وەزارەتى بازرگانى عێراق ڕ‌ازى بووه کە هەفتەى داهاتوو نیوەى پارەى قەرزى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان ڕەوانە بکات. ئەندامێکى لێژنەى ئابوورى پەرلەمانى عێراق له‌وباره‌یه‌وه زانیارى زیاتر ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 15ى كانوونى دووه‌م، دكتۆر مەیادە نەجاڕ، ئەندامى لێژنەى ئابوورى و وەبەرهێنانى پەرلەمانى عێراق به "وشه"ى ڕاگەیاند، "دواى هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆرى ئەندامانى کوردى پەرلەمانى عێراق، بۆ گەڕاندنەوەى قەرزى گەنمى جووتیارانى کوردستان، لە ئەنجام توانیمان وەزارەتى بازرگانى عێراق ڕ‌ازى بکەین لەسەر ناردنى شایستە داراییەکانى جووتیارانى کوردستان بۆ ساڵەکانى (2014- 2015- 2016)".
زیاتر گوتى، "وەزارەتى بازرگانى عێراق بڕیاریداوە له هەفتەى داهاتووه‌وه بڕى 266 ملیار دینارى عێراقى ڕەوانەى هەرێمى کوردستان بکات، کە دەکاتە نیوەى ئەو قەرزەى جووتیارانى کوردستان لاى حکوومەتى ناوەند کەڵەکە بووە".
ڕوونى كرده‌وه، "لە هەوڵى ئەوەداین ئەو بڕە پارەى تریش کە وەکو قەرز لاى حکوومەتى ناوەند ماوەتەوە لە نزیکترین کات بۆ جووتیارانى هه‌رێمى کوردستان بگەڕێنینه‌وه، چونکە ماوەى شەش ساڵە جووتیارانى هه‌رێمى کوردستان لە چاوەڕوانى وەرگرتنى ئەو بڕە پارەیەدان کە بەرى ڕەنج و ماندوبوونى خۆیانە".
شایه‌نى باسه ساڵى ڕابردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ جووتیارانی به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌نم، ئاشه‌كانی ناوخۆ 20 هه‌زار تۆن گه‌نمیان له جووتیارانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كڕییه‌وه تا له ساغنه‌كردنه‌وه‌ی گه‌نمه‌كانیان زیان نه‌كه‌ن.