پارێزەری هاوسەری سێوان قادر ناچێتە بەردەم دادوەر

:: AM:11:53:09/08/2020 ‌
باوكی سێوان قادر ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی پارێزەری تۆمەتبار لە دادگا، سێ‌ جارە دادگاییكردنی و بڕیاری كۆتایی لەسەر تۆمەتبار دوا دەخرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی ئاب، مام قادر، باوكی سێوان لە بەردەم دادگای سلێمانی بە میدیاكانی ڕاگەیاند، سێ‌ جارە بەهۆی ئامادەنەبوونی پارێزەری تۆمەتبار، بڕیاری كۆتایی دادگا دوا دەخرێت.

دادگا چیتر چاوەڕوانی ئەو پارێزەرە نەكات و ڕاستەوخۆ بۆ بڕیاری كۆتایی پارێزەرێك دیاری بكات
باوكی سێوان گوتی، ئەو كەیسە وردەكاریی هەیە، بەڵام سێ‌ جارە بۆ بڕیاری كۆتایی، دادگا داوای ڕاپۆرت لە پارێزەری تۆمەتبار دەكات و ئامادەی ناكات، هەر جارە و بە بیانوویەكە، بۆیە داواكارین دادگا چیتر چاوەڕوانی ئەو پارێزەرە نەكات و ڕاستەوخۆ بۆ بڕیاری كۆتایی پارێزەرێك دیاری بكات.

باسی لەوەش كرد، بڕیاری كۆتایی بۆ ڕۆژی سێشەم دواخرا، هیوادارین چیتر ئەو كەیسە یاری پێ نەكرێت كە ئەمڕۆ 16یەمین دادگایی بوو بەڕێوە چوو.

پێشتر بەهۆی راگرتنی دەوام، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەشێكی زۆری كەیسەكانی دادگا وەستابوون.

سێوان قادر لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2018 دوای ئەوەی گڕ لە ماڵەكەیان بەردەبێت/گومان دەكرێ هاوسەرەكەی بێت و ئێستە گیراوە/ سێ منداڵی دەسووتێن و سێوانیش دوای دوو ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا. لەسەر كەیسەكەی "وشە" پێشتر وردەكاریی بڵاو كردبووەوە كە پێش سووتانی ماڵەكە، لە كامێرای چاودێرییەوە دەركەوتووە كە پیاوەكەی شەڕی لەگەڵ دەكات و دواتر ماڵەكە دەسووتێ.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌