لەسەر كڕینی زێڕ فەتوایەكی نوێ‌ دەرچوو

:: AM:10:57:02/09/2020 ‌
لیژنەی فەتوا لە هەرێمی كوردستان لەسەر كڕینی زێڕ بە نرخێكی زۆر و بە قەرز و فرۆشتنەوەی بە نرخێكی كەمتر بە حازر و چەند شێوەیەكی تری ئەم مامەڵەیە، فەتوایەكی دەركرد.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بڵاوی كردووەتەوە، لەبارەی حوكمی كڕینی كاڵا و زێڕ بە نرخێكی زۆر بە قەرز و فرۆشتنەوەی بە نرخێكی كەمتر بە حازر و چەند شێوەیەكی تری ئەم مامەڵەیە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دوای تاوتوێكردنی بابەتەكە و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكان و مەبەستە باڵاكانی شەریعەت، ئەم بابەتەی روون كردەوە.

زۆربەی شێوازەكانی ئەو مامەڵەیە یان لە خۆیاندا حەرامن یان سەردەكێشن بۆ حەرام
لە بەشێكی فەتواكەدا هاتووە، زۆربەی شێوازەكانی ئەو مامەڵەیە یان لە خۆیاندا حەرامن یان سەردەكێشن بۆ حەرام، لەبەرئەوەی فرۆشتنی هەر كاڵایەك پێش وەرگرتنی حەرامە.

باس لەوەش كراوە، زۆر ئاشكرایە ئەم مامەڵانە فێڵێكن بۆ ریبا و سووخواردن، چونكە ئەو كەسەی كاڵاكان دەكڕێ بە قەرز، بۆ ئەوەی نییە سوود لەو كاڵایانە وەربگرێ بۆ خۆی، بەڵكو تەنیا مەبەستی ئەوەیە پارە و زیادەی بێتە سەر.

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە كۆتایی فەتواكەدا داوا لە هاووڵاتییان دەكات خۆیان لەو جۆرە مامەڵانە بپارێزن و پارە حەڵاڵەكانیان تێكەڵ بە حەرام نەكەن.



وشە - رامیار جەواد