زیندانەكانی عێراق.. دنیایەكی لەبیركراوی پڕ لە نەهامەتی

:: PM:05:39:13/07/2020 ‌

عێراق بەدرێژایی مێژووی نوێی گۆڕەپانی چەندان رووداوی گەورە بووە، لە جەنگی وڵاتان و گەمارۆ و جەنگی ناوخۆیی، لە سەرووی هەموویانەوە جەنگێكی تایفی كە عێراقی پڕ كردووە لە گۆڕی بە كۆمەڵ و زیندانی ئاشكرا و نهێنی، روانگەیەكی مافەكان وریایی لە كارەسات دەدات لەو زیندانانە.
لە عێراق زیاتر لە 60 هەزار زیندانی هەن
روانگەی "ئۆرۆ ناوەڕاستی"ی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ راپۆرتێكی سەبارەت بە دۆخی كارەساتباری هەزاران گیراو لە زیندانەكانی عێراق بڵاو كردەوە و وریایی لە دروستبوونی كارەساتێكی نزیكی مرۆیی دەدات، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق لە خۆدزینەوە لە ئازادكردنیان یان یەكلاكردنەوەی دۆسییەكانیان بەردەوام بن.

روانگەكە كە بارەگای لە جنێڤە، لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق مەترسییەكی زیاتری بۆ سەر گیانی گیراوان دروست كردووە، بەتایبەتی زیندانەكان لە كەمترین ئاستی خزمەتگوزاری و چاودێریی تەندروستی بێبەشن، ئاماژەی كرد، دەسەڵاتدارانی عێراق زیاتر لە 60 هەزار كەسیان گرتووە، هەزاریان ژنن لە 13 زیندانی حكوومەتی گیراون، جیا لە دەیان زیندانی نهێنی سەر بە میلیشیا و حزب و گرووپەكانی حەشدی شەعبی و هۆزەكان و هیتریش.  

روونی كردەوە، تا ئێستە دەسەڵاتدارانی عێراق سیاسەتی شاردنەوەی زانیارییەكان سەبارەت بە ژمارەی گیراوان و دۆخی تەندروستی ئەوان و ژمارەی ئەوانەی مردوون پێڕەو دەكەن، بەتایبەتی بەهۆی خراپیی دۆخی گرتنیان و فەرامۆشكردنیان لە رووی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار و پەتایی. 

رێكخراوی مافی مرۆڤ لە 14ی ئایاری رابردوو داوای لە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق كردبوو بە دەركردنی یاسا بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی پێوەست بە مافی مرۆڤ لە سیستمی یاسایی عێراق، رێكخراوەكە ئاماژەی كرد، لە چوار ساڵی رابردوودا داوایان لە حكوومەتی عێراق كردووە بۆ راگەیاندنی ژمارەی گیراوان لە زیندانەكانی ئەو وڵاتە، بەڵام تا ئێستە ئەوەی نەكردووە، ئەوەیش وا دەكات ئەستەمە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی زیندانییەكان بكەین، بەتایبەتی قەرەباڵغی و لێكدووركەوتنەوەی گیراوان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە.

لە 5ی حوزەیرانی رابردوو كامل ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاكسازی نەوجەوانان سەر بە وەزارەتی دادی عێراق وریایی لە بڵاوبوونەوەی فرەوانی پەتای كۆرۆنای لە زیندانییەكان دا و گوتی، لە شوباتی رابردووەوە چەندان رێوشوێنی خۆپارێزیمان وەرگرتووە، لەوكاتەی روانگەی ئۆڕۆ ناوەڕاستی ئاماژە دەكات كە زیندانەكان بەهۆی هەڵمەتەكانی گرتن جمەیان دێت.

روونی كردەوە، هەروەها دادگە لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەی گیراوان بەردەوامە، ئەوەیش وای كردووە ژمارەی گیراوان زۆر لە توانای گرتووخانەكان زیاتر بێت، كە دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنایش حكوومەتی هیچی نەكردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.

كەسێكی ئاگەدار لە دۆخی زیندانەكانی عێراق بە "رێكخراوی مافی مرۆڤی" گوت، زیندانێكی بەغدا ژمارەیەك زیندانی و پاسەوانەكانی تووشی كۆرۆنا بوونە، رێكخراوەكە ئاماژە دەكات كە زانینی شوێنی گیراوانی خۆپێشاندانەكان لەوانەی رفێنراون و تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە، پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە.
روانگەكە ئاماژەی كرد، زیندانەكان لە عێراق لە كەمترین ئاستی پێویستییەكانی ژیانی مرۆڤانە بێبەشن، ئەوان پیسن و خۆپارێزیان بەرانبەر بە نەخۆشییەكان تیادا نییە، ئەوەیش دەیانكاتە ژینگەیەكی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی پێست وەك گەڕی و هەناسەدانی وەك رەبوو و هەناسەتەنگی و هەوكردنی جگەر و هیتریش لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان، جیا لەوەی بەڕێوەبەرانی ئەو زیندانانە ئامرازی خۆپارێزی لە كۆرۆنا دابەش ناكەن.

روانگەكە لە پۆلیسێكی عێراقی دەگوازێتەوە كە زیندانییەكی نهێنی لە ناوچەی تاهر ئاوا لە پارێزگەی نەینەوا هەیە سەر بە لیوای 30 حەشدی شەعبییە، نزیكەی هەزار گیراوی تیادایە، ئەوان لەسەر بنەمای تایفی و تۆڵەسەندنەوە گیراون، كاتێك فەرماندەی لیواكە داوای پارەیەكی زۆر لە كەسوكاری گیراوان دەكەن بۆ ئازادكردنی رۆڵەكانیان. 

پۆلیسێكی تری مووسڵ ئاماژە دەكات كە لیوای 30ی حەشدی شەعبی زیندانی تری نهێنی لەو پارێزگایە هەیە كە بریتین لە چەند خانووێك لە ناوچەی قەرەج لە كۆكجەلی و چەند ژێرزەمینێكیان تیادایە، هاووڵاتییانی مووسڵ دەڕفێنن و لەوێیان زیندانی دەكەن، دوای ئەوە بەرانبەر بە پارە ئازادیان دەكەن، یان دەیانكوژن.

لە 2ی حوزەیرانی رابردوو جاسم سامەڕایی، خەڵكی سامەڕایە ئاماژەی كرد، هێزەكانی سەر بە سرییەكانی سەلام سەر بە موقتەدا سەدر، هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنیان بۆ هاووڵاتییان رێكخست لە ناوچەكە كە سێ رۆژ بەردەوام بوو، بێ ئەوەی هێزە تەناهییەكان هیچ بكەن.

لای خۆیەوە تارق لیوا، راوێژكاری یاسایی روانگەكە روونی كردەوە كە زیندانیكردنی گیراوان دەبێت لەسەر بنەمایەكی یاسایی بێت، هەروەها پێویستە دەسەڵاتداران رێگە بە گیراوان بدەن كە پارێزەر بۆخۆیان دیاری بكەن لەكاتی لێپرسینەوە، ئەگەر هیچیان لەسەر نەبێت یان حكوومەت نەتوانێت دۆخی ئەوان چارەسەر بكات، ئازاد بكرێن.  

لە زیندانە نهێنییەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، زیندانێكی نهێنی لەناو گرتووخانەی ئەبوغرێب لە رۆژئاوای بەغدا كە گیراوانی مەدەنی لە جورف ئەسەخڕ و تارمییە و نەخیبیان تیادایە، زیندانی مەحاویل لە بابل و زیندانی ئەلبو مستەفا و وێستگەی گەرمی كە گیراوانی خەڵكی مووسڵن، زیندانی عەرەب جاسم لە نزیك بەغدا و زیندانی جورف ئەلسەخڕ لە دەوروبەری بەغدا، ئەو زیندانیانە بەدەستی میلیشیاكانی نەجەبا و كەتیبەكانی سەید شوهەدا و حزبوڵا و عەسائیب و خوراسانین و ئەوان لەلایەن حەشدی شەعبی و فەیلەقی قودس بە زانیاری بەغدا بەڕێوە دەبرێن.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل