هەرێمی كوردستان بەرهەمی كشتوكاڵی و باخداری هەناردەی وڵاتان دەكات

:: PM:08:46:17/01/2021 ‌

 كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی كاریدایە سەرچاوەكانی داهات فرەجۆر بكات و هەنگاوەكانی دەستیان پێ كردووە، وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێ پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی دەكەن و پلانیان هەیە بەرهەمی كشتوكاڵ هەناردەی دەرەوە بكەن، جووتیارانیش دڵیان بەوە خۆشە كە حكوومەت بەرنامەی هەیە هاوكاریان بێت.

خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی شارەزوور، بە "وشە"ی گوت، ئاواتی گەورەی جووتیاران ئەوەیە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان بەبازاڕ بكرێت، بەرهەمی كوردستان لە بۆن و تام و جۆرەكەی زۆر باشە و دەتوانرێ بكرێتە براندێكی گرنگ لە بازاڕەكانی جیهاندا، بۆیە دڵمان بە پلانەكانی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیران خۆشە بەوەی دەیەوێ كشتوكاڵی كوردستان پەرە پێ بدا و بە بازاڕی بكات.

 زیاتر گوتی، پێویستە بەرهەمی كشتوكاڵی بە كۆمپانیاكان بدرێت، لەوەی كاتێك بۆ بازاڕەكان دەنێردرێت، بارهەڵگری تایبەت بە گواستنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی بۆ دابین بكات، بۆ نموونە ئەمساڵ لەسەر ئاستی دەشتی شارەزوور، پەتاتە درا بوو بە كۆمپانیایەك لەكاتی هەڵكەندنی پەتاتەكە بارهەڵگرەكە دەهاتە سەر زەوییەكە و راستەوخۆ پەتاتەكەی دەبرد، پارەیەكی باشیشی بە جووتیاران دەدا و بۆ ئەمسال بەرهەمی زیاتری پەتاتە دەچێندرێت و دەدرێت بە هەمان كۆمپانیا بۆ كارگەی جبسی پەتاتە.

"بۆ ئەمساڵ جووتیاران دڵیان بە چاندنی بەرووبوومەكانیان خۆشە، بەوەی حكوومەت بازاڕی دەرەوە بۆ بەرهەمەكانمان بدۆزێتەوە، لە رێگەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی ساردكەرەوە بەرهەمەكانمان بگاتە وڵاتان، بەرهەمی كشتوكاڵی ئێمە بگاتە بازاڕەكانی جیهان دەتوانین بڵێن دەبێتە براندێكی باشی بازاڕەكانی وڵاتانی ئەوروپا"، خەسرەو جاف وای گوت.
بەرهەمی كشتوكاڵی هەرێم بگاتە بازاڕەكانی جیهان دەبێتە براندێكی باش
 فەرەیدون نامدار، بازرگانی ناردنی بەرهەمی كشتوكاڵی بۆ دەرەوەی وڵات بە "وشە"ی راگەیاند، كارمان لەسەر ئەوە كردووە بۆ ئەمساڵ بەرهەمی كشتوكاڵی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بكەین، لە تەماتە و پەتاتە و بنێشتی كوردی و شووتی و كاڵەك و گوێزی هەورامان و ترێی رەش و سێو، بۆیە نموونەمان ناردووە بۆ دەرەوەی وڵات و داواكاریمان بۆ هاتووەتەوە و داوایان كردووە بەرهەمی كشتوكاڵییەكانیان بۆ بنێرن.

روونی كردەوە، داوا لە جەنابی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری كشتوكاڵ دەكەین، هاوكارمان بن لەوەی كارئاسانیمان بۆ بكەن لە هەناردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان بۆ وڵاتان، چونكە ئێستە خواستێكی زۆر لە لایەن بازاڕەكانی بەریتانیا و سوید و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی تر لەسەر بەرهەمی كشتوكاڵی كوردستان هەیە، بۆیە بە قسەكردن لەگەڵ كونسوڵخانەی وڵاتان، كارئاسانیمان بۆ بكەن تا بە كەمترین تێچوو بەرهەمەكانمان بگەیەنینە ئەوێ، لە توركیاوە بە چوار هەزار دۆلار بارێك دەگاتە ئەوروپا، بەڵام ئێمە بە 12 هەزار دۆلار، ئەوەیش تێچووێكی زۆرە.

بۆ ساڵی 2020 لە بەرهەمی هەناری كوردستان 160 تۆنمان بۆ ئەڵمانیا و بەریتانیا و سوید و فینلەندا ناردووە و لە بازاڕی ئەو وڵاتانە پێشوازییەكی گەرم لەو هەنارە كرا، بۆیە دەیكەینە براندێكی گرنگ و پارەیەكی باش دەكات، دوو ساردخانەمان بنیات ناوە بۆ ئەمساڵ بەرهەمی زیاتری هەنار لە جووتیاران دەكڕینەوە و دەینێرینە بازاڕەكانی ئەوروپا.

"بازرگانییەكی گرنگ دەبێت بە هەناردەكردنی هەنار بۆ وڵاتان، بۆ نموونە بەس هەڵەبجە لە ساڵی رابردوو 35 ملیۆن كیلۆ هەناری هەبووە، هەڵەبجە تەنیا پێنج ملیۆن كیلۆی بنێرنە دەرەوەی وڵات و كیلۆی دوو یۆرۆ بكات، 10 ملیۆن یۆرۆ دێتەوە بۆ كوردستان"، فەرەیدون نامدار وای گوت.

حوسێن حمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، سیاسەتی حكوومەت پارێزگاریكردنە لە بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆیی و بەردەوام كاری لەسەر دەكرێت، یەكەم لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی خۆمان، بە تەواوەتی ئەو مادانەی بەرهەمی كشتوكاڵ هاوردەكردنیان قەدەغە دەكەین، بەرنامەی دووەم ئەوەیە بەرهەمی كشتوكاڵی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا وڵاتانی كەنداو بكەین، وەك ئەمساڵ هەنار هەناردەی چەند وڵاتێكی ئەوروپی و عەرەبی كرا، پاشان لە ناوخۆدا بە پیشەسازی بكەین.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، هەروەها بەرهەمی كشتوكاڵی بۆ پارێزگاكانی عێراق هەناردە دەكەین، چونكە بەرهەمی ئەوان پێش پێگەیشتنی بەرهەمی كشتوكاڵی ئێمە پێ دەكات، بۆیە لەوكاتە دەمانەوێ بەرهەمی كشتوكاڵی كوردستان بازاڕەكانی عێراق پڕ بكاتەوە. 

 

روونی كردەوە، لەگەڵ تەواوی كارگەكانی دۆشاوی تەماتە رێككەوتنێك واژوو كراوە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتە، تەماتەی جووتیارانی كوردستان بكەن بە دۆشاو و بەپێ نرخی رۆژ لەگەڵ جووتیاراندا رێك بكەون.

"ئەمساڵ بەرهەمی هەنارمان هەناردەی چەند وڵاتێكی ئەوروپی كردووە، دەشمانەوێ بەرهەمەكانی تری كشتوكاڵی هەناردەی بازاڕەكانی ئەوروپا و وڵاتانی كەنداو بكەین، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق قسەمان كردووە بڕوانامەی تەندروستیمان پێ بدات، لێكتێگەیشتن لەوبارەوە دروست بووە لەنێوان هەردوو وەزارەت، هەروەها لە دەستەی وەبەرهێنان چەند پڕۆژەیەك راگەیەندراوە بۆ بە پیشەسازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان"، حوسێن حمەكەریم وای گوت.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل