كڕین و فرۆشتنی تمەن لە سلێمانی زیانی زۆری بە كاسبكاران گەیاندووە

:: PM:12:03:06/08/2020 ‌
بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بووەتە هۆكاری پاشەكشەپێكردنی باری ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان. بێكاری وایكردووە ژمارەیەك لە هاووڵاتییان روو لە پیشەی كڕین و فرۆشتنی دراوی ئێرانی بكەن، دابەزینی  نرخی تمەن بۆ هەندێكیان قازانج و بۆ زۆرینە زیانی هەبووە.

ئەو دۆلارەی لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بە 15 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرا، ئێستە بە 25 هەزار تمەنە و هەر ئەوەش وایكردووە بەشێك لە كاسبكاران حەزیان لەوە بێت لەم بازاڕەدا وەبەرهێنان بكەن بەو ئامانجەی قازانجێكیان لە گۆڕانكارییەكانی نرخ دەست بكەوێت.

جگە لە سلێمانی لە كەربەلا و نەجەفیش بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی جمەی هاتووە
لە راپۆرتێكدا كە دۆیچەوێلە لە زاری فرانس پرێس بڵاوی كردووەتەوە، جگە لە سلێمانی لە شارەكانی كەربەلا و نەجەفیش بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی لە چەند مانگی رابردوودا جمەی هاتووە و یەكێك لە گرنگترین چالاكییە بازرگانییەكان بووە، بەڵام كۆرۆنا چ لە عێراق و چ لە ئێران زیانی زۆری بە كەرتی ئابووری و بازرگانی گەیاندووە.

لە عێراق 130 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و سەرووی پێنج هەزار كەسیش بە هۆی نەخۆشییەكە گیانیان لە دەست داوە. لە ئێرانیش سەرووی 310 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 17 هەزار كەسیش بە نەخۆشییەكە گیانیان سپاردووە.

بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زۆرترین كاریگەریی لەسەر سلێمانی هەبووە، یەكێك لە كاسبكارانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە سەرچاوەكەی گوتووە، نرخی هەر دۆلارێك بە تمەن بە راورد بە پێنج مانگ لەمەوبەر 10 هەزار تمەن بەرزتر بووەتەوە.

بەشێك لە بازرگانان و كاسبكاران بەو ئومێدە تمەنێكی زۆری ئێرانییان كڕیوە كە زوو دۆخی كۆرۆنا و ئەو چەقبەستووییەی بازاڕ تێپەڕێت، دوای ئاساییبوونەوەی كۆرۆنا بەو تمەنەی لە بەردەستیاندایە، بتوانن زۆرترین كاڵا لە ئێران بكڕن و لەم رێیەوە قازانجێكی زۆر دەست بخەن. تمەنی ئێرانی لە نزمترین بەهای مێژوویی خۆیدایە و هیچ كاتێك تمەن تا ئەم ئاستە هەرزان نەبووە.

  • 87%ی بەشدارانی راپرسییەكە گوتوویانە لەبەر كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی ناتوانن كار بكەن.
بەپێی راپرسییەك كە لە عێراق ئەنجام دراوە، 87%ی بەشدارانی راپرسییەكە گوتوویانە لەبەر كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی ناتوانن كار بكەن.

دەگوترێ ئەو تەنگژە ئابوورییەی تووشی عێراق بووە، لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتە بێ وێنە بووە كە یەكێكیان پێوەندی بە كۆرۆنا و ئەوەی تریان پێوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە هەیە. حكوومەتی عێراق لە ژێر كاریگەریی ئەو تەنگژەیە ناچار بووە خەرجییەكان كەم بكاتەوە

زۆر لەو كەسانەی لە سلێمانی روویان لە ئاڵوگۆڕی دراو كردووە، لەو كەسانەن ئەزموونێكی زۆریان لە بازاڕەكەدا نییە و پێشتر كاری تریان هەبووە و دوای لەدەستدانی پیشەكەیان روویان لەم كارە نوێیە كردووە.

یەكێك لە خاوەن نووسینگەكانی دراو لە سلێمانی بە سەرچاوەكەی گوتووە، هەر جۆرە بازرگانیكردنێك بە تمەن، جۆرێك لە قومار و هەموو ئەوانەی پێشتر دۆلاریان بە 20 هەزار تمەن كڕیبوو زیانیان بەركەوتووە، چونكە بەهای دۆلار لە 20 هەزارەوە بۆ 25 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

یەكێك لەو كاسبكارانە گوتوویەتی ماوەیەك لەمەوبەر 500 ملیۆن تمەنم كڕی، بەڵام نرخی تمەن زیاتر دابەزیوە و ئەگەر بیەوێ دووبارە دۆلار بكڕێتەوە، ئەوا هەزاران دۆلار زیانی بەردەكەوێت.

یەكێك لە گرنگترین داهاتەكانی عێراق بریتی بووە لەو زیارەتكارانەی سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی عێراق دەكەن، ساڵانە بە ملیۆنان كەس لە شیعەكانی عێراق سەردانی نەجەف و كەربەلا دەكەن.
داهاتی كەرتی گەشتوگوزاری عێراق بە گشتی لە ساڵێكدا سەرووی پێنج ملیار دۆلار بووە.

ئێرانییەكان لەمیانەی ئەو زیارەتكردنە بازرگانیش دەكەن. دواین ئاماری عێراق دەریخستووە داهاتی كەرتی گەشتوگوزاری عێراق بە گشتی لە ساڵێكدا سەرووی پێنج ملیار دۆلار بووە. ئەم بڕە داهاتە هی كاتێك بووە كە دۆخەكە ئاسایی بووە و شتێك بە ناوی كۆرۆنا لە ئارادا نەبووە. 2.5% لە داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی عێراق لە كەرتی گەشتوگوزار دابین كراوە.

بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئەم داهاتەی نەهێشتووە و پێشتر كە دەیان هوتێل و رێستورانت و شوێنی گەشتیاری بۆ پێشوازیكردن لە میوانانی ئێرانی دامەزرابوون و جمەیان دەهات لە میوان، ئێستە دەرگاكانیان داخستووە. بەشێك لەم خەڵكەی لەو كەرتە گەشتوگوزارییانە پیشەكەیان لە دەست داوە و روویان لە كڕینی تمەن كردووە كە جگە لە زیان هیچ دەستكەوتێكیان لەم كاسبییە نابێت.
هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی ئەو سزایانەیە كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە

هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی ئەو سزایانەیە كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، هیچ ئاسۆیەكی روونیش بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دراوەكە نییە. ئابووری ئێران رۆژ بە رۆژ پاشەكشە دەكات و تا سزاكان لەسەر ئەم وڵاتە هەڵنەگیرێن، ئەستەمە نرخی تمەن بتوانێ بەرز ببێتەوە، بۆیە كڕینی ئەم جۆرە دراوە جگە لە زیان، هیچ سوودێكی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق نابێت.


وشە - سلێمان تاشان