لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تەقینەوەیەك رووی دا و بەهۆیەوە ژمارەیەك پاسدار بریندار بوون.
هەواڵی تەقینەوەكە هەر لەلایەن قەرارگای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاو كرایەوە و باسی لەوە كردووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم لە ناوچەی زیباشەهری زاهیدان بۆمبێك لە نزیك ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی دانرابوو و دوای تەقینەوەكەی زیان بەر ئۆتۆمبێلەكە كەوت.
سەرچاوەكەی سوپا ئاماژەی بەوە نەكردووە هیچ كەسێك بریندار بووبێت، بەڵام "
بی بی سی" لە زاری رۆژنامەی سۆبح بڵاوی كردەوە كە بەهۆی ئەم تەقینەوەیە چوار كەس بریندار بوون.
ماڵپەڕی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش بڵاوی كردەوە لەسەر ئەم تەقینەوەیە پێنج گومانلێكراو گیراون.
دوو هەفتە لەمەوبەریش كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی سوپای پاسداران كرایە ئامانج
ئەمە یەكەم جار نییە لەو پارێزگایە هێرش دەكرێتە سەر سوپای پاسداران و دوو هەفتە لەمەوبەریش كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی سوپای پاسداران كرایە ئامانج و جەیشولعەدل لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت.
سیستان و بەلووچستان بە مەزەو سوننە و بە نەتەوەش بەلووچن و هاوشێوەی كورد لە ژێر ستەمی دەسەڵاتی تاراندان، بۆیەش كۆمەڵێك حزب و گرووپ لەو پارێزگایە سەریان هەڵداوە لە بەرەنگاری حكوومەت دەبنەوە.