دەرمانێكی نوێ بۆ چارەسەری كۆرۆنا تاقی دەكرێتەوە

:: PM:05:37:22/09/2020 ‌

تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بڵاوبوونەوە و كردنەقوربانی خەڵك لە دنیا بەردەوامە و هێشتا ڤاكسین و چارەسەری بنبڕی پەتاكە نەدۆزراوەتەوە، لەو ماوەدا كۆمپانیایەكی ئەمەریكی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەو وڵاتە دەكات بۆ رازیبوون لەسەر دەرمانێك بۆ چارەسەری كۆرۆنا.
دوای تاقیكردنەوەی لەسەر 700 نەخۆش دەركەوت سەلامەتە
كۆمپانیای " ARCA biopharma"ی ئەمەریكی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، چاوەڕوانی رەزامەندیی فەرمی دەستكردن بە قۆناغی تاقیكردنەوەی كلینیكی لەسەر دەرمانەكەی دەكات و پێشبینی كرد لە چواریەكی كۆتایی ئەمساڵدا تاقیكردنەوەكانی تەواو بن و بگات بە ئەنجام. 

كۆمپانیاكە كە بارەگای لە ویلایەتی كۆلۆرادۆیە، پشت بە تەكنیكی پزیشكی ورد بۆ پەرەپێدانی چارەسەری بۆماوەیی دەبەستێت، بە شێوەیەك كار بۆ پەرەپێدانی چارەسەری بەپێی پێكهاتەی بۆماوەیی مرۆڤ دەكات، هەروەها دیاریكردنی تایبەتمەندیی هاوشێوەیان بۆ زانینی كاریگەریی دەرمانەكە لەسەریان، ئەو شێوەیەیش زیاتر لە چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و سییەكان و زیادبوونی كۆلۆیسترۆڵی خوێن و خەمۆكی بەكار دێت، وەك ماڵپەڕی مایۆ كلینیك بڵاوی كردەوە. 

د مایكل بریستۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە گوتی، دەرمانی "AB201"، توانای چارەسەركردنی پەتای كۆرۆنای هەیە، چیا لە چارەسەركردنی چەند نەخۆشییەكی تری ڤایرۆسی، دوای تاقیكردنەوەیشی لەسەر 700 نەخۆش دەركەوت سەلامەتە، ئەوەیش بەر لە دەستپێكردنی تاقیكردنەوەی كلینیكی فرەوانتر. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل