"هێرشەكەی كۆرمۆر كێشەی خستووەتە ناو كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"

:: PM:09:04:29/04/2024 ‌

ئێواری هەینی رابردوو كێڵگەی غازیی كۆمۆر لە چەمچەماڵ كرایە ئامانجی درۆنێكی بۆمبڕێكراو و زیانی گیانی و مایەكی لێ كەوتەوە، ئەو هێرشە سەركۆنەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە حكوومەتی عێراق بەڵێنی ئاشكراكردن و راوەدوونانی ئەنجامدەرانی دا، سەرچاوەیەكی دیاری سیاسی لە بەغدا ئاشكرای كرد كە لە كۆبوونەوەی ئەم چەند رۆژەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان زانیاری وردی لەبارەی هێرشەكە خستووەتە روو.

بەپێی سەرچاوەكە لەو كۆبوونەوەیە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق تیایدا ئامادە بووە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڵگەی پێشكەش كردووە كە هێرشەكە لەلایەن چەند گرووپێكی حەشدی شەعبی ئەنجام دراوە و زانیاری خستووەتە روو، بەتایبەتی گرووپێكی چەكداری نزیك لە ئێران تۆمەتبار كراوە، ئەوەش كێشە و مشتومڕی لە نێوان هەندێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەناو كۆبوونەوەكە دروست كردووە و وای كردووە بێ گەیشتن بە هیچ ئەنجامێك كۆبوونەوەكە كۆتایی پێ بێت. 

لە دوای هێرشەكەی كۆرمۆرەوە، سەركۆنەكردنی ناوخۆیی و دەرەكیی بەردەوامە، كاتێك هەریەك لە ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیا داوای لێكۆڵینەوەیان لە هێرشەكە كرد، وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەو دەوڵەتەی لە بۆردمانەكە سوودمەندە ئەوەیە كە ساڵانە بای چەندان ملیار دۆلار غاز بە عێراق دەفرۆشێت، وەك ئاماژەیەك بۆ ئێران، چونكە كاركردن و پەرەپێدانی ئەو كێڵگە غازییە گرنگە دژی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەو دەوڵەتەیە، بەتایبەتی ئەو كیڵگە ستراتیجییە كە وا دەكات لە چەند ساڵێكی كەمی داهاتوو عێراق پێویستی بە كڕینی غاز نەمێنێت، ئەوەش واتە لە داهاتوودا عێراق پێویستی بە غازی ئێران نابێت.

كەریم روونی كردەوە، ئەو میلیشیایانەی خاوەنی ئەجیندای دەرەكین ناسراون، ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە و ئێمەش هەموو زانیارییەكمان لەباریانەوە هەیە، هێرشەكە لە چ ناوچەیەكەوە كراوە، بەتایبەتی كە یەكەمجار نییە ئەو كارە ئەنجام دەدەن و پێشتریش چەند جارێك كردوویانە، بۆیە سەرۆكی هەرێم لە كۆبوونەوەكانی لە بەغدا هەموو زانیاری و وردەكارییەكی لەبارەی هێرشەكە و هێرشەكانی پێشووش خستووەتە روو، بە سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیاندووە كە پێویستە بەرپرسیارەتی بگرنە ئەستۆ لە بەرپەرچدانەوەی ئەو میلیشیایانە، ئەگینا لێكەوتەی تەناهی و سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی دەبێت. 

ئەو ئەندامەی پارتی دووپاتی كردەوە كە سەرەڕای پێشكەشكردنی هەموو زانیاری و بەڵگەكان بۆ بەغدا و هێزە سیاسییەكانی عێراق سەبارەت بەو میلیشیایانەی لە هێرشەكە تێوەگلاون و ئامانجی هێرشەكەیان، پێشبینی ناكەین حكوومەتی عێراق بتوانێت لایەنی هێرشبەر ئاشكرا بكات و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، لێكۆڵینەوەكەش وەك ئەوانەی پێشوو بێ هیچ ئەنجامێك دەبێت، چونكە چەكی دەستی ئەو گرووپانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە و تا ئێستە لە چەكی دەوڵەتی بەهێزترن، ئەوان كۆنترۆڵی چەندان ناوچەی گرنگ و هەستیار لە عێراق دەكەن.

لای خۆیەوە یاسین عەزیز، توێژەری سیاسی و تەناهی دەڵێت، هێرشەكەی كۆرمۆر ئامانجی سیاسی و ئابووری هەبوو، كاتێك چەند لایەنێكی ناوخۆیی كە خزمەت بە ئەجیندای دەرەكەی دەكەن، ئەوان لە پشت هێرشەكەوەن بۆ تێكدانی ئەو نزیكبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا لە بواری غاز هەیە، هەروەها رێگرتن لە گەیشتنی عێراق بە خۆبژێوی لە رووی غازەوە، بۆیە میلیشیاكانی ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە.

ئەو توێژەرە زیاتر دەڵێت، ئەو درۆنەی هێرشی كردە سەر كێڵگەی كۆرمۆر، لە دەوروبەری شارۆكەی خورماتوو هەڵدراوە، كە ناوچەیەكە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی چەند میلیشیایەكی ناسراو لای هەمووان، بەڵام پێمان وایە ئەو چەترە سیاسییەی ئەو میلیشیایانە لە بەغدا هەیانە رێگری لە لێپرسینەوەكردن لەگەڵیان دەكات، كە دژی دەوڵەتی عێراقی و بۆ بەرژەوەندیی دەرەوە كار دەكەن، ئەگینا زانیاری گرنگ لەبارەی ئەو میلیشیایانە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە گەیشتووەتە لیژنەی لێكۆڵینەوە، بەڵام پاراستنی سیاسی و حكوومەتی بۆ ئەوان لە سەرووی لیژنەكانی لێكۆڵینەوەن، كە بە درێژایی ساڵانی رابردوو هیچ ئەنجامێكی لێكۆڵینەوەكانیان ئاشكرا نەكردووە.   

شایەنی باسە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو كێڵگەی غازیی كۆرمۆر دووچاری زنجیرەیەك هێرشی مووشەكی هاتەوە، لەو ساتەوە حكوومەتی عێراق باسی لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە دەكات، بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێك رابگەیەنێت، زۆرینەی شارەزایانی تەناهی پێیان وایە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە و مەبەستی ئەوان ئاشكرایە، كە رەنگە ئەوجارە پێوەندیی بە رووسیا و ئێرانەوە هەبێت، بۆ ئێران رێگرتنە لە كاركردن و پەرەپێدانی كێڵگەكە، كە لە بەرژەوەندی ئەودا نییە، جیا لە ترساندنی كۆمپانیا بیانییەكان، بۆ رووسیاش رێگرتنە لە هەر پلانێك بۆ گواستنەوەی غازی ئەو كیڵگەیە بەرەو ئەوروپا و شوێنگرتنەوەی غازی رووسیا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل