پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە لە هەولێر جێبەجێ‌ دەكرێت

:: AM:09:04:21/01/2021 ‌
پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە لە هەولێر بۆ منداڵانی بێ‌ كەسوكار جێبەجێ‌ دەكرێت، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر دەڵێت، ئەو پڕۆژەیە بە چەند قۆناغێك دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی كانوونی دووەم، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە هەولێر پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە جێبەجێ‌ دەكرێت و بە پێی ئەم پڕۆژەیە باشترین شوێن بۆ بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵ، خێزانە. 

بەڕێوەبەری گشتی گوتی، لەو پڕۆژەیە ئەگەر منداڵێك بێ سەرپەرشت بێت، دەبێ خێزانێكی تر ئەو منداڵە لەخۆ بگرێت.

باسی لەوەش كرد، بەپێی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە لە قۆناغی یەكەم كە شەش مانگ دەخایەنێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، هەڵدەستێت بە دابینكردنی شوێن و ستافی پێویست بۆ خێزانی جێگرەوە بە شێوەیەك ستافەكە لە 32 خولی ڕاهێنان بەشدار دەبن.

ڕوونی كردەوە، لە قۆناغی دووەم ئەم خێزانانە وەردەگیرێن كە داوای لە خۆگرتنی منداڵی بێ سەرپەرشت پێشكەش دەكەن و چەندان خولی ڕاهێنانیان بۆ دەكرێتەوە، هەروەها لە قۆناغی كۆتایی هەڵسەنگاندنی ورد بۆ خێزانەكان و منداڵەكان دەكرێت، بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت كامە خێزان دەتوانێت كامە منداڵ لە خۆ بگرێت.

ئەو پڕۆژەیە پێشتر لە شاری سلێمانی لە ساڵی 2020 دەست كراوە بە جێبەجێكردنی و چەندان منداڵی بێ‌ سەرپەرشت خێزانی جێگرەوەیان بۆ دیاری كراوە.



وشە - رامیار جەواد