"یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان رێڕەوی خۆی وەرگرتووە و گەڕانەوەی نییە"

:: PM:05:19:06/10/2020 ‌
مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ "وشە" تاوتوێی دۆخی سیاسیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێوەندی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەکات، لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانیش ڕای دەگەیەنێ، لەمپەری زۆر جدیمان لەبەردەم یەکگرتنەوە لابردوە و کۆسپێکی ئەوتۆ نابینم کە بڵێم ئەوەیان دەبێت بە کێشە بۆ یەکگرتنەوەمان.
تا ئێستە رێكخستنەكانمان لە ناوخۆی رۆژهەڵات لەیەك دانەبڕاون

* ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم گۆڕانێکی بنەڕەتی‌دایە، ئێستە هەمووان چاویان بڕیوەتە هەڵبژاردنەکانی سێی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر لە ئەمەریکا، پێت وایە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بتوانێت کاریگەری لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەو هاوکێشانە هەبێت لە ناوچەکە؟
هەڵبژاردنی ئەمەریکا بە هەر بارێکدا بکەوێت، جا چ دێموکراتەکان سەرکەون یان کۆماریخوازەکان، دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خێرا و بەئاسانی گۆڕانێکی جدیی بەسەردا نایەت، لەگەڵ ئەوەی دوو حیزبی گەورەی ئەمەریکا بەردەوام لە ململانێی سیاسیدان بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، بەڵام لە کۆتاییدا هەردوو حیزب بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی ئەمەریکا کار دەکەن، کۆمەڵێک سیاسەتی گشتی ئەمەریکا بووە بە پرەنسیپ کە حیزبی کۆماریخواز و حیزبی دێموکرات ڕەنگە نەتوانن بیگۆڕن، ئەوە واقعێکی سیاسیی ئەو وڵاتەیە کە لەدوای شەڕی جیهانی دووەمەوە پێڕەویی لێ دەکرێ.

* تا چەند ئەو خوێندنەوانە بە دروست دەزانی کە پێیان وایە چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەستراوەتەوە بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە؟
ئەوە لۆژیکییە ئەگەر بگوترێ سەرکەوتنی دێموکراتەکان لە بەرژەوەندیی ئێرانە، لەبەر ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئەو فشارانەی ئێستە لەسەر حکوومەتی ئێرانە، بە ڕادەیەک کەم دەبێتەوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران وردە وردە دەهێننەوە نێو فەزای دیالۆگ و ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئێرانە، هەرچەند بەرپرسانی ئێران دەڵێن بۆ ئێمە جیاوازیی نییە کام لایەن لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام من پێم وایە ڕاست ناکەن و ئەوەی لەدەستیان بێت دەیکەن و هیواخوازیشن لەو هەڵبژاردنەدا دێموکراتەکان سەرکەون، بەڵام کە ترەمپ جارێکی تر بۆ سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێتەوە، فشارەکانی بۆسەر ئێران تا ئەوکاتە درێژە پێ دەدا کە ئەو ئامانجانەی لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا و بە خوێندنەوەی ترەمپ لە ئێران هەیەتی، بێنە دی کە ئەوە بە زیانی ئێرانە؛ چوون فشار بۆ ئێران دەهێنێ بۆ ئەوەی کەمتر دەستوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بکات و پاڵەپەستۆکانی زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ئێران ملکەچی سیاسەتەکانی ئەمەریکا بێت یان لە دژی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا هەنگاو نەنێت.
تا ئێستە باس لە دیاریکردنی كەسی یەكەم و دووەمی حزب نەكراوە

* ئەگەر ترەمپ لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو بێت و درێژە بەو پاڵەپەستۆیانە بدات، تا چەند لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران دەبێت؟ ئایا دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی فەزای سیاسیی لەناو ئێران؟
سیاسەتی ترەمپ بۆ پاشەکشەکردنی ئێران لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی ئێرانە، بەو مەرجە تەنیا سەرنج نەخاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و دۆستانی ئەو وڵاتە و هەوڵ نەدا تەنیا ڕەفتاری سیاسیی ئێران لە بەرانبەر ئەمەریکا و وڵاتانی دەوروبەری بگۆڕێت، بەڵکو فشار بخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی ڕەفتاری سیاسیی لە نێوخۆی ئێرانیش بگۆڕێ بۆ ئەوەی خەڵک ژیانیان خۆشتر بێت و تەناهی و ئازادییان هەبێت، لە وەها کاتێکدا ڕەنگە خەڵکی ئەو وڵاتە ئەگەر بزانن زلهێزان پشتیوانییان دەکەن بۆ ئەوەی ئەو حکوومەتە لابەرن، لە ڕێی ڕیفۆڕم و خەباتی مەدەنی بەبێ ئەوەی دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ و دەرەکی هەبێت، ئامانجەکانی خۆیان دەپێکن کە ئەویش دێموکراسی و بەدەستهێنانی ماف و ئازادییە. هەر ئەوەش دروستترە کە لێگەڕێن هاووڵاتییانی ئێران خەباتی خۆیان بکەن و یارمەتیی خەباتەکەیان بدەن، بەڵام ئەگەر سیاسەتی ئەمەریکا هەر بەو شێوەیە بێت کە گوێ ناداتە ئەو ڕەفتارانەی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا بەرانبەر هاووڵاتییان دەیکات، ڕەنگە سوودێکی ئەوتۆی بۆ خەڵکی ئێران نەبێت.

* بەهۆی قووڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمەریکا بەهۆی بەئامانجگرتنی باڵوێزخانەکەی لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەی ڕاگرتنی پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ عێراق دا، کۆمەڵێک ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی سەریان هەڵدا کە لە ڕابردوودا بەرانبەر ئەو هەمووە زەبروزەنگەی دەرحەق بە هاووڵاتییانی ئێران کراوە، هەڵوێستیان نەبووە، پێت وایە ئەوانە وایان هەست کردوە کە ئەمەریکا نیازی گۆڕینی ڕێژێمی ئێرانی هەیە وا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە؟
ئەمەریکا بەڕوونی چەندان جار باسی لەوە کردووە کە ئەوان کار بۆ ڕووخاندنی ڕێژێمی ئێران ناکەن، بەڵکوو کار بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئەو ڕێژێمە دەکەن و ڕەنگە نەگاتە ئەو ڕادەیەی کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پێیان وایە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆسەر ئێران دەکات. لێرەدا دوو تێڕوانین دروست دەبێت، یەکەمیان، لەوانەیە حکوومەتی ئەمەریکا بۆ ماندووکردن و فشارهێنان بۆسەر ئێران، گرنگی بە هەندێک کەسایەتی و گرووپ و لایەن بدات و یارمەتیشیان بکات، خاڵی دووەم، خەڵکانێکی زۆر کە دژی حکوومەتی ئێرانن و لە دیاسپۆرا بڵاوبوونەتەوە و ڕەنگە تێڕوانینیان بەو شێوەیە بێت کە فشارە ئابووری و تەناهییەکانی ئەمەریکا بۆسەر ئێران بەو مەبەستە بێت کە ڕژێم بڕووخێنێت، دەیانەوێ جێی خۆیان بکەنەوە و بێنە مەیدان، بەڵکوو لە داهاتووی ئێراندا پێگەیەکیان هەبێت، بەڵام لەڕاستیدا هەتا ئێستاش کۆماری ئیسلامی لە ئاستی سەراسەریدا ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و یەکگرتووی نییە کە بتوانێ وەک ئالترناتیڤ دەرکەوێ و بیناسین.
بۆ بەدەستهێنانی مافی سیاسی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان تێدەكۆشێت

* لەم دواییانەدا کۆمەڵێک پەیام بەناوی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بڵاو بوونەوە، لە ناویاندا ڕەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشووی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕووی بەشێک لە قسەکانی لە کورد بوو، ئێوە وەک حیزبی دێموکرات لێکدانەوەتان بۆ ئەو پەیامانە چییە و ئەگەر دواڕۆژ ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەی ئێرانی دروست ببێت ئێوە وەک کورد بە چ شوناس و داوایەکەوە لەگەڵیان دادەنیشن؟
سیاسەتی حیزبی دێموکرات ئاشکرایە، ئەو حیزبە بۆ بەدەستهێنانی مافی سیاسیی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشێت، دیالۆگ و قسەکردن لەگەڵ ئێرانییەکان چ وەک تاک و لەگەڵ هاووڵاتی ئێرانی و چ بە کۆمەڵ و گرووپ و حزب وەک ئەو پێکهاتە جۆراوجۆرانەی لە ئێراندا دەژین، ئاساییە و بۆ ئەوەیە لە یەکتر تێبگەین ئاخۆ ئەو پێکهاتانەی لەو وڵاتەدا دەژین، چ سیستمێکی حوکمڕانییان دەوێ، ئەو دیموکراسییەی کە دەیانەوێ چۆنی لێک دەدەنەوە و چۆن بەکاری دەهێنن، ئێمە کە باس لە فیدڕالیزم و سیستمی فرەپێکهاتەیی حوکمڕانی دەکەین، بۆ ئەمە سروشتییە ئێرانییەکان وەک هاووڵاتی و حیزبە سیاسییەکان بە هەموو بیر و باوەڕێکەوە دیالۆگی لەبارەوە بکەن و بەڵکو بتوانین لەسەر شتێکی هاوبەشیش ڕێک بکەوین.
لەتبوونی دیموكراتەكان بابەتێكی نامۆ و ناسروشتییە لەناو بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان
حیزبی دیموکرات لەگەڵ ئەو هاوپەیمانیی و لایەن و حیزبانە دەچێتە نێو هاوپەیمانییەوە کە باوەڕیان بە دێموکراسی لە ئێران هەبێت و باوەڕیان بە مافی خەڵکی کوردستان هەبێت و هاوکات باوەڕیان بە سیستمێک هەبێت بۆ دواڕۆژ کە ئەو سیستمە لامەرکەزی بێت، واتا هەموو دەسەڵات لە ناوەند کۆ نەبێتەوە، بەڵکو بەپێی ئەو ئەزموونانەی ئێستە لە دنیادا هەیە، دەسەڵات بەسەر هەموو پێکهاتەکاندا دابەش بکرێت و سەرجەم پێکهاتەکان ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەرەو ئاوەدانبوونەوە بڕوات و خەڵکەکەی بەرەو خۆشگوزەرانی ببرێت و لە هەموویان گرنگتر، نەتەوەکان بە مافی خۆیان بگەن، نەتەوەی کورد وەک هاووڵاتییەک دەبێ مافی شارۆمەندی هەبێت، بەڵام ویستی خەڵکی کوردستان ویستێکی نەتەوەییە، ئەو ئارەزوویەکی هەیە کە وەک نەتەوەیەک پێناسە بکرێت و بناسرێت، بڵێ لە چوارچێوەی ئەم جوگرافیایەی ئێران، ئەو ناوچەیە کوردستانە و دەسەڵاتی ناوچەکە بەدەست کوردە، واتا ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنانە دەچینە ناو هاوپەیمانییەوە کە باوەڕیان بەو بابەتانە هەبێت.

* ئێوە ناوەندێکتان پێک هێناوە بەناوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەوەی هەماهەنگیتان لەبارەی پرسە چارەنوسسازەکان هەبێت، بەڵام هەر لەو پەیامەی ڕەزا پاڵەویدا یەک لە حیزبەکانی ئەندام لەو ناوەندە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی چرای سەوزی پێدا و تەنانەت پاشەکشەی لە فیدڕالیزمی سیاسیی و ئەو خواستانەش کرد کە لە کۆنگرەی خۆیدا پەسندی کردبوون، ئایا لەو ناوەندە هیچ باسێکتان لەبارەی خواستەکانی کورد لە داهاتووی سیاسیی ئێران نەکردوە؟
ئێمە ناوەندێکمان پێک هێناوە کە هەردوو دیموکرات و دوو کۆمەڵەی تیایدا ئەندامن، خوێندنەوەی ئێمە لەو ناوەندەدا ئەوەیە کە ئێران لە ڕوانگەی ئێمەوە وا باشە سیستمی فیدڕاڵی تێدابێت، وڵاتێکی گەورەیە و ڕێژەی دانیشتووانی زۆرە و فرە نەتەوەیە و فیدڕالیزم دەتوانێت سیستمێکی گونجاو بێت، بەڵام کاتێک کە پەیامێک بڵاودەبێتەوە و قسە لەبارەی هاووڵاتیبوون و کێشەکانی ڕۆژانە دەکرێت، وەک ئەوەی کۆڵبەر لە کوردستان دەکوژرێن و منداڵانی بەلوچستان لەناو کەپردا دەخوێنن، ئەوە کێشەی ئەو کۆمەڵگەیەن و دەبێ ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە ناتوانێ خواستی سیاسیی نەتەوەکە بێنێتە دی، کورد بە لانی کەم 75 ساڵ ئەزموونی سیاسیی و خوێن و قوربانیدانی هەیە و فەزای سیاسیی ڕۆژهەڵات سیاسیترین فەزایە لە ئێراندا کە ئەنجامی ئەو خەبات و تێکۆشانەیە.
ڕەزا پەهلەوی دوای ئەزموونێکی شکستخواردوو ماوەی چل ساڵە ئێرانی جێ هێشتووە و زۆر واقعی سیاسی هەیە کە یان نایهەوێ بیبینێ یان بە خۆلادان لێی بۆ کاتێکی دیکەی هەڵگرتوە. گرینگ ئەوەیە هەم خواستی سیاسیی کورد لە ئێران ڕوونە و هەم حیزبە سیاسییەکانی کوردستانیش کە تەعبیر لە ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی خۆیان دەکەین بەرنامەی خەبات و تێکۆشانیان دیار و ڕوونە.
سیاسەتی ترەمپ لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی ئێرانە بەو مەرجەی هەوڵ نەدا تەنیا رەفتاری سیاسیی ئێران لە بەرانبەر ئەمەریكا بگۆڕێت

* ئێوە لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کۆمەڵیک پێوەندیی تەناهیتان دروست کردوە، ئایا لەڕووی سیاسیشەوە ئەو ڕێکخستنەتان کردوە کە سکرتێری ئەندامانی ئەو ناوەندە یان دەفتەری سیاسیتان بۆ ڕووداو و پێشهاتێکی پێوەست بە چارەنووسی سیاسیی ڕۆژهەڵات کۆ ببنەوە؟ چیتان کردوە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات وەک تیمێکی یەکدەست بە ناوی کوردستانەوە دانوستان لەگەڵ تاران بکات؟
بەگشتی دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرژ و ئاڵۆزە و یەک لە حکوومەتە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەش ئێرانە، ئەوهەموو خۆنمایشکردن و پەلاماردانەی ئێران بۆسەر بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ ناکرێ بەردەوام بێت و کەسیش لێی نەیەتە جواب، بۆیە دەبێ ڕەچاوی هەموو ئەو ئەگەرانە بکەین کە لەسەر ئێران ڕەنگە ڕوو بدەن، لەو پێوەندییەدا بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە ناوەندێک هەیە کە ببێت بە چەقی بڕیاری سیاسیی و ئەمنی و پێشمەرگانەی هێزەکانی کوردستان، ئێمە پێمان وایە ناوەندی هاوکاری هەموو ئەوانەی نەهێناوەتە دی، بەڵام لانی کەم بووەتە چەترێکی باش بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکانی لەژێر کۆ بکەینەوە، بەڵام کاری زۆری ماوە کە دەبێ بیکات، یەک لەوانە ئەوەیە کە لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر ئەو چوار لایەنە خەبات ناکەن، چۆن دەتوانێ فەزایەک دروست بکات کە ئەوانی تریش لەو ناوەندەدا بەشدار بکات بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهێز بکات.
ئێمە لەمپەرێكی زۆر جدیمان لەبەردەم یەکگرتنەوە لابردووە

* ئەو هاوکارییانە چین ئەگەر بکرێت چەند نموونەیەکیان لێ باس بکەی؟
ناوەندی هاوکاری هەر لە چوارچێوەی بەیاننامە بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان کار ناکات، بەڵکوو زۆر کاری تریشی لەبەردەستە، بۆ سەلماندنی ئەوە ئێمە بەڵگەی باشمان هەیە، ساڵی 2003 لە نێوان کۆمەڵە و دیموکرات، جیا لە حیزبی کۆمۆنیست، بەیەکەوە زۆر خاڵی هەستیارمان باس کردووە، ئەوەی کە چۆن سەیری مێژوو و خەباتی یەکتر بکەین و چۆن لە داهاتوو بڕوانین و تەنانەت گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرا ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو بدات، چۆن کۆنتڕۆڵی کوردستان بکەن بەبێ ئەوەی بەریەککەوتنی حیزبی و شەڕی نێوخۆی لێ دروست ببێت، تەناهی خەڵک و دەستکەوتی بزووتنەوەکە چۆن بپارێزین تا بەرەو هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک بچین و هەردوولاش پابەند بین پێیەوە و تا کاتی هەڵبژاردنیش بە هاوبەشی وڵات بەڕێوە ببەین بۆ ئەوەی گرفتی سیاسیی و تەناهی دروست نەبێت. ئێستەیش لە ناوەندی هاوکاری لەسەر ئەو پرۆسەیە کار دەکەین کە ئەگەر ئاڵوگۆڕییەک بێتە پێشەوە، ئێمە چۆن لەو ئاڵوگۆڕییە سوود وەربگرین و دیپلۆماسی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بە چ شێوەیەک بێت، تەنانەت لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە لە گفتوگۆداین کە بەداخەوە ئێمە ئەزموونی شەڕی ناوخۆمان لەگەڵ کۆمەڵە هەبووە و هەم دەمانەوێت لە ئەزموونەکانی هەرێمی کوردستانیش سوود وەربگرین کە بە شەڕی ناوخۆییدا تێپەڕیوە. هەر لەو پێوەندییەدا ئێستە لیژنە ئەمنییەکانی ئێمە بەیەکەوە دادەنیشن و تاوتوێی ئەو پرسە دەکەن.

* سێ ساڵ لەمەوبەر ڕێکخراوێکی نەرویجی گفتەگۆیەکی لە نێوان ئێوە و کۆماری ئیسلامی دروست کرد، پێشنیازی ئەو گفتوگۆیە لە ناوەندی هاوکاری باس کرا و بەیەکەوە بڕیارتان لەوەدا کە وەک بزووتنەوەی کورد بەشداری تێدا بکەن، ئەو گفتوگۆیانە هیچ ئەنجامێکی لێ کەوتەوە یان پەکیان کەوت و کۆتاییان پێ هات؟
بەڵێ ناوەندی هاوکاری ئەو پڕۆسەیان بەیەکەوە وەرگرتوە و بەیەکەوە کاریان لەسەر کردوە، گفتوگۆکان کۆتاییان پێ نەهاتوە، بەڵام چالاک نییە. واتا ئەوە نییە کە بڵێین مانگانە کۆ دەبینەوە. لەبەر ئەوەی دۆخی ئێران بەو تەنگژە سیاسیی و ئابوورییەی کە هەیەتی و لەژێر فشاری ئەمەریکایە و هەڵبژاردنی ئەمەریکاش کاریگەری خۆی هەیە، بۆیە نامەوێ بڵێم ئەو پڕۆسەیە کۆتایی پێ هاتووە بەڵکو کارەکانی بە سستی دەچێتە پێشەوە.

* ئێستا هەردوو دیموکرات سەرقاڵی دانوستاندنن بۆ ئەوەی یەک بگرنەوە، پێشتر دوو جار هەوڵی لەو شێوەیە دراوە و شکستیان هێناوە، بەڵام ئەمجارەیان کۆمەڵێک نەرمی لە هەردوو لاتان بەدی دەکرێت و بەپێی لێدوانەکانتان پرسەکە ڕژدترە لە پێشوو، ئێوە ئەو هەوڵەی ئێستە دەستی پێ کردووە بۆ یەکبوونەوەی دیموکرات چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لەتبوونی دیموکراتەکان نەخوازراوە، بابەتێکی نامۆ و ناسروشتییە لەنێو بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نایشارمەوە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کۆمیتەی ڕێکخستنەکانمان پێمان دەدەن، ڕێکخستنەکانمان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات لەیەک دانەبڕاون، ڕێوڕەسم و کۆڕ و کۆمەڵیان بەیەکەوەیە و پێوەندییان بەیەکەوە پتەوە، لێرەش ئێمە دەستمان بە گفتوگۆکان کردوە، ئەوە ئاساییە کە ئێمە زۆر بەیەکەوە بووین و ئەنجامی ئەو زۆر بەیەکەوەبوونە لە یەکتری تووڕە کردووین و دابڕاوین، لەوانەیە دابڕان ئاسان بێت، بەڵام پێوەست کردنەوە زەحمەتی خۆی هەیە، تا کەلێنەکان پڕ دەکەیەوە و ڕۆحەکان پێکەوە ئاشت دەکەیەوە و ئەو فەرهەنگە بنیات دەنێیەوە کە با بەیەکەوە کاری سیاسیی درێژە بدەین، ئەوانە زەحمەتی خۆیان هەیە و ئاسان نییە، بەڵام لەو ماوەیەدا کە ئێمە کۆنگرەی 17مان بەست و لە پێوەندییەک کە لەنێوان خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حدک و مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتی حدکا دروست بوو، دیدارێکی نێوان دەفتەری سیاسیی ئێمە و ناوەندی سیاسیی حدکا ڕێک خرا و لەو دیدارەدا ئەو نیازپاکییەمان لەوانیشدا بینی بۆ ئەوەی ڕێیەک بدۆزینەوە بۆ یەکگرتنەوە و ئێمەش لەو پێوەندییەدا نەرمیمان زۆر نوواند.
پێمان گوتن بەکارهێنانی دەستەواژەی "هاوڕێیانی پێشوو" یارمەتیدەر نابێت و دەبێ زەمینە دروست بکرێت، ئێمە دەمانهەوێ کەڵک لە شتێک وەربگرین کە یارمەتیدەر بێت، بۆیە کۆمەڵێک پێشنیازمان خستە ڕوو و لە یەکێک لە پێشنیازەکان داوامان کرد بە ناوی دێموکراتەکان کار بکەین بۆ یەکگرتنەوە و ئەوانیش قبوڵیان کرد. ئێمە ئەوەمان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بینی و پێشوازیمان لێ کرد. ئێستە لیژنەی هەردوو لامان کە یاداشتی حیزبەکانیان بۆ چۆنیەتی یەکگرتنەوە پێ درابوو، یاداشتەکەیان کردووە بە یەک و لەسەر ئەو یاداشتە کار دەکەن و گوڕوتینێکی زۆر هەیە بۆ ئەو بابەتە، لیژنەکانمان زوو زوو کۆ دەبنەوە و جدییەتەکە لای ئەوانیش دەبینین و خەڵکیش ئەو گوڕوتینەیان پێ خۆشە، بۆیە هیوادارم زۆری پێ نەچێت و بتوانین بە زوویی بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵ بین، ئەوەش دەزانین کە یەکگرتنەوەمان دەتوانێ موژدەیەکی باش بێت بۆ خەڵکی کوردستان و کاریگەریی زۆری لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.

* ئەو گرفتانە چین کە پێت وایە دەبن بە لەمپەر لەبەردەم ئەو یەکگرتنەوەیە، لایەنی کەم لەناو حدک کە ئێوە جێگری سکرتێری ئەو حزبەن ئایا کەسانێک هەن کە بیانهەوێ ئەو یەکگرتنەوەیە سەر نەگرێت و لەمپەری بۆ دروست بکەن؟
ئێمە لەمپەرێکی زۆر جدیمان لابردووە، ئەوەی ئێمە قبوڵمان کردووە لەژێر ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا درێژە بە تێکۆشان بدەین، پێم وایە گرفتە سەرەکییەکەی نەهێشتووە، جگە لەوە زۆر ئاساییە دوو کۆمەڵ کە نزیک بە 14 ساڵە دابراوین و بە دوو تێگەیشتن کار دەکەین، ڕەنگە لەبواری سیاسیی و هەندێ بابەتی هاوبەشەوە  جیاوازییەکی ئەوتۆمان نەبێت، بەڵام تێگەیشتنمان لە بەڕێوەبردنی حیزبی و بەیەکەوەچارانی حیزبی و خوێندنەوەمان بۆ ئەو بابەتانە جیاوازی هەیە، بەتایبەت حدکا دوای کۆنگرەی 16 پێکهاتەی حیزبییان گۆڕی، ئەوانە دەتوانن هەموویان گفتوگۆکان قورس بکەن و کات زۆر ببەن، بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە مادام بابەتە سەرەکییەکانمان لەگەڵ یەکتر چارەسەر کردووە و پێداگری هەردوو لامان ئەوەیە لەگەڵ یەکتر ڕێک بکەوین، پێم وایە بەسەر ئەو گرفتانەشدا زاڵ دەبین و کۆسپێکی ئەوەندە جدی نابینم کە بڵێم ئەوەیان دەبێت بە کێشە. بۆیە پڕۆسەکە کەوتووەتە سەر سکە و ڕێگەی خۆی گرتووەتە بەر و گەڕانەوەی بۆ نییە، ڕەنگە بەو خێراییە نەبێت کە خەڵک ئارەزووی دەکەن.

* باس لەوە دەکرێت کە ڕێککەوتوون مستەفا هیجری ببێت بە سکرتێر و خالید عەزیزی جێگری بێت تا کاتێک کۆنگرە دەبەستن، ئایا ئەو ڕێککەوتنە کراوە؟
تا ئێستە بە فەرمی ئەو بابەتەمان باس نەکردوە، لەو ڕەشنووسەی بەیەکەوە ئامادەمان کردووە، باس لە کەسی یەکەم و دووهەمی حزب نەکراوە و تەنانەت لیژنەکانیشمان کە لە گفتوگۆدان، تا ئێستە ئەو بابەتەیان نەخستووەتە بەرباس، کاری یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان هەر ئەو دوو لیژنەیە نایکەن، بەڵکوو سەرجەم ڕێبەرایەتی هەردوولا سەرقاڵی ئەو بابەتەن، ئەو پرسیارە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە خودی کاک خالید کراوە کە ئایا ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە کراوە؟ شتی وا نەبووە، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە ڕێک بکەوین تا بەرەو کۆنگرەیەکی هاوبەش بڕۆین، بۆیە ئاساییە لەبارەی پۆستەکان گفتوگۆ بکەین و بگەینە ڕێککەوتن کە ئەمەش بابەتێکی سروشتییە، بەڵام هەموومان دەزانین لەناو حیزبی دیموکرات بڕیار لای تاک نییە، بەڵکو لای ئۆرگانە، ئۆرگانیش کار و بڕیارەکانی بەکۆمەڵە، بۆیە هەر دەبێ کۆمەڵێک هەبێ کە حیزبی یەکگرتوو بەڕێوە ببات و ئەو کۆمەڵەش لە هەردوو لایەنمان پێک دێت و دەشبێ کەسی یەکەم و گوتەبێژی هەبێت، بەڵام بە فەرمی هیچ باسێک لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە.

* ئەگەر بەو گوڕوتینەی ئێستە ئاماژەت پێ کرد دانوستاندنەکان بچنە پێش، پێت وایە کەی دیموکراتەکان یەک دەگرنەوە؟
ئەگەر بەو ڕەوتەی ئێستە کارەکان بچنە پێشەوە، پێم وا نییە زۆر بخایەنێت، هەرچەند ناتوانم بە دیاریکراوی کاتێکت پێ بدەم و بڵێم ماوەی مانگێک یان سێ مانگ یان هەرچەندێکی تر دەخایەنێت، بەڵام هیوادارم زۆر نەخایەنێت.




وشە - هیدایه‌ت جان