دوای لابردنی سزاكان.. چین دەبێتە سەرچاوەی چەكی تاران

:: PM:06:56:20/10/2020 ‌

دوای ئەوەی قەدەغەی كڕین و فرۆشتنی چەك بەسەر ئێران لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە نوێ نەكرایەوە، ئێستە ئەمەریكا تەواوی دەسەڵاتەكانی بۆ رێگرتن لە مامەڵكردنی كڕین و فرۆشتنی چەك لەلایەن تاران بەكاردێنێت، هاوكات ئێران هەوڵی بەدەستهێنان و كڕینی چەكی نوێ بەهەر شێوەیەك دەدات، بۆ نوێكردنەوەی چەكە كۆن و بەسەرچووەكانی.
جیا لە سزاكانی ئەمەریكا خواستەكەی ئێران رووبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەبێتەوە
تاران ئاماژە دەكات كە پەلە ناكات بەر لە دەست پێكردنی گرێبەستی كڕینی چەك، بەڵام زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن نیازی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دۆست كۆ ببێتەوە بۆ واژووكردنی گرێبەستی كڕینی چەكی پێشكەوتوو، بەوەیش ئێران هەوڵی سووڕانەوە لە سزاكانی ئەمەریكا دەدات، بۆیە ئێران تەنیا چینی بەدەستەوەیە بۆكڕینی چەك، كە گفتوگۆكانی هەردوو وڵات لەبارەی كڕینی چەك بۆ رێككەوتنێكی 25 ساڵە دەگەڕێتەوە، كاتێك بەپێی رێككەوتنەكە تەكنۆلۆجیا و چەكی چینی لە ئێران بڵاو دەكرێتەوە، كە پێشتر لە كۆریا بەكار هاتووە، وەك سەرچاوەیەك بۆ ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایس"، ئاماژەی كردووە. 

بەپێی زانیارییەكان دەبێ ئێران مووشەكی بالیستی وەك مووشەكی "هواسۆنگ-12"ی دەست بكەوێت، كە مەوداكەی 4500 كیلۆمەترە، جیا لە پەرەسەندنی بزوێنەری مووشەكی كیشوەربڕ و پەرەپێدانی بزوێنەری كاركردوو بە سووتەمەنی شل بۆ مووشەكی هەڵدانی مانگی دەستكرد بۆ بۆشایی ئاسمان، بۆ ئەو گرێبەستانەیش ئێران بە شێوەی نەوت بەرانبەر بە چەك بەكار دێنێت، لەوكاتەی چین هەولی بەهێزكردنی پێوەندییەكی سێقۆڵی پەكین و تاران و بیۆنگیانگ دەدات و لەو رێككەوتنە كۆریای باكور دەبێتە بریكاری چین بۆ خۆپاراستن لە سزاكانی ئەمەریكا یان هەر سزایەكی نێودەوڵەتی ئەگەر بێتە سەپاندن. 

ئێران كە دۆخی بژێوی خەڵكەكەی باش نییە، وای دەبینێ كە كۆتاهاتنی قەدەغەی نێودەوڵەتی بەسەر چەكەكەی واتە توانای كڕینی چەكی پێشكەوتووی وەك فڕۆكە و كەشتی و تانگ و تۆپ و مووشەك و سیستمی دژە فڕۆكەی دەبێت، بەڵام دوور لە سزاكانی ئەمەریكا، ئەو خواستەی رووبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەبێتەوە، كە ئەگەر بەشێكی جبەخانەكانیشی نوێ بكاتەوە، مانای ئەوە ناگەیەنێ دەتوانێ رووبەڕووی نەیارانی ببێتەوە، بۆیە بژارەكانی پێشی سنووردارن و فرۆشیارانیش هیچ شتێكی بێ بەرانبەر پێ نادەن.

بەپێی داتای پەیمانگە نێودەوڵەتییەكان، چەكەكانی ئێران بۆ سەردەمی پێش 1979 دەگەڕێتەوە و بودجەی تەرخانكراو بۆ بەرگری 2.7%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆییە، ژمارەی سەربازانی سوپای ئێران زیاتر لە 560 هەزار كەسە، 120 هەزاریان پاسدارن و 40 هەزاریش نیوچە سەربازی، ئێران خاوەنی 1513 تانك و 640 زریپۆش و 217 هەلیكۆپتەر و 6798 تۆپ و 500 مووشەكی بالیستی نزیك مەودا و 100 مووشەكی ناوەند مەودا 514 مووشەكی زەوی ئاسمان و 334 فڕۆكەی جەنگی و 21 ژێر دەریایی و 260 كەشتی سەربازی جیاوازە.
  
لەبەرانبەر بەو هەوڵانەی ئێران ئەمەریكا رای گەیاند كە هەموو دەسەڵاتی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كڕینی چەك لەلایەن ئێران پیادە دەكات، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا چوار كۆمپانیای چینی و دوو سەرمایەدار و دوو كۆمپانیا كە لە بنەڕەتدا چینی نین و تەنیا مۆڵەتی كاركردنیان لە چین پێ دراوە، بەهۆی هاوكاری كۆمپانیایەكی كەشتیوانی ئێران، دەخرێنە ناو لیستی رەشەوە.
جیا لەوەیش ئەمەریكا بەنیازە لە كۆتای ئەم مانگە سزای زیاتر بەسەر ئێران بسەپێنێ، كاتێك دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا مامەڵەكردن لەگەڵ تاران توندتر دكات، كاتێك ئەلیوت ئەبرامز، نوێنەری ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران ئاماژەی كرد كە لە كۆتای ئەم مانگە سزای زیاتر بەسەر ئێران دەسەپێنین.

بەمدواییە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە هەر مامەڵەیەكی فرۆشتنی چەك بە ئێران سزای بەدواوەیە، ئەوەیش دوای ئەوەی تاران دووپاتی كردەوە كە گەمارۆی كڕین و فرۆشتنی چەكی ئاسایی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر لاچووە. 

پۆمپیۆ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، هەناردنی چەكی ئاسایی بۆ ئێران، پێشێلكردنی بڕیاری ژمارە 1929ی ئەنجوومەنی ئاسایشە، هەروەها كڕینی چەك و تەقەمەنی لە ئێران پێشێلكردنی بڕیاری ژمارە 1747ی ئەنجوومەنی ئاسایشە، بۆیە ئەمەریكا ئامادەیە بۆ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسایەتی و قەوارەیەك بەشداری بكات بە كڕین و فرۆشتنی چەك یان گواستنەوەی چەك بۆ ئێران و لە ئێرانەوە، هەروەها ئەوانەیش كە مەشق و پاڵپشتی دارایی و خزمەتگوزاری و یارمەتی تر پێوەست بەو چەكانە پێشكەیش تاران دەكەن.  

پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە، پێدانی چەك بە ئێران دەبێتە زیادكردنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و گەیاندنی چەكی مەترسیدارتر بە دەستی گرووپە تیرۆریستی و میلیشیاكان، ئەوەیش هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و وڵاتانی تری ئاشتیخواز زیاتر دەكات، بۆیە هەر وڵاتێك ئەو گەمارۆیە بشكێنێت، زیادكردنی ململانێكان و ئاڵۆزی لە ناوچەكە لەبری بەهێزكردنی ئاشتی و تەناهی هەڵدەبژێرێت.

پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە فرۆشتنی چەك بە ئێران كاریگەری بۆ سەر گەلی ئێرانیش هەیە، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی رژێمی ئەو وڵاتە پارەی دەوڵەت لە گەلی ئێران دووربخاتەوە و بۆ ئامانجی سەربازی بەكاری بێنێت، ئەمەریكا خوازیاری ئاشتییە لەگەڵ ئێران و هیواخوازە ئەو رۆژە بێ و سەرانی ئەو وڵاتە واز لە خەونەكانیان بێنن بە هەناردەكردنی شۆڕش، ئەوكات هاوبەشێكی پێشوازیكار و دەستكراوە لە واشنتن دەدۆزنەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل