"دەسەڵاتی پەکەکە لە شنگال ناشەرعییە"

:: PM:02:03:14/09/2020 ‌

 

جێگری پارێزگاری مووسڵ ڕای دەگەینێت، پەكەكە بە ناشرەعی لە شنگالە و داواش دەكەین‌ حكوومەتی توركیا پەكەكە نەكاتە بیانوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل‌ بكاتە ئامانج.

ئەمڕۆ دووشەم 14ـی ئەیلوول، سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری مووسڵ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لەسەر داوای لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم سەردانی پەرلەمانمان كرد و گفتوگۆمان لەسەر كۆمەڵێك بابەت كرد.

بەردەوام داوامان لە حكوومەتی فیدڕاڵی كردووە دۆخی شنگال ئاسایی بكاتەوە
جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتی، هەموو ناوچە كوردستانییەكان لەڕووی خزمەتگوزاری و ئیدارییەوە زۆر باشن، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمە و لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان جێی سەرنج بوو، باسمان لە بارودۆخی شنگال كرد، مووسڵ گەورەترین زیانی بەركەوت لە ‌شەڕی داعش، شنگال و خوشك و برایانی ئێزیدی زۆرترین زیانییان بەركەوت، ئێمە بەردەوام داوامان لە حكوومەتی فیدڕاڵی كردووە دۆخی شنگال ئاسایی بكاتەوە.

" ئیدارەیەكی ناشەرعی لە شەنگال هەیە، ئێمە وەكو حكوومەتی ناوخۆیی موسڵ مامەڵەی لەگەڵ ناكەین، چونكە ئەو ئیدارەیە سەپێنراوە، مامەڵەی ئێمە لەگەل ئیدارەی شنگالە لە پێش شەڕی داعش" جێگری پارێزگاری مووسڵ وای گوت.

دووپاتی کردەوە، لە شنگال هێزەكانی حەشدی شەعبی و پەكەكەی لێیە، خەڵكی شنگال ناگەڕێنەوە لە ترسی ئەوەی توركیا بۆردمانیان بكات، داوامان وایە لە حكوومەتی توركیا، پەكەكە نەكاتە بیانوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیلی ئێمە بكاتە ئامانج.


 



وشە - رامیار جەواد