بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران دروست دەکرێت

:: AM:09:06:18/09/2020 ‌
ئەندازیار عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە چاوپێكه‌وتنێكى "وشە"دا باس لە پلان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ماوەی ئەمساڵدا دەکات و دەڵێت، "جێبەجێکردن و پێدانی مۆڵەت بۆ پڕۆژە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵى ڕابردوو باشبووە و خواستێکی زۆرى هەیە بۆ پڕۆژە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، هاوکات باس لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانیش دەکات.

*پلانتان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و هەستانەوە کەرتی وەبەرهێنان لە شارەکە چییە؟

"پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2020 لە چوارچێوەی ئەو پلانە گشتییەبوو کە دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کرد، بە ئەنجامدانی زیاتر لە هەزار پڕۆژە لە بوار و کەرتە جۆراوجۆرەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی ژێرخانی ئابووری لە ناوچەکە و گرنگیدان بە ناوچەکان."

*لەو ژمارە پڕۆژەیە کە ڕاگەیەندراوە، چەندی سلێمانی دەگرێتەوە؟

"273 پڕۆژە لەو پڕۆژانە کە ڕاگەیەندراوە بۆ ساڵی 2020 بەر سلێمانی دەکەوێت، لە ئێسته‌ بەدەمەوە هاتنی باش هەیە لەلایەن وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و جێبەجێکردنی."

*وەبەرهێنەران بەدەمەوە هاتنیان هەبووە بۆ جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە؟

"بەڵێ، نزیکەی 40 وەبەرهێنەر لە شارەکە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە داوایان پێشکەشکردووە، ئێسته‌ لە قۆناغی مۆڵەت و جۆری پڕۆژەکانداین، ئەمە هەلێکی زۆر باش دەبێت، بۆ بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و پڕۆژەکانیش زیاتر لە بواری پیشەسازی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و بەشێک لە کەرتەکانی تر.

*ئێسته‌ کار دەکەن و لیژنەی فراوان پێکهێنراوە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمە چۆن چۆنییە؟

"پلانێکی ورد داڕیژراوە و لیژنەیەکی تایبەتمەند لە لایەن پێوەندیدارەکان پێکهێنراوە و پارێزگاریش بەشدارە، پلانەکە بەو شێوەیەیە کە ساڵانە 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، دەزگاکانی حکوومەت لە شارەکە ئەم داواکارییەیان بۆ ئێمە بەرزکردووەتەوە و ئێمەیش کارمان لەسەرکردووە، مەرج و ڕێنماییەکان دیاری دەکەین، هەروەها کوالێتی یەکەکان."

*لەو ژمارە یەکەیە بۆ فەرمانبەران دروست دەکرێت، چەندیان بەر پارێزگاى سلێمانی دەکەوێت؟

"نزیکەی چوار هەزار یەکە بەر پارێزگاى سلێمانی دەکەوێت، ئەو ژمارەیەکی باشە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین فەرمانبەرانی شارەکە لە بێ موڵکی نەجات بدەین."

*ئێسته‌ لە چ قۆناغێکدان بۆ ئەو پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران؟

"لیژنەکە سەرەتا کار لەسەر دیاریکردنی نرخ بۆ یەکەکان دەکات بە نرخێکی گونجاو، هەروەها ئەو فەرمانبەرانە دیاری دەکات کە شایستەن و لە رووی داراییە یان ئەوانەی خاوەن خانوو نین واتە چینی خوارەوەن، شارەوانیش بۆ دابینکردنی زەوی قسەمان لەگەڵ کردووە و هیچ لارییەکی نییە و ئامادەیی دابینکردنی زەوییە."

*دەوترێت گرفت دروست بووە لە ڕێکخستنەوەی نرخ بۆ ستییەکان، کاری ڕێکخستنەوەی نرخی ستییەکانتان دەست پێ کردووە؟

"بەڵێ، لە پلاندانانی پارێزگا دەست بەو بابەتە کراوە بۆ ڕێکخستنەوەی نرخەکان کە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام هەندێك ستی هەن بەهۆی ئەوەی زۆر های کۆستن، ئەوانە خۆیان دەیانەوێت کە نرخەکە هەر جۆرێک بێت ئاساییە بە مەرجێک فول خزمەتگوزاری بن."

*ئەو پڕۆژانە چین کە ئەمساڵ خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟

"ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژە مۆڵەتیان پێدراوە بۆ جێبەجێکردن و دروستکردن، پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پیشەسازی و تەندروستی و بازرگانی، بە فەرمی حەوت پڕۆژە مۆڵەتی پێدراوە و لە دروستکردندان، هەروەها نزیکەی 100 داواکاری هەیە بۆ پڕۆژە، نزیکەی 30  پڕۆژەیش ڕەزامەندی سەرەتاییان وەرگرتووە."

*پێدانی مۆڵەت و داواکاری بۆ پرۆژە، بەراورد بە ساڵی رابردوو باشتر بووە یان خراپ بووە؟

"ئەگەر ئەو دۆخە بەو شێوەیەی لێ نەهاتایە، ئەمساڵ سێ هێندەی ساڵی ڕابردوو هەم مۆڵەت دەدرا، هەم داواکاری پڕۆژە دەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، تا ئەم کاتە ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو باشترە لە ڕووی پڕۆژە و مۆڵەتپێدان و داواکاری."

*چی کراوە بۆ ئەو زەویانەی وەبەرهێنان کە ساڵانێکە دراون بە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار بەڵام دەستیان بە دروستکردن نەکردووە؟

"لێپرسینەوەمان کردووە بەرانبەر بەو وەبەرهێنەرانەی کە زەویان پێدراوە و کاریان نەکردووە، هەندێکیان پڕۆبۆزڵیان پێشکەش کردووە، هەندێک لەوانەیش نوسراومان بەرزکردووەتەوە بۆ دەستەی وەبەرهێنان و پێمان گوتوون ئەو پڕۆژانە هیچیان نەکردووە و وەک خۆی زەوییە و چاوەڕێی دەستە دەکەین."

چاوپێكه‌وتن/ سلێمانى - هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران