ئەمەریكا فڕۆكەی ئێف 35 دەداتە ئیمارات

:: PM:04:09:22/09/2020 ‌
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كردووە كە ئەمەریكا و ئیمارات دەیانەوێ رێككەوتن لەسەر پێدانی فڕۆكەی 35 ئێف بە ئیمارات بكەن، بەڵام تا ئێستە لەلایەن ئەمەریكاوە تاوتوێی ئەو رێككەوتنە دەكرێت.
بڕیارە بەرلەوەی ئیمارات ئاهەنگی جەژنی نیشتمانی ساز بكات رێككەوتنەکە جێبەجێ دەكرێت

پێگەی "ئەلعەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، وەك پرەنسیپ رێككەوتنێك لە نێوان ئەمەریكا و ئیمارات كراوە تا ئەمەریكا فڕۆكەی 35 ئێف لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بداتە ئیمارات، بەڵام تا ئێستە جۆری ئەو رێككەوتنە لەلایەن ئەمەریكاوە تاوتوێ دەكرێت.

ئەو سەرچاوانەی ئاگاداری دانوستاندنەكەن دەڵێن، بڕیارە بەرلەوەی ئیمارات ئاهەنگی جەژنی نیشتمانی لە دووی كانوونی یەكەم ساز بكات، ئەو رێككەوتنە جێبەجێ دەكرێت.

لە رۆژی 15ی سێپتێمبەر لە كۆشكی سپی لە ئەمەریكا، رێوڕەسمی ئاشتیی مێژوویی لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات واژو كرا. هاوكات رێككەوتنێك لە نێوان مەنامە و تەل ئەبیب واژوو كرا.

لەوبارەیەوە سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ پێشوازیی لەو ئاشتی و رێككەوتنە كرد كە لە نێوان ئیمارات و بەحرێن لەلایەك و ئیسرائیل لەلایەكی تر واژوو كرا، بۆیە رێوڕەسمێكی گەورە بەئامادەبوونی ترەمپ بەو بۆنەیەوە بەڕێوە چوو.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د