بەهۆی حەشدی شەعبییەوە هەزاران ئاوارەی خورماتوو ناتوانن بگەڕێنەوە

:: PM:10:18:29/09/2020 ‌

 


 هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی تەعریبكردن لە ناوچە كوردستانییەكان لە سنووری پارێزگاكانی دیالە و كەركووك و سەڵاحەدین، سەتان ماڵباتی كوردی ئاوارەی خورماتوو لەپاش لێكەوتەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تا ئێستە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بە هۆكاری نەگەڕانەوەی پێشمەرگە و باڵادەستیی میلشیا شیعەكانەوە، ئەوان ئامادەنین بگەرێنەوە.
تا ئێستە هەوڵی رژد نەدراوە بۆ گەڕانەوەیان
 سەڵاح حەسەن، وەك ئاوارەیەكی شارۆكەی خورماتوو، بۆ"وشە"پەردەی لەسە ئەوە هەڵماڵی كە تا ئێستە دەیان هاووڵاتی خورماتوو ناویان لای میلیشیاكانە وەك داواكراو، تەنیا لەبەر ئەوەی لە سەروبەندی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا پارێزگاریان لە خۆیان كردوو، ئەو نەیشاردەوە كە خۆی یەكێكە لەو كەسانە و وێنەی لای میلیشیاكانە.

 عەقید محەمەد عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەدین، بە"وشە"ی راگەیاند، لە پاش رزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانی دەستی داعش و دروستبوونی ئەو ئاڵۆزیانەی  لە چەند ناوچەیەكی سەڵاحەدین روویان دا، نزیكەی 30 هەزار كەس، كە زیاتر لە 12 هەزار خێزان دەكات، ئاوارەی ناوچەكانی تر بوون و هەندێكشان شوێنیان نادیارە.

 زیاتر گوتی، ئەوەی باسی لێوە دەكەین زیاتر رۆژهەڵاتی پارێزگاكە دەگرێتەوە، كە تا ئێستە هەوڵی رژد نەدراوە بۆ گەڕانەوەیان .

 بەپێی ئاماری ئیدارەی گەرمیان، لە كۆی 35 هەزار خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی گەرمیان، نزیكەی 10 هەزاریان خەڵكی سنووری خورماتوون.

 لای خۆیەوە بێستوون ژاڵەیی، بەرپرسی كاروباری مرۆییی ئیدارەی گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، ئیدارەكەیان لە رووی مرۆییەوە بە هیچ ماڵباتێكی ئاوارە ناڵێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونكە ئەوە جۆرێكە لە پێشێلكردنی مافی ئاوارە لە هەر نەتەوەیەك بێت.

 لە پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی باڵێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، ناوچە كوردستانییەكان لەلایەن میلیشیا شیعەكان و سوپای عێراقەوە داگیر كران، پاشتر بەهۆی كوشتن و بڕین و سووكایەتی میلیشیا و هێزە عێراقییەكانەوە، كوردانی خورماتوو بەشی زۆریان ئامادەنین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل