"لە دابەشکردنی کارەبا کەرتی تایبەت بەشدار دەکرێت بەڵام نرخ لەسەر هاووڵاتییان زیاد ناکرێت"

:: PM:12:44:17/10/2020 ‌
ئەندازیار ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ "وشە" باس لەو چاکسازی و هەنگاوانە دەکات کە بۆ رێکخستنی کەرتی کارەبای کوردستان گیراونەتەبەر. ئەو دەڵێت ئەمساڵ دۆخی کارەبای کوردستان لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە لە 17 ساڵی رابردوو باشتر بووە و ئامانجیانە لە زستانی داهاتووشدا بە باشترین ئاستی بگەیەنن. لەو چاوپێکەوتنە تیشک خراوەتە سەر هەنگاوەکانی پێوەری زیرەکی کارەبا و گرنگیی بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لە پرسی دابەشکردنی کارەبا. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا وێڕای ئاماژەکردن بەوەی ساڵانە زیاتر لە ملیارێک دۆلار بۆ  کەرتی کارەبا خەرج دەکرێت، پێداگری لەوە دەکات بەم هەنگاوانەی گرتوویانەتەبەر نرخی کارەبا لەسەر خەڵک زیاد ناکرێت، بەڵام  ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێنەوە و خەرجییەکانی حکوومەتیش کەم دەکرێنەوە.

ئێستە لە وەرزێکداین کەشوهەواکە زۆر گونجاوە، دۆخی کارەبا چۆنە؟

ئەگەر بمانەوێت باسی ئێستە بکەین وردە وردە خواست لەسەر کارەبا کەم دەبێتەوە چونکە بە تایبەتی لە کاتی شەواندا پلەکانی گەرمی زۆر دادەبەزن. بەشێوەیەک لەوانەیە کەمترین ئامێری ساردکەرەوە بەکار بێت. ئەو توانایەی ئێستە بۆ بەرهەمهێنان لە کوردستان هەیە نزیکە لە خواست و جیاوازییەکی زۆری نییە و تەنانەت لە شەودا هەندێک جار تووشی وزەی زیادە دەبین، واتە سەرووی پێداویستی کارەبا بەرهەم دەهێنرێت کە ئەمەش هۆكارەکەی دابەزینی خواستە.

بۆ یەکەم جار لە مێژووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان توانیمان بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەنینە سێ هەزار و 700 مێگاوات
ئێستە تێکڕای دابینکردنی کارەبا چەند سەعاتە؟

تێکڕای کاتەکانی دابینکردنی کارەبا سەرووی 21 سەعاتە و هەندێک جار بۆ 22 و 23 سەعاتیش بەرز بووەتەوە. ئەگەر بۆ هاوین و بەهاری رابردوو بگەڕێینەوە بە گشتی دەتوانین بڵێین دابینکردنی کارەبا لە ئاستێکی باش بووە و لەو کاتەش کە کەرەنتین هەبوو،  تەواوی ئیش و کارەکانی حکوومەت راوەستان و خەڵک لە ماڵەکانیان دەمانەوە، ستافی وەزارەت لە ئیشپێکردنەکان ، چاکسازییەکان ، کۆنترۆڵەکان رووبەڕووی  مەترسی کار و پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس دەبووینەوە، بەڵام نەمانهێشت خزمەتگوزاری کارەبا پەکی بکەوێت و هیچ کێشەیەکی بۆ بێتە کایەوە و تەنانەت تەواوی نەخۆشخانەکان کارەبای هەمیشەییان بۆ دابین کرا، بە تایبەتی سەنتەرەکانی چارەسەرکردنی کۆرۆنا. ماڵەکانیش بۆ ئەوەی لە دۆخێکی دەروونی ئارامدا بژین کارەبایەکی باشمان بۆ دابین کردن . بۆ یەکەم جار لە مێژووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان توانیمان بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەنینە سێ هەزار و 700 مێگاوات  و پێدانی کارەباش بگەیەنینە 21 سەعات، کە لە ساڵی 2003ەوە حاڵەتی وا تۆمار نەکراوە.

توانای بەرهەمهێنان وەک ژێرخان دەگاتە نزیک لە شەش هەزار و 700 مێگاوات
ئەو سەرکەوتنە بۆچی دەگەڕێتەوە بەرهەمهێنانتان زیاد کردووە یان بەکاربردنتان کۆنترۆڵ کردووە؟

پرسی توانای بەرهەمهێنان وەک ژێرخان دەگاتە نزیک لە شەش هەزار و 700 مێگاوات  بە تەواوی وێستگەکان کە ژمارەیان 13 وێستگەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەگەڵ تەواوبوونی وێستگەکان سووتەمەنی پێویست نەگەیشتووەتە وێستگەکان بە تایبەتی غازی سروشتی، بەشێکی زۆر راوەستابوون. بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەمساڵدا بە هۆی دوو شت بوو، یەکەمیان زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و خۆرمەڵە کە بە بڕی نزیکەی 550 مێگاوات کارەبا زیادی کردووە، هاوکات بەگەڕخستنی وێستگەی  هەڵمیی کارەبای خەبات کە بە نەوتی رەش کار دەکات و توانای  بەرهەمهێنانی 300 مێگاوات کارەبای ەەیە. ئیشوکارەکان لەم وێستگەیە وەستابوو، لە مانگی چوارەوە لەگەڵ جەنابی وەزیر لەسەر خەت بووین کە وێستگەی خەبات بەگەڕ بخەینەوە، چونکە زۆر گرنگ بوو، لە لایەک وێستگەکە هی خۆمانە  و وزەکەی ناکڕین و سووتەمەنییەکەشی نەوتی ڕەشە و هەرزانە،  بۆیە بە پاڵپشتی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وێستگەی خەبات بڕیاری لەسەر درا هەر دەبێ تەواو بکرێت و بۆ ئەوەش وەزارەتی ناوخۆ، فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە، تەندروستی، کارەبا . نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق،  لەسەر خەت بوون بۆ ئەوەی لە مانگەکانی پێنج  وشەش بە دووجار  تیمی تەکنیکی کۆرییەکان بهێنینەوە و وێستگەکە بەگەڕ بخەین، لە 14 تەمووزدا وێستگەکە بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆکی حکوومەت کرایەوە.

ئەوانەی لەم وێستگەیە کار دەکەن ستافی ناوخۆن ؟

ئەم ستافە جارێ کۆرین  تا ماوەیەکی تر هەر دەمێننەوە  و هەر کاتێک بە پێی گرێبەست ئیشەکانیان تەواو بوو، ئەوا ئیشپێکردن و چاکسازی وێستگەکە لەڕێی  تەندەرەوە بە کۆمپانیا دەدرێت و بەگەڕخستنی ئەم وێستگەیە ئاسان نییە و پێویستیی  بە پسپۆڕی و توانایەکی تایبەت هەیە.

حکوومەت بە رێژەی 75% پاڵپشتی هاوبەشان لە خزمەتگوزاری کارەبا دەکات بۆ ئەوەی خەرجی لەسەر هاووڵاتی کەم بێت
باست لە ژێرخانی بەرهەمهێنان کرد، بەڵام زۆرترین بەکاربردنی کارەبا چەندە؟

لە کابینەی نوێ کێشەکان ریزبەندی کران و بڕیار درا بە پێی ئەولەوییەت کێشەکانی کارەبا چارەسەر بکرێن. خۆشبەختانە توانرا بە سەرکەوتوویی وێستگەی خەبات ئیشی پێ بکرێت، هاوکات کۆمەڵێک هێڵی 132kv جێبەجێ کران کە رۆڵیان هەبووە لە نەهێشتنی کێشەکانی کارەبا و لە ناو تۆڕەکانی دابەشکردنیش کاری باش لەسەر فیدەرەکان کرا کە کاریگەری زۆر بوو لە چارەسەری بارزۆری و گرفتە تەکنیکییەکان. هەرێمی کوردستان جیاواز لە هەر شوێنێکی تری دنیا زۆرترین بەکاربردنی کارەبا لە وەرزی زستاندایە لە کاتێکدا لە وڵاتان لە هاویندایە. بە داخەوە لە کوردستان زستانان وەک هۆكاری گەرمکردنەوە سوود لە کارەبا وەردەگیرێت کە زۆر هەڵەیە و کارەبا بۆ ئەوە بەرهەم نەهاتووە بۆ گەرمکردنەوە بەکار بهێنرێت، بەڵکو بۆ رووناکی و تەواوی ئامێرە کارەباییەکان و ئامێرەکانی تەکنەلۆجیای سەردەم و کۆمەڵێک بواری ترە. جگە لەمە گریمان توانای خەڵک زۆر باش بوو لە کڕینی کارەبا و حکوومەتیش لە رووی تەکنیکییەوە و دابینکردنی هیچ کێشەیەکی نەبوو، بەڵام دیسان هەر هەڵەیە چونکە ئابووری نییە و وەک ئەوە وایە شتێک لە بازاڕ هەبێت و بە پێنج تا حەوت هێندە گرانتر بیکڕی. حکوومەت بە رێژەی 75% پاڵپشتی هاوبەشان لە خزمەتگوزاری کارەبا دەکات بۆ ئەوەی خەرجی لەسەر هاووڵاتی کەم بێت، بۆیەش ناکرێ ئەم کارەبایەی ئەو هەمووە خەرجییەی لێ کراوە، بەم شێوە هەڵەیە خەرج بکرێت، ئەمە زیان بە حکوومەت و ئابووری وڵات دەگەیەنێت.
ملیۆنێک و 640 هەزار هاوبەش هەیە و 335 هەزار پێوەری زیرەک دانراوە

ئەدی بۆ کۆنترۆڵکردنی خواست و بەکاربردن چیتان کردووە؟

کۆنترۆكردنی خواست زۆر پێویستە  و کۆنترۆڵکردنی خواست پێویستییەکی هەنووکەییە، چونکە 35% لە کارەبای هەرێم زیادەڕۆیی کراوەتە سەر و دەبێت بیگێڕینەوە. دووەم دەبێ کارەبا لە بەشێوەیەکی دروست و شیاو بە سروشتی وەزیفەی خۆی سوودی لێ وەرگیرێت و داهاتیش دیار بێت . هیچ سیستمێکی ئابووری  و هیچ وڵاتێک ناتوانێت ئەمە تەحەمول بکات، بۆیەش دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی پێوەری زیرەکی کارەبا. ملیۆنێک و 640 هەزار هاوبەش هەیە و 335 هەزار  پێوەری زیرەک دانراوە،  بەداخەوە کەرەنتین کاریگەری هەبوو لە سەر ڕاوەستانی کارەکانی پڕۆژەکە، ئەگەرنا ئێستە گەیشتبووە 500 هەزار هاوبەش و زیاتر. سنووردارکردنی بەکاربردنی نایاسایی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری ئامانجەکەیە.

لەو 340 هەزارەی پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە توانراوە کۆنترۆڵی کارەبا بکرێت؟

جارێ لە پڕۆسەکەداین کە یەکەمیان دانانی پێوەری زیرەکە. دواتر لینکینگ و سنووردار کردنە. لە زستانی داهاتوودا لەوانەیە بگەینە 400 هەزار هاوبەش کە پێوەری زیرەکی بۆ دادەنرێت، ئەمەش چارەگی هاوبەشانی هەرێم کۆنترۆڵ دەکات. ئەوکات دەست بە قۆناغێکی تر دەکەین  بۆ ئەوەی سوودمەند بین لە دوو شت، یەکەمیان ئەو بەشەی کە ئەکتیڤی  دەکەین، ئەوا سەرپێچی و زێدەڕۆیی نامێنێت. دووەم سنوورداری دەکەین کە سووتانی محەویلە و کێشەکانی تر چارەسەر دەکات . لەو ژمارەیەی پرۆسەی ئەکتیڤ کردنەکە جێبەجێ دەکەین  گرفتەکانی دەزانین و چارەسەریان دەکەین و  دەبێتە نموونە و ئەزموون بۆ سێ چارەگەکەی تر و لەوێ هەڵەکان دووبارە ناکەینەوە. وەک چۆن هاوینی ئەمساڵ لە هاوینی 17 ساڵی رابردوو باشتر بوو، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و خۆمان بە خۆشبەخت دەزانین کە خزمەتکاری خەڵکی خۆمانین و  ئامانجمانە زستانی ئەمساڵیش لە زستانی ساڵانی رابردوو باشتر بێت .

خەرجی ئێمە لە ساڵێکدا ملیارێک دۆلار تێپەڕ دەکات.
دیارە ساڵانە چ بڕە پارەیەک لە کارەبا خەرج دەکرێت؟

بودجەمان نییە  و بە پێی ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستدا بووە گۆڕینی وێستگەیەک هەندێک جار 25 بۆ 30 ملیۆن دۆلاری تێچووە، هێڵێک شەش تا حەوت  ملیۆن دۆلاری تێدەچێت یان تۆڕێکی دابەشکردن چەندان ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بۆیە بودجە ی دیاریکراو نەبووە. ساڵانە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار تەنیا بە کڕینی وزە دەدەین و خەرجییەکانی تر لەولا بوەستێت، بە گشتی خەرجی ئێمە لە ساڵێکدا ملیارێک دۆلار تێپەڕ دەکات. هەندێک ساڵ کە پڕۆژەی جیاواز جێبەجێ کراون خەرجییەکان دوو ملیاریشی تێپەڕ کردووە . بۆ نموونە لە ساڵی 2013دا سێ ملیار و 650 ملیۆن دۆلارمان خەرج کردووە و ژێرخانی کارەبامان بۆ بەهێز کردووە.

80%ی ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پشت بە وەبەرهێنەر و کەرتی تایبەت دەبەستێت.
لە کەرتی کارەبای کوردستان کە کەرتێکی حکوومی بووە، کەرتی تایبەتیش خەریکە رۆڵی زیاتر دەبێت، ئێستە پشکی کەرتی تایبەت لە کەرتی کارەبای هەرێم لە چ سێکتەرێکە و چەندە؟ 

80%ی ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پشت بە وەبەرهێنەر و کەرتی تایبەت دەبەستێت. بەشدارکردنی کەرتی تایبەت لە سێکتەری دابەشکردنی کارەبا ئێستە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت  و  لە سەروبەندی کۆتاهێنان بە ئیشەکانیەتی و بڕیار وایە لە ساڵی ئایندەدا کەرتی تایبەت بەشداری پێ بکەین بە شێوەی PPP واتە PUBLIC-PRIVATE-PARTNERSHIP  کە هاوبەش پێکردنی کەرتی تایبەتە لەگەڵ کەرتی گشتیدا. ئامانجەکە ئەوەیە کەرتی تایبەت تەواوکەر و هاوکاری گەیاندنی خزمەتگوزاری کارەبا بن لەگەڵ حکوومەتدا، پلانەکە وایە زۆرترین خزمەتگوزاری بدرێتە هاوبەشەکان و خەرجییەکانی حکوومەتیش کەم  بکاتەوە، ئەزموونی وڵاتانی تر سەلماندوویەتی ئەمە باشترین رێیە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بە داخەوە هەرێمی کوردستان لە دواوەی وڵاتانە لە بەشدار پێکردنی کەرتی تایبەت لە کایەکانی خزمەتگوزاری. گرینگییەکە لەوەدایە حکوومەتی هەرێم بە هەمانشێوەی رابردوو 75% پاڵپشتی کەرتەکە دەکات واتە نرخ ناگۆڕێت، هاوبەشەکان لەلایەک نرخی کارەبا لەسەریان گران نابێت  و خزمەتگوزاری زیاتریان پێشکەش دەکرێت، لەلاکی تریشەوە حکوومەت خەرجییەکانی کەم دەبێتەوە.

حکوومەت خۆی نەیدەتوانی ئەم کارە بکات؟

ئەم پرسیارە زۆر جار کراوە، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە هەندێک سەرمایە پێویست بووە کە حکوومەت نەیتوانیوە دابینی بکات، بەڵام ئێستە ئێمە پێویستیمان بەوەیە خەرجی کەم بکەینەوە کەواتە خەرجی چۆن کەم بکەینەوە ئێمە سەرمایە و بودجەمان لە بەردەستدا نییە لە پڕۆژەکانی خەرج بکەین  و ئەوان دێن سەرمایە دێنن، ئیدارەی ئیشەکە دەکەن  و دواجار ئەوانیش لە داهات شایستە داراییەکانی خۆیان وەردەگرن و حکوومەتیش خەرجییەکانی دادەبەزێت. 

بەڵام خەڵک ترسی لەوە هەیە  ئەگەر خزمەتگوزاری بۆ کەرتی تایبەت گواسترایەوە، خەرجییەکانیان زیاد بکات و لەسەریان گران بکرێت؟

ئەگەر حکوومەت بیەوێت نرخ زیاد بکات خۆی زیادی دەکات و بە کەرتی تایبەت زیادی ناکات. وەک ئاگادارن  لە ناو پڕۆسەی چاکسازی لە گومرک  و باج و بواری تر کۆمەڵیک هەنگاو نراوە، لە کارەبادا حکوومەت ئامانجیەتی زیاتر بتوانێت خزمەتی هاووڵاتییان بکات  و بەم شێوەیە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکە بەردەوام بێت و نرخی لەسەر زیاد نەکات. ئامانجی حکوومەت بە هیچ شێوەیەک گرانکردنی نرخ لەسەر هاووڵاتییان نییە.  لەو ماستەرپلانەی لە رابردوودا هەمانبووە تووشی چەندان گرفت بووین، لە 2014ەوە تووشی قەیرانی دارایی بووین، خەریک بوو دیسان دۆخەکە باش دەبوو قەیرانێکی تر هاتە پێشەوە کە قەیرانی دارایی،  مووچە و ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە لەمپەر بوون لە چارەسەری بنەڕەتی گرفتی کارەبا و گەیاندنی بە 24 سەعات. نرخ جێگیرە بەڵام خزمەتگوازرییەکە پەرەی پێ دەدرێت. کۆنترۆڵ و چاودێری لە لایەن حکوومەتەوەیە لە ناو پڕۆسێسی گرێبەستەکە کە وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیاکان دەیکات پێداگری لە جێگیرکردنی نرخ و بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان کراوە.

باسی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبات کرد، بەڵام گواستنەوە خۆی لایەنێکی گرنگە و لەوانەیە بەشێک لە تۆڕەکان کۆن بن و کێشەیان هەبێت بۆ ئەو بەشە چیتان کردووە؟

ئێمە کێشەکەمان لە بەکارهێنان بووە کە ناسروشتییە. ساڵانە لە وەرزی زستان نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار تەنیا لە دانانی محەویلە و دامەزراوەکانی کارەبا کە زیانی پێ دەگات خەرج کراوە، ئەو پارانە ئەگەر بگەڕێنەوە دەکرێ بۆ پڕۆژە و شتی تر خەرج بکرێن. گرفتەکە تەنیا لەوە نییە محەویلەکان سووتاون، بەڵکو ئەو  گەڕەک و ناوچەیە چەندان رۆژ بێ کارەبا بوون  و خزمەتگوزارییەکە نەگەیشتووە پێیان، هەموو ئەوانە تاوتوێی کراوە، بۆیەش بەو دەرەنجامە گەیشتووین کۆنترۆڵی خواست بکرێ ئەگەر ئەم بەشە چاک بوو ئۆتۆماتیکی کێشەکانی پێوەندیدار بە گواستنەوەش کەم دەبنەوە و ئەو پاڵەپەستۆیەی لەسەر نامێنێت تا بەهۆیەوە محەویلەکان بسووتێن و بەردەوام پارەیان لێ خەرج بکرێت. ئەگەر تۆڕەکە و محاویلەکانیش زۆر نوێ بن، بەڵام بە خراپ بەکار بهێنرێت و پاڵەپەستۆیان لەسەر بێت، دواجار هەر دەسووتێن. کەوایە دەبێ کێشەکە لە شوێنێکی تر چارەسەر بکرێت کە دابەشکردنی کارەبایە.

بەتەمان هەموو سەرچاوەکانی وزە بۆ گازی سروشتی بگۆڕن؟ 

وەک باسم کرد ئەگەر بە گازوایل لە بەرهەمهێنانی کارەبا بەردەوام بووینایە، خەرجییەکان  پێنج هێندە زیاتر دەبوون بۆ هەمان ئاستی خزمەتگوزاری، بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی ئەو خەرجییانەمان کەم کردووەتەوە و پارەیەکی زۆر بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە. جەنابی  سەرۆک وەزیران خۆی تێگەیشتنێکی زۆر باشی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی وزە لە هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی وەزارەتە بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا بیر لە زیادکردنی بەرهەم و چاکسازی لە سیستمەکە لە رووی تەکنیکی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بکرێتەوە.

ئێستە ئەم خەرجییانە بۆ نیوە کەم کراونەتەوە.
 لەو گرێبەستانەی لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کردووتانە، چۆن رەچاوی ئەوەتان کردووە حکوومەت تەنیا پارەی ئەو کارەبایە بدات کە لە وێستگەکان وەری دەگرێت نەک ئەوەی چ بڕێک بەرهەم دەهێنن.؟

ئێستە شەوانە لە نێوان 500 بۆ هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانمان زیادەیە و دەبێ ئەو یەکەیە بکوژێنێتەوە خۆی وزە پاشەکوت ناکرێت بۆ کاتێکی تر، بەڵام پێم وایە مەبەستت لە پرسیارەکە ئەوەیە وێستگەیەک کە کارەبای لێ دەکڕین ئەگەر نەمانتوانی لێی بکڕین، ئیلتزام چییە. ئەمەش لە چاکسازیی حکوومەتدا چارەسەر کراوە. جاران ئەوەندەی ئیش بەو بەرهەمە لە کارەبایە دەکرا، دەبوو پارە بدرێت و ئەگەر ئیشیشت پێ نەکردایە یان بەکاریشت نەبردایە هەر دەبوو پارە بدەی. بەڵام ئێستە ئەم خەرجییانە بۆ نیوە کەم کراونەتەوە.

لە داهاتوودا ئامانجتان ئەوەیە بەرهەم و خواست بگاتە یەکتر، بەڵام ئەوکات موەلیدەکان زیادە دەبن، بۆ چارەسەری ئەم پرسە چ پلانێکتان هەیە؟

خۆی راستییەكەی کارەبا کە بوو بە 24 سەعات لە ئایندەدا پێویستییەک بە موەلیدە نامێنێت. سوپاسمان کردوون کە هاوکاری حکوومەت بوون هەرچەندە راستە ئەوانیش سوودمەند بوون و کاسبیان کردووە، بەڵام هاوکار بوون و هەرچەندە حکوومەتیش بە گازوایل هاوکاری کردوون و تەواوکاری گەیاندنی خزمەتگوزاری حکوومەت بوون. لە داهاتوودا ئەم پرسە یەکە ئیدارییەکان و ئەم خاوەن موەلیدانە گفتوگۆ دەکەن و  ئەم بابەتە لەوانەیە زوو بێت بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بکرێت. 
  


وشە - سلێمان تاشان