سەرەكیی هەولێر-كۆیە بە گوژمەی زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلار  جێبەجێ دەكرێت. قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە رێی هەولێر بەحرکە تا هەولێر-شەقڵاوە لەخۆدەگرێت.

جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی بارزان و 51  گوندی دەوروبەری بە گوژمەی 130 ملیار دینار بەڕێژەی 31%. پڕۆژەی جێبەجێكردن و چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە كەسنەزان و دەوروبەری بە گوژمەی 10 ملیۆن دۆلار بە ڕێژەی 60%.

 جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (4) و چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار بە رێژەی 7%  بەشێوەی قەرز. جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی 20 ملیۆن دۆلار بە رێژەی 60%. جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ بە گوژمەی 90 ملیار دینار بە ڕیژەی 59%.
وەزارەتی شارەوانی 28 گرێبەستی تایبەت بە كۆكردنەوە و گواستنەوە و خاوێنكردنەوەی کردووە

بەپێی راپۆرتەكە، وەزارەتی شارەوانی 28 گرێبەستی تایبەت بە كۆكردنەوە و گواستنەوە و خاوێنكردن لە شار و شارۆكە و گوندەكان لە سنووری شارەوانییەكانی بە گوژمەی مانگانە نزیكی 12 ملیار دینار واژوو كردووە.

دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیاری لە دەروازەی كەلار – سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و 500 ملیۆن دینار و جێبەجێكردنی پێنج  پڕۆژەی ئاو بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار كە بە رێژەی 7% جێبەجێ كراوە، بەشێكی ترە لەو پڕۆژانەی لە جێبەجێكردندان.

400 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەرخان کراوە
ئەو پڕۆژانەی بودجەیان بۆ تەرخان كراوە و لەگەڵ دەستپێكی ساڵی دووەمی كابینەی نۆیەم دەست بە كاركردن تێیاندا دەكرێ، بریتین لە  تەرخانكردنی 400 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی وەك قۆناغی یەكەم.

تەرخانكردنی زیاتر لە 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی 155 پڕۆژە و پێداویستی لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ.

تەرخانكردنی زیاتر لە نۆ ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی 104 پڕۆژەی بچووك و مامناوەند لە سێكتەری شارەوانی. دابینكردنی زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ كڕینی مادەی پاككەرەوە بۆ پڕۆژەكانی ئاو و دابەشكردنی ئاو. تەرخانكردنی زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ بەكرێگرتنی تانكەر بۆ ئاوەدانی پارك و باخچە و بلوارەكان لە هەولێر و سلێمانی.

 تەواوكردنی قۆناغەكانی دیزاین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورس لە شاری هەولێر (قۆناغی یەكەم) بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەستنیشانكردنی كۆمپانیای راوێژكار.

  پڕۆژەی دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پڕۆژەكانی ئاو لە پارێزگای هەولێر، راكێشانی هێڵی سەرەكی و ئاوەڕۆی لوولەیی و دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پڕۆژەكانی ئاوی سلێمانی و هەڵەبجە بە گوژمەی نۆ ملیۆن دۆلار.
پڕۆژە بەردەوامەكان پێویستییان بە نزیكەی دوو ترلیۆن دینار بودجە هەیە

بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژە بەردەوامەكان پێویستییان بە نزیكەی دوو ترلیۆن دینار بودجە هەیە تا جێبەجێ بكرێن. سێكتەرە سەرەكییەكانی وەزارەتی شارەوانی بریتین لە  ئاو، شارەوانی، ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار و شوێنەوار.

ساڵی یەكەمی كابینەی نوێی حكوومەت كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگ هاویشتراوە
كوردۆ شابان گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ "وشە" روونی كردەوە، سەرەڕای ئەو دۆخە تایبەتەی بەهۆی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە هەرێمی كوردستان هاتە كایەوە، ساڵی یەكەمی كابینەی نوێی حكوومەت كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگ هاویشتراوە و لە ساڵی دووەمی كابینەكەش كۆمەڵێك پڕۆژەی جێبەجێ دەكەن كە لە راپۆرتەكەیاندا ئاماژەی پێ كراوە.

ئەو روونی كردەوە، ئەو پڕۆژانەی لە راپۆرتەكەدا باس كراون، جێبەجێكردنیان یەكلا بووەتەوە و گوژمەشیان بۆ تەرخان كراوە، ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی تر هەن كە هێشتا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان  و لە داهاتوودا دوای پەسندكردنیان، بودجەیان بۆ تەرخان دەكرێ و دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.


وشە - سلێمان تاشان