سەرۆک وەزیرانی فلاندەرز پێشوازی لە نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا کرد

:: PM:08:28:01/10/2020 ‌
ئه‌مڕۆ سەرۆک وەزیرانی فلاندەرز پێشوازی لە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا کرد و هەردوولا دووپاتیان لەسەر پەرەپێدانی پێوەندییەکان کردەوە بە تایبەتی لە ڕووی پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی و دروستكردنی دەرفەت بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا لە هەرێمی کوردستان.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م یه‌كى ئۆكتۆبه‌ر، نووسینگه‌ی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ڕاى گه‌یاندووه‌، "دیدارەکه‌ لە بارەگای سەرەکی سەرۆک وەزیران لە برۆکسل بەڕێوه‌چوو، دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سڵاوی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومه‌تی هەرێمی کوردستانی گەیاندە یان یامبۆن سەرۆک وەزیرانی فلاندەز، سوپاسی پشتگیری و هاوهەڵوێسی حکوومەت و گەلی فلاندەزی بۆ هەرێمی کوردستان کرد لە پشتگیری هەرێمی کوردستان."

زیاتر هاتووه‌، "دلاوەر ئاژگەیی بە وردی باسی دۆخی سیاسی و ئابووری هه‌رێمى كوردستان و پێوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمی کوردستان و  به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی کرد و دووپاتى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ماف و شایسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان مسۆگەر بكرێن و سیسته‌مى فیدراڵى وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ جێبه‌جێ بكرێت. هەوڵە‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا و تێپه‌ڕاندنى دۆخى  ئابوورى و دارایى و پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان بەشێکی ترى ته‌وه‌ری دانیشتنەکە بوون."

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش خرانه‌ڕوو و نوێنەری حکوومەت دووپاتى له‌ پێویستی هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌وامى پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر كرده‌وه‌."

له‌ باره‌ی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فلاندەرز هەردوولا دووپاتیان لە سەر پەرەپێدان بە پێوەندییەکان کردەوە بە تایبەتی لە ڕووی پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی و دروستکردنی دەرفەت بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا لە هەرێمی کوردستان.


وشە - محەمەد میران