سه‌رۆكی شاره‌وانیی سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ست كراوه به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و جووتیارانه‌ی كه زه‌وییه‌كانیان به‌ر شه‌قامی 100 مه‌تریی سلێمانی ده‌كه‌ون و هیچ خاوه‌ن زه‌وییه‌ك به پاره قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه.
سه‌رجه‌میان له شوێنی نزیك له‌و زه‌وییانه‌ی خۆیان، زه‌وییان پێ ده‌درێت
ئه‌مڕۆ شه‌موو هه‌شتی ئاب، توانا كه‌مال سه‌رۆكی شاره‌وانیی سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، ده‌ستمان كردووه به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و جووتیارانه‌ی زه‌وییه‌كانیان به‌ر شه‌قامی 100 مه‌تریی سلێمانی ده‌كه‌ون، به‌شی تۆماری خانووبه‌ره‌ی سلێمانی له رووه موڵكدارییه‌كه‌وه كاره‌كان ده‌كات، ده‌وری شه‌قامی 100 مه‌تری به پانی 200 مه‌تر په‌رژین ده‌كرێت، ئه‌و زه‌وییانه به‌ر شه‌قامه‌كه ده‌كه‌ون سه‌رجه‌میان تۆمار كراون، هه‌ر زه‌وییه‌كیش به رێژه‌ی جیاواز به‌ر شه‌قامه‌كه ده‌كه‌وێت.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ئه‌و زه‌وییانه به‌شێكیان نیوه‌ی به‌ر شه‌قامه‌كه ده‌كه‌وێت، زه‌وی هه‌یه 80٪ی به‌ر شه‌قامه‌كه كه‌وتووه، زه‌ویش هه‌یه 10٪ و زیاتری به‌رده‌كه‌وێت، هه‌ندێك زه‌ویش ته‌واوی كه‌وتووه‌ته به‌ر ئه‌و شه‌قامه، هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه لای تاپۆكانی سلێمانی و كشتوكاڵی سلێمانین و تۆمار كراون، له‌م چه‌ند رۆژه‌دا ده‌ست ده‌كرێت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خاوه‌ن زه‌وییه‌كان.
"هه‌موو خاوه‌ن زه‌وییه‌ك به‌پێی ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه به‌ر شه‌قامه‌كه كه‌وتووه قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام هیچكام له‌وانه به پاره قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه و سه‌رجه‌میان له شوێنی نزیك له‌و زه‌وییانه‌ی خۆیان، زه‌وییان پێ ده‌درێت و مافی كه‌س نافه‌وتێت ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ئیداری و موڵكداری كێشه‌یان نه‌بێت". توانا كه‌مال وای گوت.
ئه‌و جووتیارانه‌ی زه‌وییه‌كانیان به‌ر ئه‌و شه‌قامه ده‌كه‌وێت، ژماره‌یان نزیكه‌ی 100 جووتیار ده‌بێت و پێشتریش به‌هۆی بڕینی شه‌قامه‌كه‌وه داوایان كرد هه‌رچی زووه قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه، چونكه زه‌وییه‌كان موڵكی باب و باپیریانه و زه‌وی هه‌یه چوار ده‌یه ده‌بێت كشتوكاڵی تێدا ده‌كریت.
مانگی رابردوو مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تریی سلێمانی دانا و درێژییه‌كه‌ی 20 كیلۆمه‌تره و له تاسڵووجه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات بۆ گوندی ده‌مركان و ماوه‌ی سێ ساڵی پێ ده‌چێت و كۆمپانیای قه‌یوان پڕۆژه‌كه جێبه‌جێ ده‌كات.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی