عێراق.. بەمنزیكانە مووچە دابەش دەكرێت

:: PM:10:36:28/09/2020 ‌

دوای دواكەوتنی خەرجكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی عێراق، كە رەوانەكردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێمیش بەوەوە وابەستەیە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە مووچەی ئەو مانگە دابین كراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا خەرج دەكرێت. 
تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت
ئەحمەد جبووری، ئاماژەی كرد، جارێكی تر حكوومەتی عێراق بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانەی چەند مانگی ماوی ئەمساڵ، پەنا بۆ قەرزكردن دەبات، پەرلەمانیش هیچ بژارەیەكی تری لەبەردەمدا نییە جگە لە پەسندكردنی داوای قەرزكردنی حكوومەت بۆ دابینكردنی مووچەكە، بۆیە كاتێك پڕۆژەیاساكە گەیشتە پەرلەمان لیژنەی دارایی تاوتوێی دەكات و دەخرێتە روو بۆ خوێندنەوە و دەنگدانەوە، دووپاتی كردەوە، مووچەی ئەو مانگە دابین كراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا خەرج دەكرێت.

پەرلەمانی عێراق لە حوزەیرانی رابردوو پڕۆژەیاسایەكی پەسند كرد رێگە بە حكوومەتی عێراق دەدات بۆ قەرزكردنی پێنج ملیار دۆلار وەك قەرزی دەرەكی و 15 ترلیۆن دینار وەك قەرزی ناوخۆیی، بە مەبەستی پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لە مووچەی فەرمانبەران دروست بووە، بۆ ئەوجارەیش رەزامەندی خۆیان بە پێشكەیشكردنی روەشنووسی چاكسازی ئابووری لەلایەن حكوومەتەوە پێوەست كردووە، كەچی حكوومەت تا ئێستە مووچەی ئەو مانگەی خەرج نەكردووە، رەنگە وەك گوشارێك بۆ سەر پەرلەمان بۆ رازیبوون بە قەرزە نوێیەكە. 

لای خۆیەوە عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامێكی تری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێ و وەزارەتی دارایی هیچ كێشەیەكی نییە، ئەوەی هەبوو كێشەیەكی تەكنیكی بوو لە بانكی ناوەندی بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەی بەمدواییە كرا، دووپاتی كردەوە كە لە ماوەی ئەم هەفتەیە تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل